ئێران  ١٧ ملیار دۆلارى لە دەست داوە ئابووری جیهان

نوچه‌نێت

سزا و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، ئابووری ئێرانیان تێک داوە، بە جۆرێک کە زۆرێک لە بازرگانان تەنانەت ناتوانن پارەکانیان بگەڕێننەوە بۆ ناوخۆی وڵاتەکەیان. لەو بارودۆخەدا هەناردەکردن بە کردەوە گەیشتووەتە بنبەست.

ئەمڕۆ یەکشەممە٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١، رۆژنامه‌ى "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، سەرۆکی پێشووی رێکخراوی پەرەپێدانی بازرگانی، لەو بارەوە وێرای ئاماژەدان بە ژمارەی کەمی کۆمپانیاکانی هەناردەکردن، رایگەیاند لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی ١٧ ملیار دۆلار لە بازاڕی خۆمان لە دەست داوە و نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری ئەو رێژەیە تەنیا لە ساڵی ٢٠١٠دا بووە و ئەوەش رێژەیەکی زۆر و بەرچاوە.

محەمەد رەزا مەودوودی، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ ئیلنا، وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە بەشێکی زۆر لەو بازاڕەی ئێران لە سەردەمی گەمارۆکاندا لە دەستی داوە بە هۆی پچڕانی پەیوەندییە بانکییەکان و ئیمزانەکردنی رێککەوتننامەی بازرگانی دەرەکی و سەرنجدانی لە رادەبەدەر بە بازاری ناوخۆ بووە، گوتیشی: "ئێران بەرانبەر گەورەترین رووداوی نێودەوڵەتی بازگانی کە لە دوبەی بەڕێوە دەچێت، کەمته‌رخەم بووە".

مەودوودی گوتی، "ئێمە لە ساڵانی رابردوودا، هیچ پلانێکمان بۆ "ئەکسپو" نەبووە و پشتگوێمان خستووە و ئەنجامی ئەو پشتگوێخستنەش لەدەستدانی بازاڕەکان و پچڕانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بووە".

پێشتر راگەیێندرابوو بەهۆی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا، رووداوی "دوبەی ئەکسپو ٢٠٢٠" تا سەرەتای تەشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ دواخراوە. ئەو پیشانگایە، گەورەترین پیشانگای جیهانی عەرەبە کە بە لەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەی ساڵێک دوا دەخرێت. پێش پەتای کۆرۆنا چاوەڕوانی ئەوە دەکرا لانیکەم ٢٤ ملیۆن کەس لە دوبەی ئەکسپۆ بەشداری بکەن.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی گومرکی ئێران سەبارەت بە بازرگانی دەرەکی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٠ بڵاوی کردووەتەوە، لە کۆی نزیکەی ٧٤ ملیار دۆلار بازگانی دەرەکی، ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠دا بۆ ١٤٣ وڵات کەلوپەلی بە بڕی ٣٤ ملیار و ٩٩٨ ملیۆن دۆلار هەناردە کردووە. لە لایەکی ترەوە لە ١٢٣ وڵاتی جیهانەوە بە بڕی ٣٨ ملیار و ٨٩٢ ملیۆن دۆلار کاڵای هاوردە کردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین