وەزارەتى تەندروستى: داخستنى نەخۆشخانەى هیوا دوورە لە ڕاستییەوە تەندرووستی

نوچەنێت:

وەزارەتى تەندروستى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، دەربارەى داخستنى نەخۆشخانەى هیوا لە سلێمانى لە روونکردنەوەیەکدا ڕاگەیاند، "ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی."

ئەمڕۆ شەممە (19)ى حوزەیرانى (2021)، د. ئاسۆ حەوێز، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى لە ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا، دڵنیادەکەینەوە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون، چارەسەر دەکرێت."

 

دەقى روونکردنەوەى وەزارەتى تەندروستى:

 

ڕوونەوەیەك لە وەزارەتی تەندروستیەوە بۆ ڕای گشتی

سەبارەت بەو هەواڵ و پڕوپاگەندانەی لەمڕۆژانەدا بڵاوبوونەتەوە کە گوایە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی دادەخرێت یان فرۆشراوە و دەدرێت بە كەرتی تایبەت، کە بەداخەوە بووەتە هۆی دەستکردن بە چەواشەکاری و موزایەدەکردن.

بۆیە بە پێویستی دەزانین بە ڕای گشتی بگەیەنین کە ئەم دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە چونکە هیچ بنەمایەکی نیە و دوورە لە ڕاستی، بەڵكو بەپێچەوانەوە لە نەخۆشخانەی هیوا و هەموو نەخۆشخانە و سەنتەرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، تەواوی خزمەتکردنی نەخۆش بەخۆڕاییە و لەڕوانگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی ئەم نەخۆشخانانە هەردەم جێگای بایەخ و گرنگیپێدان بوونە و تەواوی پاڵپشتی و ئاسانكاریان بۆ دەكرێت و چەندین پڕۆژەی دروستکردن و فراوانکردن و دابینکردنی ئامێر و پێداوستییەکان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەمە وێڕای دابینکردنی دەرمان و چارەسەری تیشکیی و نەشتەرگەری و خزمەتگوزاریە جۆراوجۆرەکان کە تێچوویان مانگانە چەندین ملیار دینارە. 

بۆیە جارێکی تر وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەم هەواڵ و دەنگۆیانە و رەتکردنەوەی هەر بیرۆکە و هەوڵێکی لەو جۆرە کە بەداخەوە چەندین کەس و لایەن دەستیان بە موزایەدەکردن کردووە، لەهەمانکاتدا هاووڵاتیان و پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا و هەموو سەنتەرەکانی دیکەی شێرپەنجە دڵنیادەکەینەوە کە بە پاڵپشتی سەرۆکی حکومەت و ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی، هەر کێشە و کەموکورتی و پێداویستیەکیان وەکو خەرجکردنی بودجەی (بەدەل عیادە) بەپێی پێویستیان و هاوسەنگی دابەشکردن لەسەر بنەمای یەکسانی و پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی چاکسازی و هەموارکراو چارەسەر دەکرێت، هەروەها هەموو پاڵپشتی و ئاسانکاریەک دەکەین بۆ کۆمپانیاکانی دابینکەر بۆ وەرگرتنی شایستەکانیان لە وەزارەتی دارایی لەپێناو بەردەوامبوونی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان.

د. ئاسۆ حەوێزی 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی

١٩ حوزەیران ٢٠٢١

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین