ئارى جه‌لال: بۆ جوانى پێستمان ته‌ندروستى ئێسك فه‌رامۆش ده‌كه‌ین تەندرووستی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

ئارى جه‌لال یه‌كێكه‌ له‌ راهێنه‌ره‌ وه‌رزشییه‌ ناسراوه‌كانى هه‌ولێر، ئه‌و جیا له‌كارى راهێنه‌رى، شاره‌زاییه‌كى بوارى چاره‌سه‌رى سروشتییه‌ و هاوكات یاریده‌ده‌رى پزیشكیشه‌، له‌ دیمانه‌یه‌كى "نوچه‌نێت"باس له‌ گرنگیدان به‌ ته‌ندروستى ئێسك و بڕبڕه‌ى پشت و جومگه‌كان ده‌كات.

 بڵاوترین کێشەی بڕبڕەی پشت و ئێسقان لە هەرێمی کوردستان چییه‌؟

ئاری جەلال: زۆرترین کێشەی بڕبڕەی پشت وئێسقان ئێستاکە کە باوە لەناو خەڵك و کوردستان، کێشەی داخوڕانی جومگەکان و ئێسکەنەرمە و خزینی ئێسک بەهۆی نەمانی لینجە ماددەی نێوان ئێسقانەکانە. ئەمانە زۆرترین کێشەن کە خەڵک ئێستا زۆر رووبەڕوویان دەبنەوە. جگە لە رووداوە نەخوازراوەکان کە دەبنە هۆی ئێسک شکان.

خه‌ڵكى ئێمه‌ بۆئه‌وه‌ى پێستى سپى و جوان بێت
به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ ته‌ندروستى ئێسقانى فه‌رامۆش بكات
 

ستایلی ژیانی هاووڵاتیان چەند کاریگەری هەیە لەسەر تووشبوون بە نەخۆشیەکانی بڕبڕەی پشت و ئێسقان ؟

ئاری جەلال: بێگومان زۆربەی زۆری ئەم حاڵەتانە دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێكى سایلی ژیان، شێوازی خۆراك شێوازی کارکردن و دانیشتن، وەرزش نه‌كردن، ئەوانە هۆکارن بۆ زیانگەیاندن بە ئێسكه‌كان. بۆ نموونه‌ هەندێ کەس هەیە دەبینیت ماوەیەکی زۆر بە ناڕێکی کاردەکات بە تایبەت لە ئۆفیسەکەی دادەنیشێت و ئاگای لەخۆ نییە، شێوازی دانیشتنی رێك نییە. یاخود لە ماڵەوە لە کاتی کارکردن لەناکاو ده‌ست بۆ قوڕساییه‌ك ده‌بات، بێ ئەوەی گرنگی بە جوڵە یاخود ماسولکەکانی بدات، ئیتر به‌و هۆکارانە تووشی چەندەها کێشەی نەخوازراو دەبێت.

کامە خواردن بۆ تەندروستی ئێسك خراپە، لە ژەمە خۆراکە سەرەکییەکانی ئێمەدا هەیە؟

ئاری جەلال

ئاری جەلال: ئەوەی ئێستاکە کە زۆر باوە، هاووڵاتیان بە دەستیەوە دەناڵێنن چەند شتێکە یەکێك لەهەرە شتە باوەکان، خواردنەوە گازییەکانە کە رێژەکی زۆری ترشی ئەستۆپیکی و کاربۆنیکی تێدایە، ماددەی سۆدە، ئەمانە هەمووی کاریگەری هەیە ئەگەر سەیر بکەین کەس نییە ئەمڕۆکە لە ژەمە خۆراکەکان بابەتە گازییەکان بەکار نەهێنن.

یاخود هەندێ کەس هەیە بەهۆی ستایلی ژیانی تایبەتی خۆی خواردنەوە کحولیەکان دەخۆنەوە، یان کافاینی زۆر، ئەمانەش هەمووی کاریگەری خراپایان هەیە. هەندێ خواردنی تر هەیە وەک خوێ کە خواردنێکی سەرەکیە لە هەموو خۆراکەکان بەکاری دەهێنین، بەڵام لەبەر ئەوەی رێژەکی زۆر سۆدیۆم و پۆتاسیۆمی تێدایە، ئەو پۆتاسیۆمە کە لەناو لەشدا دەمێنێتەوە دەبێتە رێگر لە هەڵمژینی کالسیۆم کە پێکهاتەکی سەرەکییە لە پێکهاتەکانی ئێسک، ئەمەش وادەکات لەشت ئەم کالسیۆمە هەڵنەمژێت.
هەندێ جۆری پاقلەمەنی هەیە وەکو فاسوڵیا و لۆبیا ماددەیەکی تێدایە، ئەو مادەییە ئەگەر رێژەکەی زۆربێت لە خوێن دەبێتە رێگر لە هەڵمژینی کالسیۆم لە لایەن لەشەوە. یاخود بەشێک لە سەوزە و میوەکان کە رۆژانە بەکاری دەهێنین تەماتە و پەتاتە و بیبەر و باینجان و کوارگ "قارچك" ئەوانەش دەبنە هۆی هەوکردنی ئێسک، بە تایبەت ئەوانەی رۆژانە بەکاری دەهێنن دەبێت بەلایەنی کەم ١٠٠٠ تاکو ١٢٠٠ کالیسیۆم لەو رۆژەدا وەربگرن جا بەشێوەی دەرمان بێت یاخود هەر جۆرێکی تر. جۆری دەرمانیش هەیە کاریگەری خراپیان هەیە وەکو دەرمانە سترۆیدیەکان ئەو بابەتانە هەموویان زۆر کاریگەری خراپیان هەیە لەسەر جومگەکان و داخوڕانی ئێسك و کەمکردنەوەی بەرگری لەش، لەگەڵ دەرمانە دژەهەوکردن و ئیلتیهابەتەکانن ئەو دەرمانانەی ئازارشکێنی پێ دەوترێ ئەوانیش کێشەی زۆر درێژ خایەنیان هەیە لەسەر جومگە و ئێسك.

تێبینی کراوە خەڵکی زۆر بایەخ بە تەندروستی ئێسک نادەن، چونکە ئێسک وەکو بەشەکانی دیکەی لەش دیارنییە کە چەند ئازاری پێگەشتووە؟

ئاری جەلال: ئەو شتانەی کە زۆر بەرچاون خەڵکی گرنگی پێدەدات خۆشمان راهاتووین. لە کۆمەڵگای خۆمان ئێمە تەندروستیەکی باشمان نییە، لە بواری راگەیاندنەوە لاوازین بۆئەوەی بە خەڵك رابگەیەنین چۆن ئاگاداری لەشی خۆیان بن. ئیتر تەنیا لایەنی ئێسک نا بەڵکو جەستە لە هەموو لایەنەکی لەشەوە، بە تایبەت لە ئێستادا دامودەزگا تەندروستیەکان یان نەخۆشخانەکان دەبینین منداڵ لە تەمەنێکی زۆر بچووک کێشەی ددانی هەیە کێشەی کەمی ڤیتامین "D" هەیە. سەیر دەکەین ئێسکەنەرمەی هەیە ئەمەش هەموو بەهۆی ستایلی ژیانەوەیە. خەڵک کەم دەچێتە بەرخۆر پێی ئاساییە پێستەکەی سپی و جوان بێت پێی باشترە لەوەی ئێسکە بەهێز بێت. ئەگەر خۆر لێت نەدا ئەوا لەشت ڤیتامین دی وەرناگرێت یان دروست ناکات لەم حاڵەتە تووشی چەندان کێشە دەبیت.

خواردنه‌وه‌ گازییه‌كان بۆ ئێسكى مرۆڤ خراپن


نەکردنی وەرزش بە شێوەیەکی دروست دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تووندی و پوختەی ئێسك، هەموو ئەمانە هۆکارن ئێمە تەنیا لە حاڵەتێکدا خەم لە خۆمان دەخۆین ئەو کاتەی تەنیا تووشی حاڵەتێکی ناتەندروست دەبین، ناچاربووین بچینە ژێر دەستی دکتۆر و دەرمان، ئەو کات دەبینین دکتۆر دەڵێ برۆ وەرزش بکە ئاگات لە خۆراکت بێت، شێوازی خواردن و ستایلی ژیانت بگۆڕە، جوڵە زیاد بکە دانیشتنت بگۆرە.

چۆن رێگری لە نەخۆشیەکانی ئێسک بکەین پێش ئەوەی رووداوێک تووشمان بێت؟


ئاری جه‌لال: گرنگترین شت بۆ ئێسک خۆراکە لەگەڵ وەرزشکردن ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە کالیسیۆم و پۆتاسیۆم و ڤیتامین دی بە ڤیتامینەکانی تر ئەوانەی وەکو زینک و ڤیتامین سی و بی کۆمپلێکس ئەوانە زۆر گرنگن بۆ تەندروستی لەش بە شێوەیەکی گشتی و تایبەتی بۆ ئێسک.  خۆدانە بەر تیشکی خۆر رۆژانە، رۆشتن بەپێ و پاسکل و مەلەکردن بۆ ماوەی نیوسەعات تاکو سەعاتێک لە هەفتەی دووجار یاخود ئەگەر کاتی زیاتر هەبوو تاکو سێ جار.

پلەی گەرما چەند کاریگەری لەسەر ئێسک و جومگەکان هەیە؟

ئاری جه‌لال : پرۆسەی دروستکردن و هەڵمژینی ڤیتامین دی لە لەشی مرۆڤ پەیوەستە بە تیشکی خۆرەوە، وڵاتە ئەوروپیەکان دەبینین خەڵکانیکی زۆر کاتێك دنیا گەرم دەبێت هەموو روودەکەنە بەر تیشکی خۆر، تاکو ڤیتامین دی دروستبکەن. بێگومان لای خۆمان خۆر زۆر بەهێزە رەنگە ئەگەر وا بکەین هەموو پێستەمان بسوتێ، بۆیە کاتیکی دیاری کراو هەیە بەیانیان لە کاتژمێر حەوت تاکو نۆ و نیو ئێوارانیش لە پێنجەوە، ئەو کاتەی کە تیشکی خۆر راستەوخۆ لە زەوی نادات کاریگەری لاوەکی کەمە و گرنگی خۆی دەبێت بۆ جەستە و دروستکردنی ڤیتامین دی.
پزیشكه‌كانى خۆمان دەتوانن رکابەری دکتۆرانی جیهان بکەن؟

ئاری جه‌لال: ئێستاکە زۆر پزیشكى زیرەکمان هەیە لە زۆربەی  بوارەکان، بەهۆی بوونی ئینتەرنێتەوە یان سۆشیال میدیای جیهانی کەوا زۆربەی زۆری زانیارییەکان دەتوانرێت ببینرێن لە هەموو شوێنێکدا بەردەست بێت. زۆرینەی پزیشكه‌كانمان توانای ئەوەیان هەبووە بەشداری بکەن لەو خول و پرۆگرامانەی کە دکتۆرە ناودارەکانى جیهان بۆ گەشەپێدانی پزیشكه‌كانى تر ده‌یكه‌ن. رۆڵێکی باشیان هەبووە لە پەیداکردنی زانیاری زۆر باش، زۆرینەی پزیشكه‌كان ئێستا لە ئاستی ئەوەدان نەشتەرگەری و چارەسەری زۆر گەورە لە هەرێم ئەنجام بدەن، بێ ئەوەی نەخۆش ناچاربێت بچێتە دەرەوە.

هەموو چارەسەریەکی ئێسک لە کوردستان هەیە، ئەی بۆچی ساڵانی لەمەوبەر پزیشکانی دەرەوە روویان لە هەرێم دەکرد گوایه‌ شارەزایان زیاتره‌، کەچی لە دواتر دەرکەوت تەنیا بۆ دەستکەوتنی پارە هاتن و هاووڵاتیانی ئێمەیان پێ هەڵخەڵەتاندووە ؟

ئاری جه‌لال: زۆربەی زۆری چارەسەرییەکان بە تایبەت چارەسەرییە نەشتەرگەرییەکان لە کوردستان هه‌یه‌، تەنیا یەک دوو لایەنی کەم نەبێت کە تاکو ئێستا لە کوردستان نەکراوە بەڵام ئەوانی تر زۆربەی زۆری چارەسەرییەکان کراوە.
بابەتی دیکە کە پزیشکانی تری وڵاتان هاتوونە هەرێم و هاووڵاتیان متمانەیان پێکردووە، بەڵام هەرکەسانێک لە هەر بوارێکی ژیان ئەگەر مۆراڵی ئەخلاقیان تیا نەبێت، پەیوەست نەبوو بە خود و پراکتیککی کارەکەی خۆی و تەنیا مەبەستی دەستکەوتنی تاکەکەسی خۆی بوو، بە دڵنیایەوە ئەمە لە هەموو بوارێکدا دەبێت، پەندێکیش هەیە دەڵێت چەم بێ چەقەڵ نابێت. 
ئیتر لە زۆربەی بوارەکانی ژیان مرۆڤی باش و خراپ هەیە، بواری پزیشکیش بێبەش نییە لەوەیان، بەڵام بە گشتی دەبێت حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار چاودێریەکی تووندى ئەو دکتۆرانە بکەن کە دێنە هەرێم، نرخەکانیان لە گەڵ بارودۆخی وڵات و نەخۆش گونجاو بكه‌ن. ناکرێت لە شوێنێکدا نەشتەرگەری جومگە بکرێت نزیکەی دوو هەزار دۆلار بێت لە لایەکی تر داوای ١٠ هەزار دۆلار بکات بۆ هەمان نەشتەرگەری بە بیانووی ئەمن لێزانترم یان ناوبانگم زیاترە و ماددەکانی من باشترە لە ئەوانی تر. 
ئێمە لە کوردستان کێشەکمان هەیە دکتۆری بڕبڕەی پشت لێزانیەکەی جیایە لەگەڵ دکتۆری ئێسک، هیچ دکتۆرێکی بڕبڕەی پشت نییە نه‌شته‌رگه‌رى مێشك و ده‌مار  بێت و بچێت نەشتەرگەری ئێسک بکات، بەڵام زۆربەی زۆری ئەو دکتۆرانەی پسپۆرییان ئێسکە تەماشا دەکەین لە تەنیشتی دەنووسن چارەسەری بڕبڕەی پشت . 
هەندێك دکتۆر هەیە یەک دوو خولی کردووە لە بواری نەشتەرگەری بڕبڕەی پشت  و ده‌مار و مێشك دەکات، خۆی دکتۆری شکانە پسپۆریەکەی لە بواری شکانە بەڵام کاری بڕبڕەی پشتەکەش دەکات.

ئەو نەشتەرگەریەی تاکو ئێستا لە کوردستان نەکراوە چیین؟

ئاری جەلال: درێژکردنی ئێسقانە تاکو ئێستا لە هەرێم نەکراوە، بەڵام گۆڕینی جومگە و چاكکردنەوە زۆربەیان کراوە. لە بواری بڕبڕەی پشت هەمان شت گۆڕینی دیسک و گۆڕینی بڕبڕەی پشت و دانانی دیسک و تەنانەت لەم دوایانە چەند رێگایەکی نوێ یەك دوو پزیشكى پسپۆر لە بواری خۆیان عەمەلیاتی نازوری بڕبڕەی پشت ده‌كه‌ن، کە تاکو ئێستا لە کوردستان نه‌بووه‌، لەو دوو ساڵەی کۆتایی دەستیان پێکردووه‌. ئەگینا پێشتر تەنیا لە وڵاتانی ئەڵمانیا و چه‌ند وڵاتێكى تر دەکرا، ئێستاش بەهۆی چەند دکتۆرێکی کوردی لێزان لە کوردستان دەکرێت

دوایین رێنماییت بۆ هاووڵاتیان چییه‌؟

ئاری جەلال: هۆشیاری دەدەمە هاووڵاتیان ئەوانەی کە رۆژانە زۆر دادەنیشن یاخود زۆر ئۆتۆمبێڵ لێدەخوڕن یا قەڵەون ئاگاداری خۆیان بن. لەشیان ئاماده‌یه‌ بۆئەوەی زووتر تووشی کێشەی ئێسک و دیسکی نێوان بڕبڕەی پشت بن. دەبێت ستایلی ژیانیان رێکبخەن و هەوڵبدەن وەرزش بکەن و کۆنترۆڵی سترێسی رۆژانەیان بکەن، ئەمانە هەموو هۆکارە بۆ ئەوەی ژیانەکی درێژی خۆشبەخت بەسەر بەریت دوور لە نەخۆشی.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین