مەسرور بارزانى: با چیتر جووتیاران خەمى ساخکردنەوەى بەرهەمەکانیان نەبێ کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە ڕێورەسمى دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەى کارگەى جووتیار لە ناحیەى روڤیا سەر بە پارێزگاى دهۆک، وتارێکى پێشکەشکرد و تێدا گووتى، "ئه‌و جووتیاره‌ی په‌تاته‌ یان گه‌نم ده‌چێنێت پێویسته‌ له‌ به‌رهه‌می خۆی دڵنیا بێت كه‌ ساخ دەبێتەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەمممە (17)ى حوزەیرانى (2021)، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە بارەى دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەى کارگەى جووتیار ڕاگەیاند، "بەرنامەی حکومەتی هەرێم ئەوەبووە، لە خەمی ئەوەدا نەبن بەرهەمەکانیان چی لێبەسەر دێت و چۆن ساخ دەبێتەوە، حکومەت پشتیوان دەبێت بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان و وەرگرتنی بەرهەمەکانیان."


دەقى وتارى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان:

خۆم بە خۆشحاڵ دەزانم کە ئەمڕۆ لێرە بەشدارین بۆ دانانی بەردی بناخەی کارگەی جووتیار، بۆ بەروبوومی کشتوکاڵی و ساخکردنەوەی بەروبوومی جووتیارانی هەرێمی کوردستان.

ئەم جۆرە پرۆژانە، بێگومان پرۆژەی گرنگ و ستراتیژین بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵی و پێشخستنی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
لێرەوە جێی خۆیەتی سوپاسێکی زۆری کۆمپانیای جێبەجێکار KH کوردستان-هۆڵەندا بکەم، کە دەستی هەبووە لە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە، پشتیوانی شانشینی هۆڵەندا بۆ ئەو پرۆژەیە، جێگەی رێز و پێزانینی ئێمەیە.

ساڵی رابردوو کاتێک سەردانی هۆڵەندام کرد، دیدارێکمان هەبوو لەگەڵ بەڕێز مارک رووتە سەرۆکوەزیرانی شانشینی هۆڵەندا. باسی ئەوەمان کرد پشتیوانی بەرنامەی چاکسای هەرێمی کوردستان و پێشخستنی ئابووری هەرێمی کوردستان بکەن، زۆر بە دڵخۆشییەوە بەرەو پیری داخوازی ئێمە هاتن و هەموو ئامادەییەکی خۆیان پیشاندا بۆ ئەوەی پشتیوان و هاریکاربن بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان کەرتی کشتوکاڵی بە تایبەت هەم کەرتەکانی دیکەی ئابووری بەرەو پێش بچن.

جارێکی دیکە سوپاسی شانشینی هۆڵەندا دەکەم نەک تەنیا بە پشتیوانیکردنیان لە پێشخستنی باری ئابووری لە کوردستان، بەڵکو بۆ پشتیوانی بەردەوامی ئەوان هەر لە شەڕی داعش و تاوەکو ئێستاش لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و مەشقپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و لەم دواییەش بۆ چاکسازی و ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە.

هەموو لایەکمان ئەوە دەزانێت کە کەرتی کشتوکاڵ یەکێکە لە بناخە بنچینەییەکان بۆ پێشخستنی ئابووریی هەر وڵاتێک، هەر پرۆژەیەک دادەمەزرێت دەبێتە هۆکارێک بۆ دامەزراندنی چەندین پرۆژەی دیکەی پیشەسازیش. ئەو پرۆژەیەی ئەمڕۆ لێرە بەردی بناخەکەی دادەنرێت، وەکو بیستمان هەزاران دەرفەتی کار بۆ جووتیاران و کرێکاران لەو دەڤەرە و لەو پارێزگایە دەڕەخسێنێت. ئەوەش پشتیوانێکی زۆرە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە پشت بە خۆی ببەستێت و ئێمە چیدیکە ناچار نەبین بەرهەم و بەروبوومی بیانی هاوردەی کوردستان بکەین.

ئەمە پشتیوانێکی بەهێز دەبێت بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازی و بازرگانیش لە کوردستاندا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێش بچێت، ئەو جووتیارە پەتاتە دەچێنێت یان گەنم دەچێنێت، پێویستە دڵنیابێتەوە لەوەی بەرهەمەکی ساخ دەبێتەوە.

بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەبووە هیچ نیگەرانییەک لای جووتیارانی ئێمە نەمێنێت و گرنگی بە بەرهەمەکانی خۆیان بدەن لە جۆری ئەو بەروبوومەی بەرهەمی دەهێنن، لە خەمی ئەوەدا نەبن بەرهەمەکانیان چی لێبەسەر دێت و چۆن ساخ دەبێتەوە، حکومەت پشتیوان دەبێت بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیان و وەرگرتنی بەرهەمەکانیان، هاوکات لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتان و دۆستانمان لە دەرەوە و ئەوروپاش هەموو هەوڵێکمان داوە بۆ ئەوەی بازاڕی دەرەوە بۆ بەروبوومی کوردستان بدۆزینەوە، بە سوپاسیشەوە هەنگاوی باش لەوبارەیەوە نراوە، ئەوەش دەزانم کە وەزارەتی کشتوکاڵیش لەو بارەیەوە کاری کردووە، سوپاسی ئەوان و ماندووبوونیان دەکەین کە پشتیوان بوونە لە زیادکردنی بەروبوومی ناوخۆیی بەو شێوەیەی ئێمە باسمان لێوەکرد.

داواکاری من لە جووتیارانی خۆشەویست ئەوەیە گرنگی بە جۆری بەرهەمەکانیان بدەن، ئێمە دەمانەوێت کوردستان بناسرێت بە جۆری بەرهەمەکانی، بەو تام و چێژەی لە بەرهەمەکانی کوردستان هەیە خەڵکی دیکە بزانێت، ئەمەش ببێتە (trademark) بۆ بەرهەمی کوردستان کاتێک لە دەرەوە دەفرۆشرێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین