رێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتی: پێویستە لێپرسینەوە لە رەئیسی بکرێت ئێران

نوچه‌نێت

وەک یەکەمین کاردانەوە لە لایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، رێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتی وێرای ئاماژەکردن بە لەسێدارەدانی هەزاران زیندانی لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا، دەڵێت پێویستە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری داهاتووی ئێران "بە هۆی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی" لە لایەن دادگاوە لێپرسینەوەی لێ بکرێت.

رۆژی شەممە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "رادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، رێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیێکدا کە رۆژی شەممە، ١٩ی حوزەیران، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر راگەیاندنی ناوی ئیبراهیم رەئیسی  براوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران بڵاوی کردەوە، جەخت دەکاتەوە ئەو رووداوە "دەرکەوتەی جەرگبڕی هەڵوێستی لاوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر پاراستنی تاوانباران لە ئێراندایە". 
لە هاوینی ساڵی ١٩٨٨دا کە ژمارەیەکی بەرچاو لە زیندانیانی سیاسیی بە فەرمانی روحۆڵا خومەینی کوژران، ئیبراهیم رەئیسی یاریدەدەری دادوەری تاران و یەکێک لە ئەندامانی ليژنەی ناسراو بە "ليژنەی مەرگ" بوو کە بڕیاردان سەبارەت بە لەسێدارەدانی زیندانییانی پێ ئەسپێردرابوو. 
حسێن عەلی مونتەزری، یەکێک لە مەرجەعەکانی تەقلیدی شیعە و جێگری ئەو کاتی خومەینی، لە میانەی دیدار لەگەڵ ئەندامانی ئەو ليژنەیە، ئەو لەسێدارەدانانە بە "گەورەترین تاوان لە مێژووی کۆماری ئیسلامیی" وەسف دەکات و دەڵێت لە مێژوودا وەک "تاوانبار" باسی ئەندامانی ئەو ليژنەیە دەکرێت.رێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتیش وێرای ئاماژەکردن بەو رووداوانە، وەک "تاوان لە دژی مرۆڤایەتی" ناویان دەبات و رایگەیاندووە رەئیسی تۆمەتبارە بە "کوشتن، بێسەروشوێنکردن و ئەشکەنجەدان بە شێوەیەکی بەرفراوان و رێکخراوەیی". 

لە بەشێکی تر لە راگەیێندراوەکەی رێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتیدا ئاماژە بە کارنامەی ئیبراهیم رەئیسی لە سەردەمی سەرۆکایەتی دەزگای داد کراوە و باسی ئەوە کراوە کە دەستبەسەرکردنی نایاسایی نەیارانی حکومەت و پاراستنی ئەو بەرپرس و هێزانەی کە دەستیان لە کوشتنی سەدان پیاو و ژن و منداڵ لە خۆپیشاندانەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەبووە، نموونەی ئەو تاوانانەن کە رەئیسی لە پۆستی سەرۆکایەتی دەزگای داد ئەنجامی داون. 

رێکخراوی لێبووردەیی نێودەوڵەتی وێرای رەخنەگرتن لەو دۆخەی ئێستا کە بووەتە هۆی ئەوەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی نەک هەر سزا نەدرێن بەڵکو پۆستی باڵای حکومیی بە دەست بهێنن، جەختی کردووەتەوە ئەو دۆخە جگە لەوەی کاریگەرییەکی خراپ و وێرانکەری لەسەر قوربانییان و بنەماڵەکانیان داناوە، یارمەتیدەرە بۆ بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی پەیتا پەیتای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بە شێوەیەکی بەرفراوان و رێکخراوەیی لە ئێراندا. 

ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە داوای لە ئەندامانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بە دانانی "ميکانیزمێکی بێ لایەن و سەربەخۆ" یارمەتیدەر بن بۆ کۆکردنەوەی "بەڵگە پەیوەندیدارەکان بە سەرەکیترین تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە لە ئێراندا ئەنجام دراون" بۆ ئەوەی "زەمینە بۆ دادگای سزادانی سەربەخۆ و دادپەروەرانە" لە دژی حکومەتی ئێران فەراهەم بێت.

جێگای ئاماژەیە، لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێراندا، کەسوکاری لەسێدارەدراوانی هاوینی ١٩٨٨ و بنەماڵەی قوربانییانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩، بە بڵاوکردنەوەی چەندین راگەیێندراوی جیاواز، وێرای ئاماژەکردن بە رۆڵی  ئیبراهیم رەئیسی لەو رووداوانەدا، داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان و دادگاییکردنیان کرد.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین