ره‌خنه‌  له‌سه‌ر ناردنى بڕه‌پاره‌كه‌ى به‌غدا بۆ هه‌رێمى كوردستان دروست ده‌بێت ناوخۆیی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

لیژنه‌ى ده‌ستپاكى په‌رله‌مانى عێراق ره‌خنه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ هه‌یه‌ كه‌ دوێنێ له‌ نێوان سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌غدا بۆ ناردنى به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان كراوه‌، ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراقیش ده‌ڵێ، "نازانین رێككه‌وتنه‌كه‌ چۆن كراوه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 16ى حوزه‌یران لیژنه‌ى ده‌ستپاكى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا تێبینى له‌سه‌ر دوایین رێككه‌وتن هه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى وه‌زیرانى عێراق كراوه‌.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ى لیژنه‌ى ده‌ستپاكى هاتووه‌، "بڕیارى ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ ئه‌سه‌ر ره‌جعى پێچه‌وانه‌ى ماده‌ى 11ى  یاساى بودجه‌ى گشتى عێراقه‌ بۆ ساڵى 2021".

له‌ به‌شێكى ترى راگه‌یێندراوه‌كه‌ لیژنه‌ى ده‌سپاكى هۆشدارى به‌ بانكى ناوه‌ندى و وه‌زاره‌تى دارایى عێراق ده‌دات له‌و هه‌نگاوه‌ و داوایش له‌ داواكارى گشتى ده‌كات رێكاریى پێویست بگرێته‌به‌ر، ئه‌گه‌رهاتوو پاره‌كه‌ ره‌وانه‌ كرا.

لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق:
ئاگادارى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نیین

 


دواتریش داوا له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ده‌كات، به‌ وردى بڕیاره‌كانى ده‌ربكات به‌ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ یاساكان بگونجێت.

وه‌ك له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ تێبینى ده‌كرێت، باسى ناردنى 200 ملیار دینارى مانگانه‌ كراوه‌ و زیاتریش سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر "ئه‌سه‌ر ره‌جعى" تا ئێستا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى دیارى نه‌كردووه‌ كه‌ بڕیاره‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ بكرێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى نایاسایى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ چییه‌؟ "نوچه‌نێت" په‌یوه‌ندى به‌ جه‌مال كۆچه‌ر كرد كه‌ په‌رله‌مانتارێكى كورده‌ و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراقه‌، له‌ لێدوانه‌كى تایبه‌ت جه‌مال كوچه‌ر گوتى، "ئێمە وەکو لیژنەی دارایی له‌و رێككه‌وتنه‌ ئاگادار نیین، چونکە بودجە شتێك دەڵێت ئەو رێکكەوتنە شتێکی تر. بودجە دەڵێت هەرێـم ئەقیامی 250  هەزار بەرمیل نه‌وت رادەست دەکات، ئیتر ئەو ئەقیامە گۆڕانکاریی تێدەکرێ بەگوێرەی نرخ، ئەوەی ئێستا دەیڵێن رێکكەوتنمان کردووە بە ٢٠٠ ملیار دینار بە هەرێم بدرێت، ئیتر لە لیژنەی دارایی پرسیارێك دروستبووە لە وەزیرى دارایى، کە ئەمە چییە و ئەم رێکكەوتنە چۆن کراوە بەگوێرەی چ یاسایەك، تاکو ئێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە".

جه‌مال كۆچه‌ر باسى له‌وه‌ كرد ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ یاساى بودجه‌ یه‌ك ناگرێته‌وه‌ و گوتى، "من نازانم لەوانەیە حکومەت ئەو بڕیارەى دابێت، بەڵام ئەوە لەگەڵ یاسای بودجە ناگونجێت، ئیتر نازانین چۆن سەر دەگرێت. چونکە لە بودجە دەڵێت ئەقیامی سۆمۆ واتا ئەو نرخەی ٢٥٠ هەزار بەرمیله‌كه‌ کە سۆمۆ بە چەند دەفرۆشێت، وەکو دیارە سۆمۆ نرخێکی دیاریکراوى نییە، بەگوێرەی نرخی جیهانی ده‌گوڕێت، ئیتر واتا پشكى هەرێمیش گۆرانکاڕی تێدا دەکرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا شتێکی یەکلاکەرەوەیە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەر مانگێك. لە لیژنەی دارایی پرسیارێك هەیە چۆن ئەو رێکكەوتنە کراوە؟".

دوێنێ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ تویتێكدا ئاشكراى كرد له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق گفتوگۆى كردووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون به‌شه‌بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ بكرێت.

له‌ تویته‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم هاتووه‌، "خۆشحاڵم ڕایبگەیەنم كە گەیشتووینەتە ڕێکەوتنێك كه‌ به‌شه‌بودجه‌ی هەرێمی کوردستان بگه‌ڕێندرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە حیساب دەکرێت بە (أثر رجعی)".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین