ژن لە میژووی کوردستاندا .. لە زەمانی مادەکاندا ژنانی کورد دەستەڵاتیان هەبووە توێژینەوە

نووسین و لێکۆڵینەوە: ئارێز ئەندەریاری

arezandaryari@gmail.com

ژنان و پیاوان لە دیرۆکی کوردستاندا خاوەن پێگەیەکی بەرانبەر بوون. لە ئایین زەردەشتی دا؛ هەر مرۆڤێک خاوەن زانست و ڕەوشتی باش بێت؛ شایەنی ڕێزە. بە پێی باوەڕییەکانی زەردەشتی؛ لە دەستپێکی ئافەرینشدا بە خواستی ئاهوورامەزدا؛ لە ڕۆژی میهر لە مانگی میهر دوو چووزە ” ڕێواس”ی لێک ئاڵاو لە خاک سەریان دەرهێنا و شێوەی ئەو ڕێواسانە هێدی هێدی گۆڕدرا بە ڕۆخساری دوو مرۆڤ کە لە باڵا و ڕۆخساردا هاوشێوەی یەکتر بوون؛ یەکیان نێر بە ناوی ” مەشیە” و ئەویتریان مێ بە ناوی” مەشیانە”.

لە کتێبی بۆندەهێشن (1) “Bundahishn” بەشی ١٥دا هاتووە: ئەوکات ئاهوورامەزدا کە پێشتر” گیان”ی ئافراندبوو خستیە لاشەی مەشیە و مەشیانە و گیانی پێیان بەخشی. و دوواتر بەوانی گوت: ئێوە دایک و باوکی خەڵکانی زەوینن. ئێوەم بە پاکی و تەواوەتی ئافراند. هەردووکتان هزری ڕوون و کرداری باشە بکەنە پیشە؛ خۆتان لە دێوەکان بەدوور بگرن. دوواتر مەشیە و مەشیانە لە جێی خۆیان کەوتنە جووڵە، و خۆیان شت، و یەکەم وتەیەک هاتە سەر زمانیان ئەوە بوو؛ “ئاهوورامەزدا تاقانەیە. ئەو ئافرێنەری مانگ و ڕۆژ و ئەستێرەکان و ئاسمان و ئاو و خاک و ڕۆەکە گیاندارەکانە”.

هەروەک لە ئایینی مەزدەیەسنی دا کە باوەڕیەکانی زەردەشتیەکان لەسەری بنیادنراوە، ژن و پیاو هەردووکیان لە یەک ڕێشەوە دەڕوێن و پێکەوە لە زەوی سەر دەردێنن و بە شێوەیەکی هاوبەش گەشە دەکەن، ئاهوورامەزدا وەک یەک ناویان لێدەبات و ڕێنوێنی هاوبەشیان بۆ دیاری دەکات. ئەو دووانە دووای داننان بە تاقانە بوونی ئاهوورامەزدا، ئەم وتانەیان هێنایە زمان: ” هەرکامە لە ئێمە پێویستە ڕەزامەندی، دڵگەرمی و سۆز و خۆشەویستی بۆ ئەویتر فەراهەم بکات”. لەم وتەیەدا دەردەکەوێت کە هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێک نییە لە نێوان ژن و پیاو لە ئایینی زەردەشتی دا و هەرووکیان لە ڕووانگەی ئافرێنەرەوە یەکسان و بەرانبەرن. کەسێیەتی ژن لە ئایینی زەردەشتی دا، نە تەنیا لە دەستپێکی جیهان لەگەڵ پیاو بەرانبەرە لە کۆتاییشدا ژن و پیاو بەرانبەر و یەکسانن.

پێگەی ژن چ لە دەورانی کۆن و چ لە کاتی زەردەشت و دووای ئەویش، لە کۆمەڵگەکانی کوردەستاندا لە ئاستی رێز و حورمەت دا بووە

پێگەی ژنانی کورد لە کۆندا لەناو کۆمەڵگە زۆر باڵا بووە، ژن لە زۆربەی کارووبارەکانی ژیاندا هاوکاری پیاویان کردووە. بە پێی نووسینی کتێبی” نەیرەنگستان” کە بە زمانی کوردی پەهلەوی نووسراوە، ژنان توانیویانە لە خوێندنەوەی یەسنا و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ئایینی بەشداری بکەن، یان خۆیان بە تەنیا هەستن بە ئەنجامدانی ئەو ڕێوڕەسمانە. تەنانەت توانیویانە لە هەندێک کاتی دیاریکراودا پاسەوانی لە ئاگری پیرۆز بکەن و بەپێی کتێبی”ماتیگان هەزاردستان” (٢) “Matigan-i Hazar Datistan ” کاری پارێزەریان کردووە.

پێگەی ژن چ لە دەورانی کۆن و چ لە کاتی زەردەشت و دووای ئەویش، لە کۆمەڵگەکانی کوردەستاندا لە ئاستی رێز و حۆرمەت دا بووە. بەڵام بە دەرکەوتنی زەردەشت و چاکسازییەکانی و بەو پێیەی لە ئاڤێستا دا هاتووە، ژن بوو بە خاوەن پێگەیەکی بەرانبەر لەگەڵ پیاو لە کۆمەڵگەدا و بە ئاستی پیاوان کاریگەرییان هەبووە.

سەبارەت بە ئازادی لە پڕۆسەی هاوسەرگیریدا، گرنگترین بەڵگە ڕەفتاری خودی زەردەشتە لەگەڵ کچکە بچووکەکەی “پوورچیستا”. لە یەسنای ٥٣ی بەندی ٣دا زەردەشت بە کچەکەی دەڵێت:

پوورچیستا من “جاماسپ” کە پیاوێکی ژیر و زانایە وەک هاوسەری تۆ دەستنیشان دەکەم؛ تۆ بە پێی هزر و ژیری خۆت بڕیار بدە بۆ ئەوەی کە کە ڕازیت یا نە؟

لەبەندی ٥ی گوتەکانی( گاتا) زەردەشتدا ڕوو لە سەرجەم کوڕان و کچانی گەنج دەڵێت : ” ئەی کچانەی دەم بەخت و ئەی ئەو کوڕانەی بە نیازی پڕۆسەی هاوسەرگیرین، ئامۆژگاریتان دەکەم و ئەم پەندەم لەبیر نەکەن و ڕەفتاری پێبکەن، تا لە ژیاندا بەختەوەر بن. هەر کام لە ئێوە پێویستە لە ژیانی هاوسەرگیری و خۆشەویستی و پاکی و چاکەدا لەوانیتر پێشی بگرن، چونکوو تەنیا بەمشێوەیە دەتوانن ژیانێکی پڕ لەبەختەوەری دەستەبەر بکەن.

بە پێی دەقەکانی ئاڤێستا ئاهوورامەزدا هەم ڕوانگەی دایکیی هەیە و هەم باوکیی.

گەورەیی پێگەی ژن لە ئایینی زەردەشتی دا لێرەوە دەرکەوێت، کە لە حەوت ئەمشاسپەندی ئایینی زەردەشتی، سێ ئەمشاسپەند وەک نێرینە و سێ ئەشاسپەندی تر وەک مێینە و ئەویتریان نە نێرینیە نە مێینە ناویان لێبراوە کە بریتین لە:

ئەمشاسپەندی یەکەم هۆرموز بەمانای سەروەری زانا.

سێ ئەمشاسپەندی نێرینە بریتین لە:

یەکەم – وهوومەن یان بەهمەن بە مانای ژیری.

دووەم – ئەشاوەهیشتا یان ئۆردیبەهشت بە مانای ڕاستی

 

 

سێیەم- خشتروییریە یان شەهریوەر بە مانای بەهێزی،

هەروەها سێ ئەمشاسپەندی تر کە مێینەن بریتین لە:

چووارەم – سپێندرامۆزد یان ئێسفەند بە مانای ئەوین وپاکی.

پێنجەم – ئۆروتات یان خۆرداد بە مانای پێگەیشتوویی.

شەشەم – ئۆمرتات یان ئەمۆرداد بەمانای نەمری.

بە پێی دەقە پەهلەویەکان “میهر” یەکێک لە ئیزەدەکان مێ بووە، کە بە شێوەی ژنی میهر هەبووە و دوواتر هێمای پیاوانەی پەیدا کردووە.

بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە مافەکان ژن و پیاو پێویستە گرنگیەکی زۆر بدرێتە گوتەکانی(گاتا) زەردەشت و شرۆڤەیان بۆ بکرێت و لە هەرچەشنە هەوڵدانێک بۆ دەربڕینی بۆچوونە کەسێیەکان خۆمان بەدوور بگرین. زەردەشت لە گوتەکانیدا ژن و پیاو بە شێوەیەکی هاوتەریب بە مۆخاتەب دەگرێت و لە هەندێک لە گوتەکانیدا لە پێشدا بانگ لە ژنان دەکات. بۆ وێنە لە بەندی ١٠ی یەسنای ٤٦دا هاتووە:

” ئەی خۆدای زانا، لەگەڵ ئەو ژنان و پیاوانەی لەم جیهانەدا بۆ ئەو فەرمانانەی تۆ داتناوە هەنگاو دەنین و لەگەڵ ئەوان لە سنوورەکانی ڕزگاری دەرباز دەبم”. (٣)

یان ئەم وتەی دەستپێکی نوێژی “یێنگە هاتام”(Yenghe Hàtàm) لە یەسنای ٢٧دا:

یێنگە هاتام(Yenghe Hàtàm) : واتە بەیانی ئاهوورامەزدا ئاگای لەو ژنان و پیاوانە دەبێت ستایشی ئەو دەکەن، سڵاو ئاراستەی ئەو ژن و پیاوانە دەکەین، بە هۆی دروستکاری و ئیمانداریان. یێنگە هاتام ئاماژە بە بەرابەر بوونی ژن و پیاو لە ئایینی زەردەشتی دا دەکات و هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، کە تەنیا باشی و یارمەتیدان کەسانیترە کە دەتوانێت ببێتە هۆکاری لەپێش بوونی مرۆڤەکان نەک پیاو یان ژن بوونی ئەو مرۆڤە.

Yenghe . Hàtàm. Aat .yesne .paiti .vangho…

Mazdà . Ahuro . vaethà . ashàt . hachà…

Yàonghàm-chà tàns-chà tàos-chà yazamaide.

Anahita

بێگومان ئاهوورامەزدا ئەو ژن و پیاوانەی لە ڕووی راستیەوە کار دەکەن، لە بەرانبەر پەرستش و خزمەتەکانیان باشتر دەناسێت. ئێمەش ستایشی ئاوەها ژن و پیاوگەلێک دەکەین.

یان لە یەسنای ٢٩ بەندی ٣ دا هاتووە:

ئێستا ستایشتی گیانی پیاوان و ژنانی پاک دەکەم، کە بۆ سەرخستنی ڕاستی لە تێکۆشاندان و بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.

لە یەسنای ٤١ بەندی ٢ بەشێوەیەکی زۆر ئاشکرا باس لە بەرابەری تەواوی مافی ژن و پیاو لە هەردوو جیهانی ماددی و مینەوەی دەکات بەمشێوەیە:

دەبێت کە فەرمانڕەوای باش جا پیاو بێت یان ژن لە هەردوو ژیاندا فەرمانڕەوای ئێمە بکات.

کەواتە ژنان نە تەنیا لە بەردەم خۆدا بەرابەرن لەگەل پیاوان، بەڵکوو لە بواری ڕابەرایەتی کردندا چ لە جیهان مادی چ لە جیهانی مینەوەی خاوەن پێگەیەکی یەکسانن.

بەرپرسیاریەتی ژنان لە بڵاوە پێکردنی زانستدا هەر وەک پیاوانە؛ لە یەسنا ٣٥ بەندی ٦دا هاتووە:

ئەو شتەی ژن یان پیاواێک بە ڕاست و باسی دەزانێت، نەک تەنیا پێویستە بەکاری بێنێت بەڵکوو ئەرکی سەرشانیەتی تا کەسانیتریش ئاگادار بکاتەوە بە مەبەستی بەکار هێنانیان.

ئەمە لەکاتێکدا لە یونان، ڕۆما،چین، سومەر، بابل، هێند و میسری کۆندا؛ ژنان خاوەن مافی کۆمەڵایەتی نەبوون و لە ناو ماڵ و کۆمەڵگەدا خاوەن مافێکی ئەوتۆ نەبوون و بەردەوام پاشکۆی پیاو بوون، بەڵام لە دیرۆکی کۆنی کورداندا دەردەکەوێت کە ژنان هاوتەریبی پیاوان لەسەرجەم مافە کۆمەڵەیەتیەکان بەهرەمەند بوون.

لە یونانی کۆن کە لانکی ئازادی شارستانیەتی مرۆڤ ناسراوە ژن هیچ پێگەیەکی نەبووە، لە ماڵی باوک و لە ماڵی هاوسەر وەک کۆیلە و خزمەتکارێک بووە. باوک لە کاتی بەشوودانیدا هیچ بایەخێکی بۆ ڕای کچ دانەناوە و وەک باو بووە هیچ کچێک مافی ئەوەی نەبوو لە چارەنووسی خۆیدا بڕیاردەر بێت. لە هیندوستان و میسر وزۆرێکتر لە هەرێمەکانیتر پێگەی ژن هاوشێوە بووە.

بەڵام بەسەرنجدان بە بەشێکی زۆر لە گوتەکان (گاتا) و پەیڤەکانی زەردەشت، کە بەیادگار بۆمان ماوەتەوە و کۆنترین بەشی گوتەکانی پێغەمبەر زەردەشتە؛ بە ڕوونی ئەندیشە و بۆچوونەکانی سەبارەت بە هاوسەرگیری و ئیرادە و ئازادی کچان لە هەڵبژاردنی هاوژینی خۆیان دەردەکەوێت.

ئیرادەی ژنان و کچان چ تا ئەو کاتە لە ماڵی باوک بوون و چ کاتێک ژیانی هاوسەرگیریان پێکهێناوە، سەربەخۆ بووە و لە رووی ژیری و ڕاستییەکانەوە تووانای ئەوەیان بووە راستی خۆیان بسەپێنن.

لە ئایینی زەردەشتی دا  لە پاڵ ڕێوڕەسم و جەژنەکانی تر، ڕۆژێکیش لە ساڵدا بە ناوی ڕۆژی ژن دەستنیشانکراوە؛ جه‌ژنی ئێسفه‌ندگان ( ڕه‌شه‌مه‌) یان “جه‌ژنی ڕۆژی ژنان ” ڕۆژی سپه‌ندارمز له‌ مانگی ئێسفه‌ند که‌ ده‌کاته‌ 20ی مانگی ڕه‌شه‌مه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت. ئێسفه‌ند یان سپه‌ندارمز له‌ ئاڤێستا وه‌ک” سپه‌نته‌ ئارمه‌یتی” هاتووه‌، به‌ مانای له‌خۆبوردوویی و خۆڕاگری. سپه‌نته‌ ئارمه‌یتی ناوی یه‌کێکه‌ له‌ ئامشاسپه‌ندان. ئامشاسپه‌ند سپه‌نته‌ ئارمه‌یتی ڕۆڵی پاسه‌وانی زه‌مینه‌ و به‌و پێیه‌ی که‌ زه‌مین وه‌ک ژنان له‌ ژیانی مرۆڤه‌کاندا ڕۆلی زاووزێ و به‌ردانه‌، جه‌ژنی ئێسفه‌ندگان بۆ ڕێزگرتن له‌ ژنان به‌ڕێوه‌ چووه‌. له‌ ڕابردوودا له‌و ڕۆژه‌دا ژنانی کورد جل و به‌رگی نوێیان له‌به‌ر کردووه‌ و له‌ لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌وه‌ ڕێزیان لێگیراوه‌ و له‌ لایه‌ن هاوژینه‌کانیانه‌وه‌ خه‌ڵات کراون، ژنان له‌و ڕۆژه‌دا هیچ چه‌شنه‌ کارێک ئه‌نجام ناده‌ن و پیاوان و کوڕه‌کانیان کاره‌کانیان بۆ راده‌په‌ڕێنن. ئێستاکه‌ش زه‌رده‌شتیه‌کان ئه‌و ڕۆژه‌ وه‌ک ڕۆژی ژن و دایکی زه‌رده‌شتی ناودێر ده‌که‌ن.

Taqe Bostan – High-relief of Anahita, Khosro II, Ahura Mazda

بە پێی یاساکانی هاوسەرگیری لە ئایینی زەردەشتی دا، لە یەک کاتدا ژن یان پیاو تەنیا دەتوانێت هاوسەرێکی هەبێت و هاوسەرگیری بە شێوەی کاتی بوونی نییە، ئەو پڕۆسەیە هەمیشەیی و تا کۆتایی ژیانە. مەگەر بە هۆکارێکی دیاریکراوە کە لە ئایین نامەی باری کەسیەتی زەردەشتیەکاندا ئاماژەی پێکرابێت.

هەروەها هاوسەرگیری پێش گەیشتنە تەمەنی یاسایی(بلووغ) وەک کارێکی ناشیاو زانراوە، باوک و دایک ئەرکدار کراون کە گوشار نەخەنە سەر منداڵەکانیان بۆ هاوسەرگیری و بە پێچەوانەوە ئەوە تاوانبارن. لە گوتەکانی زەردەشت دا ئاماژە کراوە بە ئازادی ژنان و پارێزراوی مافەکانیان بە تایبەتی مافی سەربەخۆیی ئیرادە و پێداگری لەسەر ئازادی هەڵبژاردن کراوەتەوە.

لە ئایینی زەردەشتی دا  لە پاڵ ڕێوڕەسم و جەژنەکانی تر، ڕۆژێکیش لە ساڵدا بە ناوی ڕۆژی ژن دەستنیشانکراوە

لە دیرۆکی کوردان دا پرۆسەی هاوسەرگیری تەنیا بەمەبەستی جەستەیی و ڕەگەزی (Gender) نەبووە. بەڵکوو ئامانجێکی باڵا هەبووە لەوکارە. ئەو ئامانجە فەراهەم کردنی بواری پێشکەوتنی مەعنەوەی و سەرخستنی چاکە بووە بەسەر خراپیدا. کەوابوو هاوسەرگیری لە ئایینی زەردەشتی دا کردەوەیەکی پیرۆزە و جێی ڕێزە و لە هەرچەشنە سووکایەتی و هەڵاواردن و نابەرابەریەک بەدوورە.

جمیز دارمستەتەر(٤) “James Darmesteter” سەبارەت بە سەردەمی ساسانیەکان دەڵێت: ئەو سەردەمە نە تەنیا لە مێژووی ساسانیان بەڵکوو لە مێژووی دنیادا خاوەن گرنگیەکی تایبەتە. بە گوێرەی کارنامەی ئەردەشێر بابەکان (٥) کەسایەتی ژن لە هەمان دەستپێکی دەسەڵاتداری ساسانیان ڕێزی لێگیراوە؛ و هیچ کەس تەنانەت پاشا نەیتوانیوە بە خواستی خۆی ژنێک ئازار بدات یان سووکایەتی پێبکات. دایکی شاپووری دووەم نزیکەی ٢٠ ساڵ پێش هاتنە دنیای کوڕەکەی واتە شاپوور تا کاتێک ئەو گەشتە تەمەنی یاسایی؛ کاروباری دەسەڵاتداری لەگەڵ مووبەدەکان بەڕێوە بردووە.

کەسایەتی ژن لەدەسەڵاتداری ساسانیان ڕێزی لێگیراوە، هیچ کەس تەنانەت پاشا نەیتوانیوە بە خواستی خۆی ژنێک ئازار بدات یان سووکایەتی پێبکات.

کریستیان بارتولومه (٦) “Christian Bartholomae” ڕۆژهەڵات ناسی ئاڵمانی لە پرتووکی” مافی ژن لەسەردەم ساسانی” دەڵێت: کچ لەهەڵبژاردنی هاوسەر دا ئازاد بووە و ناچار نەکراوە مێرد بە پیاوێک بکات کە باوکی پێشنیاری بکات، باوکیش مافی ئەوەی نەبووە کە کچەکەی لە میرات بێبەش بکات یان سزایەکیتری بۆ دیاری بکات.

لە بەشی ١٩ی پرتووکی ماتیگان هەزار دەستان لە بەندەکانی ٣ و ٤ دا هاتووە: ناتوانرێت کچان ناچار بکرێن بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری، یان لە بەندی ٢٩ لە بەشی ٢٨ی هەمان پرتووک دا هاتووە: کچان و کوڕان لە دانەوەی قەرزی باوک و دایکی کۆچکردوویان شەریکن.

بە پێی یاساکانی ئاڤێستا (٧)

١. ژن مافی موڵکداری هەبووە و تووانیویەتی سامانی خۆی سەربەخو بەڕێوە ببات.

٢. ژن تووانیویەتی سەرپەرەشتی بنەماڵە بێت و مافی پەروەردەی منداڵەکانی هەبووە.

٣. ژن تووانیویەتی بە پێی یاسا بە جێی هاوسەرەکەی لە دادگاکاندا بەشداری بکات و بە ناوی هاوسەرەوە بەرگری بکات ( لەئەگەری نەخۆشی هاسەردا)

٤. ژن مافی ئەوەی هەبووە لای دادوەر شکات لە هاوسەرەکەی بکات و داوای سزادانی بکات.

٥. پیاو مافی ئەوەی نەبووە بێ ڕەزامەندی ژنەکەی، کچەکەی بە شوو بدات.

٦. لە دادگا شایەتی دانی ژن فەرمی بووە.

٧. ژن مافی هەبووە ببێتە دادوەر یان پارێزەر.

٨. ژن تووانیویەتی وەک خاوەن میرات وەسیەت بکات بۆ سەرجەم سەروەت و سامانی خۆی.

هەر دوو ئیزەد میترا و ئاناهیتا، پێش هاتنی ئایینی زەردەشتی. لە ئیزەدە بەهێزەکانی کوردان لەسەردەمی پێش زەردەشت دا بوون و دوواتریش بە هۆی ئەو ڕێز و پێگە جەماوەریەی هەیانبووە، لە لایەن باوەڕمەندانی زەدەشتی قبووڵ ئەکرێن و وەکوو دوو ڕۆخساری شایستەی ڕێز و حۆرمەت لە پانتایی ئایینی زەردەشت دا جێیان بۆ تەرخان دەکرێت. کەوابوو تەنیا ڕێز بۆ ژنە دەبێتە هۆکاری ئەوەی میترا و ئاناهیتا لە ناو ئایینی زەردەشتی دا جێگیر ببن.

دووای زەردەشت بە هۆکارگەلێکی زۆر لە سەردەمی ساسانیەکان، ئەو هاوسەنگیە تێکچوو و پێگەی کۆمەڵایەتی ژن و مافەکانیان بەرەو هەڵدێر چوو، بەداخەوە چیتر ژنان ئەو پێگەی پێشڕەویەی خۆیان نەما، هەرچەندە لەسەردەمی ساسانیەکاندا دوو ژن وەک شای ساسانی دەسەڵاتیان گرتە دەست. بەڵام لەو سەردەمە بەدوواوە تا ئێستا ژن لە کوردستان نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی ئەو پێگەیەی کە پێش ساسانیەکان هەیبو.

بە ئاوڕدانەوەیەک لە دیرۆکی کورد و ئەو داب و نەریتانەی لە کوردستان جێگیر بوون، دەردەکەوێت پێگەی ژنی کورد بە درێژایی مێژوو، پێگەیەکی جێی ڕێز بووە و پاش هاتنی بیر و ئایدیای دەرەکی و کۆبوونەوەی دەسەڵات لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا، پێگەی ژن لەو هەرێمانەی کوردی تێدا ژیاوە لاواز بووە و پێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بووەتە پاشکۆی دەسەڵاتداران و بیرە دەرەکیەکان.

 

Refrenc

(1) “Bundahishn” بۆندەهێشن کتێبێک بە زاراوەی کوردی فەیلی یان پەهلەوی لە لایەن” فەڕنبەغ” نووسراوەتەوە.

(٢) “Matigan-i Hazar Datistan ” پرتووکی ماتیگان هەزار دەستان بە زارواوەی کوردی فەیلی لەسەر پرسی دادوەری سەردەمی ساسانیەکان نووسراوەتەوە.

(٣) توێژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر( نوێژ – Pray) لەیەکەم ئایینی تاک خودایدا – زه‌رده‌شتیی – لێکۆڵینه‌وه‌ و نووسین – ئارێز ئه‌نده‌ریاری

(٤) “James Darmesteter” جمیز دارمستەتەر لێکۆڵەوەر و ئارکۆلۆگی فەرانسەیی لە ساڵی ۱۸۹۲-سێ وەرگێڕاوی بە شرۆڤەی خۆی لە زەند ئاڤێستا بڵاو کردەوە.

(٥) پرتوکی کارنامەی ئەردەشێر بابەکان بە زاراوەی کوردی فەیلی یان پەهلەوی لەسەردەمی ساسانیەکان دا نووسراوەتەوە

(٦) پرتووکی ژن لە مافەکانی ساسانی دا نووسینی” Christian Bartholomae” کریستیان بارتولومه وەرگێڕانی پەرویز سانێعی

(٧) اوستا نامە مینوی آیین زرتشت- نگارش جلیل دوستخواە

http://azarmehr.eu/ku/?p=1310

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین