وەزارەتى کارەبا بۆ هاووڵاتییان: ئەو پارەیەى بۆتان هاتۆتەوە هەڵەى تێدا نییە کوردستان- عێراق

نوچەنێت:

وەزارەتى کارەباى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لەبارەى گلەیى هاووڵاتییان لەسەر هاتنەوەى پارەیەکى زۆرى کارەبایان ڕاگەیاند، "بەدواداچوونی زۆرمان بۆ ئەو دەنگۆ و ناڕەزایەتیانە كرد، دەركەوت کە پێوەرە زیرەكەكە بە دروستی پارەی كارەباكەی خوێندۆتەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (22)ى حوزەیرانى (2021) عەلى ئیسماعیل، ئەندامى لیژنەى پێوەرى زیرەک لە وەزارەتى کارەبا لە پەیامێکدا بە ناوى (وەڵامی گلەیی هاووڵاتیان سەبارەت بە کرێی کارەبا بە پێی پێوەری زیرەک) و پێوەرى زیرەک گووتى، "تەنیا قەرزەکانی کەلەکەبوو و لە پێویست زیاتر بەکارهێنانی كارەبا دەبێتە بەرزبوونەوەی نرخەکەی." 

وەزارەتى کارەبا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى فەیسبووک ئاماژە بەوەش دەکات، "زۆربەی ئەو هاووڵاتیانەی دەڵێن پارەی زۆریان بۆ هاتۆتەوە، قەرزی كۆنیان لەسەرە و هەندێکیان نزیكەی ساڵێكە پارەی کارەبایان نەداوە."

دەربارەى گلەییەکانى هاووڵاتییان لەسەر زۆرهاتنەوەى پارەى کارەبا، عەلی ئیسماعیل لە وەڵامدا دەڵێت، "بەدواداچوونی زۆرمان بۆ ئەو دەنگۆ و ناڕەزایەتیانە كرد كە گوایە پارەی هەندێك هاوبەش زۆر هاتۆتەوە، لەئەنجامدا دەركەوت کە پێوەرە زیرەكەكە بە دروستی پارەی كارەباكەی خوێندۆتەوە."

پەیوەست بە پسوولەى پێوەرى زیرەکى کارەبا، ئاشکراشیکرد، "لەمانگی رابردوو 250 هەزار ماڵ بە پێوەری زیرەك پسوولەی كارەبایان بۆ گەڕاوەتەوە و لەم مانگەشدا 400 هەزار ماڵ پسوولەی كارەبایان پێ دەدرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین