گەڕانەوەی واشنتن بەرەو جەمسەری ئەوروپا وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە رۆژانى١١-١٣ی حوزەیران، لە هاوینەهەواری کاربیس بەی لە کەناراوی باکووری رۆژئاوای بەریتانیا سەرانی گرووپی وڵاتانی پیشەسازیی (G7) لووتکەی ساڵانەی خۆیان بەست، بە ئامادەبوونی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش و بە بەشداریی نوێنەرانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکوو: رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بانکی نێودەوڵەتی، رێکخراوی بازرگانیی جیهانی، رێکخراوی هاریکاری و پەرەپێدانی ئابووری. جگە لە بەشداری سەرکردەی وڵاتانی ئوسترالیا، هیندستان، کۆریای باشوور، باشووری ئەفریقیا کە وەکوو میوان بانگهێشت کرابوون.

لووتکەی G7 چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەو ئاڵنگاری و لەمپەرانە کرد کە چین و رووسیا دروستیان کردوون
 

بەمپێیە بودجەی وڵاتانی بەشداربووی لووتکەکە و میوانەکان ٥٠٪ی ئابووریی جیهان پێکدێنێت. لووتکەکە کۆمەڵێک پرسی لەخۆگرت تایبەت بە بووژانەوەی جیهانى دوای کۆرۆنا، تەندروستی، ژینگە، پەرەپێدان و ئاساییش.

چوارچێوەکانی کۆبوونەوەکە:

ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوە نێودەوڵەتییەکەیدا کۆمەڵێک ئاماژە لە خۆدەگرێت لەوانە:
1- لووتکەی یەکەمە: لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەمە یەکەمجارە کۆبوونەوەی گرووپی وڵاتانی حەوت بەشێوەی ئاماده‌بوون بێت نه‌ک ئۆنلاین. ئەوەبوو کۆبوونەوەی ٤٥مین، ساڵی ٢٠١٩ لە فەڕەنسا کرا، بەڵام کۆبوونەوەی دووەم کە بڕیار بوو ساڵی پار لە ئەمریکا سازبدرێ، بەهۆی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆناوە هەڵوەشێنرایەوە. بۆیە کۆبوونەوەکەی ئەمساڵ یەکەم کۆبوونەوەیە لەدوای کۆتاییهاتن بە دواپلەی بڵاویی کۆرۆنا و ئەنجامدانی پرۆسەی کوتان دژی ئەو نەخۆشییە لە وڵاتانی پێشکەوتوو.

لەسەر ئاستی وڵاتانی بەشداربووش، ئەمە یەکەم چالاکیی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکایە لەو ئاستەدا و یەکەمجارە وەکو سەرۆک ئامادەی لووتکەیەک بێت، بۆیە وا تەماشا دەکرێت کە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە بۆ ئەمریکا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا لەدوای سەردەمی دۆناڵد ترەمپ.

ئاماده‌بوونى بایدن له‌ لووتكه‌ى G7
سه‌ره‌تایه‌كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ دیپلۆماسیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى
 

 

2- گەڕانەوەی ئەمریکا: جیاواز لە ئاڵنگارییە روو لە زیادبووه‌كانى جیهان، گرنگی لووتکەکە لەوەشەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە چوار ساڵی رابردوودا یەکەمجارە ئەمریکا بەم شێوە چالاکە بەشدار بێت، واتە دوای چوار ساڵ لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ و کەمتەرخەمیی ئەمریکی لە کۆڕبەندە جیهانییەکاندا و نەمانی گیانی تێکەڵبوون و هاریکاری لە سەردەمی ئەودا. ئەوە بوو لە پەراوێزی لووتکەکەدا جۆ بایدن گەڕانەوەی تەواوەتیی ئەمریکای راگەیاند بۆ دیپلۆماسیەتی جیهانی. سەرەتاش بە لووتکەی گرووپی حەوت دەستپێدەکات کە وەکو بایدن وتی رەنگدانەوەی "هاریکاری و بەرهەمدارییەکی نایاب" بوو. بایدن ئاماژەشی بەوە کرد کە بەرگریکردن لە پەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ئەرکێکی پیرۆزە" و هێزە دیموکراسییەکان خەریکی کێبرکێن لەگەڵ هێزە سەرکوتکەرەکان. هەروەها ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکاری ئەڵمانیاش پێشبینی کرد سەردەمی جۆ بایدن ببێتە هاندەرێکی نوێی کارەکانی گرووپەکە.

3- گرفتی چین: ئەم لووتکەیە لەکاتێکدایە کە ناکۆکی هەیە لەنێوان وڵاتانی گرووپەکە لەبارەی ئامرازەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ گرفتی چین و چۆنێتی بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگاریی چین. ئەوەتا ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەوروپا بەگشتی پەیڕەوێکی نەرم و میانڕەوتریان گرتووە لە بەرامبەر بەهێزبوونی هەژموونی چین. ئەوەتا لە بابەتی هاوسەنگی راگرتن لەنێوان بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکانی چین و سزادانی پەکین لەسەر بابەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەک و بابەتی بەرژەوەندییەکانی نێوان ئەوروپا و چین لەلایەکی دی بە تایبەت لەڕووی ئابوورییەوە، هەروەها بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ ئەمریکا جیاوازی هەیە. هەروەکوو راپۆرتەکان ئاماژە بە ناکۆکی نێوان وڵاتانی گرووپەکە دەکەن لەبارەی داڕشتنی بەندی تایبەت بە چین لە بەیاننامەی کۆتایی لووتکەکەدا. کە تێیدا ژاپۆن مكوڕ بوو لەسەر ئەوەی هەڵویستێکی توندتر بگیرێتەبەر لە بەرامبەر چین. کەچی سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە وتەکەیدا جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە گرووپی حەوت دوژمنکاری لەگەڵ چین ناکەن، هەرچەند ناکۆکی لەنێوان ئەو گرووپە و چین هەیە، لەولاوە سەرۆکی ئەمریکا لە وتەکەیدا تووند بوو بەرامبەر بە چین کە باسی کێبڕکێی کرد لەنێوان وڵاتانی دیموکراسی و وڵاتانی سەرکوتکەر.

4- گرفتی رووسیا: بەستنی لوتکەی G7 لە سەروبەندی ناکۆکیی وڵاتانی گرووپەکە و رووسیادایە، ئەوەتا یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان سزای نوێیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە لە سەروبەندی بابەتی کەسایەتیی بەرهەڵستکاری رووسیا ئەلێکسی ناڤالنی، رووسیاش لای خۆیەوە رێگەی نەدا هەشت بەرپرسی ئەوروپی بێنە ناو خاکەکەی. ئەمریکا دژی پڕۆژەی هێڵی گواستنەوەی گازی سروشتی رووسی (نۆرد ستریم٢)  و زیاد لە جارێک هەڕەشەی کردووە کە سزای ئەو کۆمپانیا ئەوروپییانە دەدات کە کاری تێدا دەکەن. ئەوەش ئەڵمانیا دەخاتە دۆخێکی نەخوازراوەوە بەهۆی ئەوەی بەرژەوەندیی لەگەڵ رووسیا هەیە و بەشداریشە لە پڕۆژەکەدا. سەرەڕای کردە هەراسانکه‌رانەکانی رووسیا، وەکو ئەوەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هایکۆ ماس دەریبڕی و وتی "خوازیارین رووسیا ناچارمان نەکات هەڵوێستمان بگۆڕین سەبارەت بە نۆرد ستریم٢". هەروەها فەڕەنساش هەڵوێستی هاوسەنگی گرتووەتەبەر لە مامەڵەکردنیدا لەگەڵ رووسیا، بە جۆرێک لەو بوارانەی سزا خراوەتە سەر رووسیا هاوکاری لەگەڵ ئەو وڵاتە راگرتووە، بەڵام لە بوارەکانی دیکەدا بەردەوامە لە هاوکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا.

5- ناڕەزایی لە دەرەوەی لووتکەکە: کەناراوەکانی نزیک لە شوێنی گرێدانی لووتکەکە، چالاکیی ناڕەزایی دەربرینیان بەخۆوە بینی، ئەوە بوو چالاکانی رێکخراوی ئۆکسفام لەکاتی گردبوونەوەی ناڕەزاییەکانیاندا داوای وەستاندنی شەڕ و پاراستنی کەشوهەوا و ژینگەیان کرد. لە ناوچەیەکی دیکەی نزیک بارەگای لووتکەکە خۆپیشاندانی دیکە سازدرا و داوای پاراستنی هاوسەنگی و فرەجۆری کرا لە ژینگەدا. هەروەها لە نزیک بارەگای حکومەتی بەریتانیا بە دانانی تابووت هاوسۆزی دەربڕدرا بۆ قوربانیانی بۆمببارانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.

دەرەنجامەکانی لووتکەکە:

دوای گفتوگۆی سێ رۆژ لەنێوان سەرانی وڵاتانی گرووپەکە، بەیاننامەی کۆتایی چەند بڕیار و پلان و بەڵێنێکی لەخۆگرت، لەوانە:

1- رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و پەتاکان: بابەتی کۆڤید پایەیەکی گرنگی وەرگرت لە گفتوگۆکانی لووتکەکە و دەرەنجامەکانی، ئەوە بوو وڵاتانی G7 بەڵێنیان دا بەرهەمهێنان و هەناردەکانی ڤاکسین زیاتر بکەن، تا کۆتایی ٢٠٢٢ زیاتر لە ملیارێک ژەمی ڤاکسین بەرهەمبهێنن و دابەشی بکەن لە رێگەی دەستپێشخەریی کۆڤاکسی رێکخراوی تەندروستی جیهانی یان میكانیزمى دیکە لەپێناو زاڵبوون بەسەر پەتاکەدا. لەم میانەیەدا ئەمریکا بەڵێنی بەخشینی نیو ملیار ژەمی ڤاکسینەکەی داوە، بەریتانیا بەڵێنی١٠٠ ملیۆن و فەڕەنساش بەڵێنی بەخشینی ٦٠ ملیۆن دۆزی داوە. بەڵام رێکخراوی ئۆکسفام دەڵێت ئەو بڕە کەمە و جیهان پێویستی بە ١١ ملیار ژەمی ڤاکسینە. ئۆکسفام داوایشی کردووە کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ڤاکسین واز لە خاوەندارێتیی مافی بەرهەمهێنانی ڤاکسینەکانیان بهێنن و رێگە بدەن شوێنانی دیکەش تەکنیکەکانیان بەکاربهێنن، بەڵام گرووپی G7 خۆیان لە قەرەی ئەم بابەتە نەدا.

لەلایەکی دیکەوە لووتکەکە داوایان کرد قۆناغی دووەمی ئەو لێکۆڵینەوەیە دەستپێبکات کە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەستی پێکردووە بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی پەیدابوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا. ئەویش بە شێوەیەکی شەفاف و زانستییانە، سووریش بوون لەسەر ئەوەی دەبێ لێکۆڵینەوەکە چینیش بگرێتەوە، هەموو وڵاتانیش هاوکاریی لەگەڵ رێکخراوەکە بکەن لەپێناوی بە ئەنجام گەیشتنی لێکۆڵینەوەکە. سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە کە پێویستە چین رێگە بەوە بدات لێکۆڵەران بچنە ناو خاکەکەی و دیاری بکەن کە ئایا ئەم ڤایرۆسە بە شێوەیەکی سروشتی پەیدابووە، یان هەڵەی تاقیگە و کارگەیەک بووە، چونکە وەکو ئەو وتوویەتی نەبوونی شەفافیەت لەم بابەتەدا رەنگە ببێتەهۆی پەیدابوونی پەتای دیکەش.

چین لە رێگەی باڵیۆزخانەکەیەوە لە بەریتانیا وەڵامی ئەم بانگەوازەی گرووپەکەی دایەوە و وتی پێویست بە لێکۆڵینەوەی نوێ ناکات و ئەوەندە بەسە لێکۆڵینەوەکەى ( پێشوو) بەشێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە بکرێ لەلایەن زانایانی جیهانییەوە، دوور لە بە سیاسیکردنی بابەتەکە.

 لووتكه‌ىG7 ئەجێندایەکی قەرەباڵغ و ناسازییەکانی پەتای کۆرۆنا بەسەردا زاڵ بوو 

 

گرووپەکە هەروەها بڕیاریان لەسەر راگەیێندراوی (کاربیس بەی) دا بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی پەتا لە ئاییندەدا، کە تێیدا هەندێک بەڵێن دراون بۆ بەرجەستەکردنی ئەم ئامانجە، لەوانە: کورتکردنەوەی ماوەی پێویست بۆ پەرەپێدانی ڤاکسین و دەرمان و پشکنین، بەجۆرێک جیهان ئامادەیی هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر نەخۆشییەکی کتوپڕ لەماوەی کەمتر لە ١٠٠ رۆژدا. هەروەها پتەوکردنی چاودێریی تەندروستی و چاکسازی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەهێزکردنی رۆڵی ئەو رێکخراوە. هەروەها کاری هاوبەش بە ئامانجی ئامادەسازیی بۆ هەر پەتایەکی دیکە کە دەکرێ لە جیهاندا بڵاوببنەوە. بەڵام لووتکەکە خۆی لە قەرەی بابەتی پارەبەخشین نه‌دا کە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە ئەرکێکی یەکلاکەرەوەی دەزانێت بۆ زاڵبوون بەسەر پەتاکان. گرووپەکە جەختیشی کردەوە لەسەر گرنگی وەبەرهێنان لە بواری زانستی و تەکنۆلۆجیای نوێ بە ئامانجی مسۆگەرکردنی کارایی ڤاکسینەکان لە دژی جۆرە جیاجیاکانی کۆرۆنا و دروستکردنی لاێگای جیاجیای چارەسەرکردن.

2- گۆڕانی کەشوهەوا:  گرووپی G7 بەڵینی داوە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا خێرا بکات و تاکوو ساڵی ٢٠٣٠ پەنگخواردنەوەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن داببەزێنێت بۆ نیوە و هەر تا ئەو کاتە یارمەتیی حکومەتەکان رابگرێت بۆ ئەو وێستگانەی وزە کە بە خه‌ڵووزى بەرد کاردەکەن. هەروەها بەڵێنیان داوە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٥ ساڵانە ١٠٠ ملیۆن دۆلار بدەنە وڵاتانی هەژار بۆ پڕۆژەکانی کەمکردنەوەی پەنگخواردنەوەی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن و خۆگونجاندن لەگەڵ ئاسەوارەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. ئەوە لە کاتێکدایە وڵاتانی گرووپی G7 تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە زیاتر لە ١١.٦ ملیار دۆلار کۆبکەنەوە بۆ پلانی پاراستنی کەشوهەوا، بۆیە بڕیاریانداوە کۆی بەخشینە جیهانییەکان زیاد بکەن و بانگی وڵاتانی دیکەش بکەن بۆ هاتنەڕیزی بەخشەران. کەنەدا لای خۆیەوە بڕیاریداوە بەخشینەکانی خۆی بۆ پاراستنی کەشوهەوا بکاتە دوو هێندە و بیگەیەنێتە ٤.٤ ملیار دۆلار، ئەڵمانیاش بڕیاری داوە دوو ملیار دۆلار بۆ بەخشینەکانی زیادبکات و ساڵانە بیگەیەنێتە ٧.٢٦ ملیار دۆلار تاوەکوو ساڵی ٢٠٢٥. رەخنەی ئەوە لە لووتکەکە گیراوە بەهۆی ئەوەی خشتەیەکی کاتیی دیاری نەکردووە بۆ کۆتاییهێنان بە گەرمی دانەوەی بەرهەمهاتوو لە خەڵووزی بەردین.

3-سیستمی باج: لووتکەی وڵاتانی گرووپی G7 بڕیاری لەسەر ئەو سیستمی باجە داوە کە وەزیرانی کۆمەڵەکە لە پێنجی حوزەیران لەسەری رێککەوتن، لەبارەی سەپاندنی باج بەسەر کۆمپانیا تەکنۆلۆجییە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش ئەو رێککەوتنەیە کە وەزیری گه‌نجینه‌ی بەریتانیا ریشی سوناک وەها وەسفی کرد کە "رێککەوتننامەیەکی مێژووییە بۆ چاکسازیی سیستمی باجی جیهانی". دەوڵەتانی گرووپەکە رێککەوتن لەسەر سەپاندنی باجێکی یەکگرتوو لەسەر کۆمپانیا تەکنۆلۆجییە زەبەلاحەکان.

ئەم رێککەوتنە رێگە لەوە دەگرێت پێشبڕکێ بکرێت لەنێوان وڵاتان بۆ پێشکەشکردنی چاوپۆشی لە باج یان کەمکردنەوەی باج لەپێناو سەرنجراکێشانی کۆمپانیاکان، ئەوەش بە دیاریکردنی یەک سیستمی یەکگرتووی باج. رێککەوتنامەکە هەروەها رێگە لەو پەناگانە دەگرێت کە کۆمپانیاکان پەنایان بۆ دەبردن لەپێناو ئەوەی باجی کەم بدەن، ئەویش بە ناچارکردنی کۆمپانیاکان کە لەو وڵاتەدا باج بدەن کە کاری تێدا دەکەن و پارەی تێدا پەیدادەکەن نەک لە وڵاتێکی تر. پێشووتریش گفتوگۆ هەبوو لەبارەی سیستمی باج، بەڵام پەتای کۆرۆنا ئەم پرۆسەیەی خێرا کرد، چونکە لە سەردەمی کۆرۆنادا داهاتی وڵاتان کەمیکرد بەهۆی سستبوونی چالاکییە ئابوورییەکان و زیادبوونی خەرجیی کەرتی تەندروستی و کەمبوونەوەی باج، کەچی لەهەمان کاتدا کۆمپانیا تەکنۆلۆجییەکان لە سەردەمی کۆرۆنادا دەستکەوتێکی زۆری داراییان هەبوو.

4-ژێرخان: وڵاتانی G7 هەوڵدەدەن جێگرەوەیەکی دیموکراتییان هەبێت بۆ هەژموونی روو لە زیادی ئابووریی چین. بۆیە پڕۆگرامێکی زەبەلاحی وەبەرهێنانیان خستەڕوو لەژێر ناوی "بونیاتنانەوەی جیهان بەشێوەیەکی باشتر"، هەروەها پتەوکردنی ژێرخانی ئابووریی وڵاتانی روو لە گەشە لە رێگەی بانکێکەوە کە ملیاران دۆلار تەرخاندەکات بۆ پشتیوانیی پڕۆژە گەورەکان لە وڵاتانی روو لە گەشە لە ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتینی بۆ ئەوەی بیکەنە جێگرەوەی دەستپێشخەریی "پشتێنە و رێگا" کە چین لەساڵی ٢٠١٣ دا خستیەڕوو.

5- رووبەڕووبوونەوەی رووسیا: گرووپەکە داوایان لە رووسیا کرد چالاکییە "گێرەشێوێنییەکانی" رابگرێت، لە ئۆکرانیاش بکشێتەوە، رێزی مافەکانی مرۆڤیش بگرێت. بەیاننامەی کۆتایی لووتکەکە بانگەوازی رووسیای کرد کە "لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات و راڤەکردنێکی جێگەی بڕوا بخاتەڕوو هەروەها روونکردنەوەی جێی باوەڕیش بدات لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەسەر خاکەکەی. سنوورێکیش دابنێ بۆ سەرکوتکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ و ئاشکراکردنی ئەوانەی بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان"، سەرانی گرووپەکە بەڵێنیان دا خۆیشیان لێپرسینەوە بکەن لەو رووسانه‌ى بەرپرسن لە ئەنجامدانی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان.

6- پێشێلکارییەکانی چین: سەرانی گرووپەکە سەرکۆنەی ئەو پێشێلکارییانەیان کرد کە چین دژ بە کەمینەکانی شینگ یانگ و چالاکانی بەرگریکار لە دیموکراسی لە هۆنگ کۆنگ ئەنجامیان دەدەن. بەیاننامەی کۆتایی G7 بانگەوازی چینی کردووە کە رێزی مافەکانی مرۆڤ و بەها نێودەوڵەتییەکان بگرێ، ئاشتەوایی و سەقامگیری لە تەنگەی تایوان مسۆگەر بکات. باڵیۆزخانەی چین لە بەریتانیا ئەمە بە دەستێوەردانێکی رەتکراوە هەژمار دەکات لە کاروباری ناوخۆیی چیندا و گرووپی G7 تۆمەتبار دەکات بە بره‌ودان بە "درۆ و دەنگۆ و تۆمەتی بێبنەما".


7- پەیامی جۆراوجۆر: لووتکەکە پەیامی جۆراوجۆری هەبوو لەبارەی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، ئەوە بوو سەرکۆنەی کودەتای سەربازی کرد لە میانمار و داوای لە سوپای ئەو وڵاتە کرد هەرچی زووە کۆتایی بە دۆخی تەنگاوی بهێنن لە وڵاتەکە و دەسەڵات بگەڕێننەوە بۆ حکومەتی دیموکراتییانە هەڵبژێردراو و دەستگیرکراوان ئازاد بکەن. هەروەها سەرکۆنەی ئەو "تاوانانە"ی کرد کە رژێمی بەشار ئەسەد و پشتیوانانی لە دژی گەلی سووریا ئەنجامیان دەدەن، هەروەها سەرکۆنەی هەوڵەکانی رژێمەکەیان کرد بۆ لەمپەردانان لەبەردەم گەیشتنی هاریکارییە مرۆییەکان بۆ سووریا و بە سیاسی کردنیان. سەرانی گرووپەکە هەروەها هانی کۆریای باکووریان دا بۆ گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی کۆتاییهێنان بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و جێبەجێکردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا، وازهێنان لە کردەی هەراسانکەر،  گفتوگۆکردن لەگەڵ کۆریای باشوور. هەروەها بانگەوازی ئێرانیان کرد بۆ وەستاندنی سەرجەم چالاکییەکانی مووشەکە بالستییەکان کە دژ بە بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لەگەڵ وازهێنان لە کردەوەی گێرەشێوێنانە، و بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی رێککەوتننامەی ئەتۆمی.

 

لە کۆتاییدا، لووتکەی G7 بۆ یەکەمجار لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە ئامادەبوونی سەرانی وڵاتان بەسترا، بە ئەجێندایەکی قەرەباڵغ و چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی کە ناسازییەکانی پەتای کۆرۆنا بەسەریدا زاڵە. هەروەها گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ گۆڕەپانی دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتی لەسەر دەستی جۆ بایدن یەکێک بوو لە گرەوەکان و هیواکانی گرووپەکە لەپێناو جێبەجێکردنی پلانەکانی، بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییەکان.

سه‌رچاوه‌: سەنتەری توێژینەوەی موستەقبەلی ئیماراتی

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین