‌هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردن.. له‌نێوان په‌رۆشى حزب و كه‌مته‌رخه‌مى سه‌رۆكایه‌تى وەرگێڕان

نوچه‌نێت

هێزە سیاسییەکان بەشێوەی جیا جیا قسەی خۆیان هەڵدەدەنە ناو بابەتی هەڵبژاردنە پێشوەختەکانی عێراق، دواهەمینیشیان پێشنیازی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەیە.

هەندێک لایەنی سیاسی دەڵێن، لیستی هەموارە پێشنیازکراوەکان بۆ بەردەم پەڕلەمان هەندێک هەوڵی تێدایە لەبارەی فرەبازنەییەوە، کە ڕەنگە بە مانای گۆڕینی ئەو بابەتە بێت بۆ بۆمبێکی تەوقیتکراو!

کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا ٢٠٠ حیزبی تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردن و ژمارەکە قابیلی زیادبوونە، چونکە چەندین داخوازی تۆمار هەن چاوپێداخشاندنەوەیان راگیراوە.

بڕیارە هەڵبژاردن لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەنجامبدرێ دوای ئەوەی بڕیاربوو لە مانگی حوزەیران ئەنجامبدرێ دواخرا، پێدەچێت وادەی هەڵبژاردنەکان بۆ جاری سێهەمیش دوابخرێت!

یاسای نوێی هەڵبژاردن وادەکات کەسی کاندید دەنگەکانی تەنها بۆ خۆی بن و بەر لیستەکەی نەکەون، بە پێچەوانەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو جێبەجێدەکرا، لەوانە لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم هەموارە تازەیەدا، حیزبەکان لە تەکتیکێکی نوێدا، ئیدی واز لە بیرۆکەی هاوپەیمانیی فراوان دێنن و سەرنجدەخەنە سەر ئەو کەسانەی لای شەقام پەسەندن.

پەڕلەمانتارێک کە ئاگاداری گفتوگۆی لایەنەکانە سەبارەت بە هەڵبژرادنەکان، دەڵێت بەشێک لە لایەنەکان خوازیارن ئەم خولەی پەڕلەمان ماوەی خۆی تەواو بکات، تاوەکو هەڵبژاردنی پێشوەخت نەبێتە نەریتێکی سیاسی لە عێراقدا.

لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ئەمە یەکەمجارە حکومەت ناچار بە دەستلەکاركێشانەوە بکرێت بەر لە کۆتایی هاتنی وادەکەی کە ساڵی ٢٠٢٢ دەبوو، لە ژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا بوو، وڵات بەرەو بژاردەی هەڵبژاردنی پێشوەختە چوو.

مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران لە قۆناغی گواستنەوەدا، هەوڵی دا پابەندی وادەی حکومەتەکەی بێت، کە ساڵێک بوو یان مانگێک بۆ دوو مانگ زیاتر لە ساڵێک، بۆ ئەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری بکات.

بەلام بەشێک لە لایەنەکان توانیان فشار بکەن بۆ دواخستنی وادەی هەڵبژاردن بۆ چەند مانگێک، کە بەڕای چاودێران بۆ ئەوە بوو کارتە سیاسییەکانیان ڕێکبخەنەوە و کاتیان هەبێت بۆ هەوڵدان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن. ئەوەتا هەر هەفتەیەک دوای ئەوەی حکومەت وادەی هەڵبژاردنی دواخست بۆ پاییز، چالاکی حیزبە سیاسییەکان زیادیکرد بۆ هاندانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن.

 


حزبه‌كان ده‌ستیان به‌ هه‌ڵمه‌تێك كردووه‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى هه‌ڵبژاردن به‌ڵام سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان په‌رۆش نییه‌
 

 

پەڕلەمانتارە ئاگادارەکە لە لێدوانیدا بۆ (ئەلمەدا) هەروەها دەڵێت هەموارەکان تایبەتن بە بازنەکانی هەڵبژاردن و کارتی بایۆمەتری.
ماددەی ١٥ی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان تایبەتە بە دابەشکردنی بازنەی هەڵبژاردنی هەر پارێزگایەک بۆ چەند بازنەیەک.

پەڕلەمانتارەکە کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت دەڵێت: کە هەندێک لایەنی سیاسی دەیانەوێت گۆڕانکاری لە نەخشەی جوگرافیی بازنەکان بکرێت بۆ ئەوەی قەیرانی دیموگرافی و مەزهبی دروست ببێت و بەو کارە جەماوەری خۆی زیادبکات.

پەڕلەمان گفتوگۆی دورودرێژی بەخۆوە بینی بۆ دیاریکردنی شێوازی بازنەکانی هەڵبژاردن، تا گەیشتە ئەوەی پەڕلەمان ناوی نا "فرەبازنەیی ناوەندی" یان "فرەبازنەیی کۆدەنگانە" وەک ڕێگرییەک لەو جیاوازییانەی لەنێوان بەشێک لە شارەکاندا هەن. بە تایبەت ئەوانەی لە ڕووی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە تێکەڵن، وەک کەرکووک و سەڵاحەدین و دیالە.

پەڕلەمانتارەکە بەردەوامبوو گوتی "هەڵمەتێک هەیە ژمارەیەک لە هێزە سیاسییەکان بەڕێوەی دەبەن لەڕیگەی کۆکردنەوەی ئیمزا بۆ پشتیوانیکردنی هەمواری نوێی یاسای هەڵبژاردن لە پەڕلەماندا". ئاماژەش بەوە دەکات کە "سەرۆکایەتیی پەڕلەمان دڵگەرم نییە بۆ ئەو کارە". چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار چەند ڕۆژێکی کەم بەر لە دواخستنی هەڵبژاردنەکان وتیان کە "٩٠٪ی هێزە سیاسییەکان هەڵبژاردنی پێشوەختە ڕەتدەکەنەوە"، هۆشداریشیان دا لەوەی "ڕووداوی گەورە ڕوودەدەن کە هەڵبژاردنەکان پەکدەخەن".

دوای چەند ڕۆژێک لەو لێدوانانە ڕێکخراوی داعش دوای زیاتر لە ساڵێک دزەی کردە ناو جەرگەی شاری بەغدا بە دوو خۆکوژ. هێرشەکە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی زیاتر لە سەد. پاشان هێرشەکانی ڕێکخراوەکە لە شارەکانی باکووری بەغدا زیادیانکرد، هەروەک بەڕێوەبەری هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێک لە پەڕلەمانتاران لە دیالە تیرۆر کرا.

لای خۆیەوە، حسێن عیقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەڕلەمان، بە "ئەلمەدا"ی گوت: "داواکاری و پێشنیازی جۆراوجۆر دەگەنە لیژنە لەبارەی هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان، و گفتوگۆکان بۆ هیچکامیان نەگەیشتوونەتە ئەنجام".

عیقابی جەختدەکاتەوە کە "داخوازییەکان بۆ هەمواری بازنەکانی هەڵبژاردن، پێشنیازی سادەن و پەیوەستن بە هەندێک بازنەی ناو چەند شارێکی کەم".
لە بەرامبەردا پەڕلەمانتارەکە جەختدەکاتەوە کە "زۆربەی هەموارەکان پەیوەستە بەوەی دەنگدان تەنها بە کارتی بایۆمەتری بێت بۆ دووربوونی پرۆسەکە لە ساختەکاری" ئەوەشی ڕوونکردەوە "هیزی دیکەش هەیە ئەو پێشنیازانە ڕەتدەکاتەوە، چونکە دەترسن بازنەی هەموارکردنەوەکان فراوان ببێت و زیان بە بەرژەوەندییەکانیان بگات".

بەرەی عێراقی بە سەرۆکایەتی ئوسامە نوجێفی وتبووی کە ئەو چەمکەی یاسای هەڵبژاردنەکانی پێ نووسراوەتەوە وەکوو "دەروازەی ساختەکاری" وایە. ئەوە بوو وتەبێژی بەرەکە محەممەد خالیدی لە بەیاننامەیەکدا، کە کاتی خۆی کۆپییەکی بە (ئەلمەدا) گەیشتبوو، وتبووی "ئەو هیزانەی لەسەر ساختەکاری ڕاهاتوون، بەشێوەیەک لە شێوەکان توانیویانە یاساکە وەها هەڵسووڕێنن و دابڕێژنەوە کە ڕێگەیان بدات بڕێک دەنگی دیاریکراو بە ساختەکاری بەدەستبهێنن و پێی بگەڕێنەوە پەرلەمانی داهاتوو، بەوەی لەگەڵ کارتی بایۆمەتریدا بتوانن بە کارتەکانی دیکەش دەنگ بدەن".

بە گوتەی ڕیاز مەسعوودی، پەرلەمانتاری لیستی سائیروون، یاسای هەڵبژاردنەکان بە ڕێژەی ٧٥٪ ڕێوشوێنەکانی پشت بە کارتی بایۆمەتریی دەنگدان دەبەستێت.

مەسعودی هەروەها دەڵێت "هەندێک پێشنیازی هەندێک لایەنە سیاسییەکان قابیلی تێگەیشتنن، بۆ نموونە کارتی کەسی دەنگدەر یان ڕێوشوێنی هونەریی دیکە کە لەوانەیە دژیەک بن لەناو یاسای هەڵبژاردنەکاندا، ئەوەش مافی هەر فراکسیۆنێکە ڕەخنەی لێبگرێ و داوای گۆڕینی بکات".

مەسعوودی، کە فراکسیۆنی ئەوان لەسەر موقتەدا سەدر هەژماردەکرێت، هەروەها جەختدەکاتەوە کە فراکسیۆنی ئەوان "ڕێگە نادات و ڕێکیش ناکەوێت لەسەر هەر هەموارێک کە زیان لە ناوەڕۆکی یاسای هەڵبژاردنەکان بدات کە بە شێوەی فرەبازنەییە".

سه‌رچاوه‌: مه‌دا

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین