توركيا لە كۆنگرەى بەرلين دوو رووبەڕووى فشار دەبێتەوە تورکیە

نوچەنێت:

چاودێرانى سياسي پێشبينى دەكەن توركيا لە كۆنگرەى بەرلين دوو، رووبەڕووى فشارى فراوان ببێتەوە بۆ كشانەوەى هێزەكانى و چەكدارە مورتەزەقە سوورييەكانى لە ليبيا، بەر لە هەڵبژاردنەكانى مانگى كانوونى يەكەمى داهاتوو.

ئەمرۆ چوار شەممە (٢٣)ى حوزەيرانى (٢٠٢١) ماڵپەڕى (حوڕە)ى ئەمريكى بڵاويكردەوە، "وا بڕيارە ئەمرۆ لايەنە پەيوەنديدارەكانى ليبيا بەشدار بن لە كۆنگرەى بەلين دوو. 

هايكۆ ماسى وەزيرى دەرەوەى ئەڵمانيا لە ديدارێكى رۆژنامەى (دى فليت)ى رايگەياند، "لايەنە بەشداربووەكانى كۆنگرەى رابردووى بەرلين، بەڵێنيان دابوو هێزەكانيان لە ليبيا بكشێنەوە، بەڵام پابەند نەبوون بە بەڵێنەكەيان، ئەگەر بشمانەوێت لبييەكان چارەنووسى خۆيان ديارى بكەن، پێويستە هێزە بيانييەكان ئەو وڵاتە جێبهێڵن".

لە لايەكى ترەوە ئايە بورويلا مامۆستا لە كۆلێژى بەرگرى يۆنانى بەدەنگى ئەمريكاى رايگەياند، "ئامانجى سەرەكى كۆبوونەوەى بەرلين دروستكردنى چوارچێوەيەك بوو بۆ كشانەوەى هەموو چەكدارە بيانيەكان لە ليبيا، كە ئەوە كليلى گێڕانەوەى سەقامگيرييە بۆ وڵاتە".

لەبەشێكى ترى قسەكانى ئاماژەى بەوە كرد، "دروستكردنى حكومەتێكى باش لە ليبيا سەختە، لەبەرئەوەى چەك و ميليشا لە هەموو شوێنێكى ئەو وڵاتە هەيە، بوونى هێزێكى بيانيش دەبێتە تێكدانى حكومەتێكى باش، هەموو ليبيیەكان دەيانەوێت هێزە بيانيیەكان لە وڵاتەکەیان دەرچن و دەوڵەتێكى باشيان دەوێت، گرنگتر لەوەش ليبيەكان دەيانەوێت هەڵبژاردن لە كۆتايى ئەمساڵ ئەنجام بدرێت".

هەرچەندە توركيا داواى كشانەوەى هێزە بيانيیەكان دەكات، بەڵام سەبارەت هێزەكانى خۆى لەو وڵاتە، دەڵێت، "بوونى هێزەكانى ئێمە لەو وڵاتە ياساييە، چونكە لەلايەن حكومەتێكى دانپێدانراوى نێودەوڵيەتيەوە بانگهێشتكراوين".

لەگەڵ ئەوەى ئامادەبوانى كۆنگرەى بەرلين لەوانەش ئەمريكا و وڵاتانى ئەندام لە يەكێتى ئەوروپا داواى كشانەوەى هێزە بيانييەكان دەكەن، توركياش هەوڵدەدات پەيوەندييەكانى لەگەڵ هاوپەيمانە رۆژئاواييەكانى باشتر بكاتەوە، بۆ ئەوەى لاى كەم قبوڵ بكەن بەشێك لە هێزەكانى لەو وڵاتە جێبهێڵن، دەربارەى هەڵوێستى توركيا سەرهات جۆفنيش مامۆستاى پەيوەندييە نێودەوڵەتييەكان لە ئيستەمبۆڵ دەڵێت، "لە كۆتاييدا ئەگەرى ئەوە هەيە توركيا داواى كشانەوەى هێزەكانى قبووڵ بكات".

سەبارەت بە هێزە بيانيەكانيش بورويلا دەڵێت، "مورتەزەقە سوورييەكان لە هەموويان زياتر هۆكارى تێكدانى سەقامگيرى ليبيان، بەهۆى هەڵسوكەوتەكانيان، كە هەمان تاڵانى و دەستدرێژى سێكسى و توندوتيژى باكوورى رۆژهەڵاتى سووريا دووبارە دەكەنەوە".

پێشبينى دەكرێت بوونى سەربازى توركيا لەو وڵاتە رووبەڕووى فشارى گەورە ببێتەوە، لەگەڵ هەبوونى ئەو ئەوفشارانەش بەگوێرەى راپۆرتێكى دەنگى ئەمريكا، "سوپاى توركيا بنكەى ئاسمانى خۆى لەو وڵاتە بەهێزتر دەكات و دەيەوێت بنكەيەكى دەرياييش لە ليبيا دابمەزرێنێت، كە هەريەك لە ميسڕ و فەڕەنسا دژى ئەو پلانەى توركيان، ئەو دوو وڵاتەش نوێنەريان لە كۆنگرەى بەرلين هەيە".

لە مانگى كانوونى يەكەمى رابردوو نەتەوە يەكگرتووەكان ژمارەى چەكدارانى بيانى لە لیبيا بە (٢٠) هەزار سەرباز مەزەندە كرد، كە پێكهاتوون لە كۆمەڵەى فاگنەرى تايبەتى سەر بەڕووسيا، چەكدارى چاديى، سوودانى، سوورى كە بەگوێرەى راپۆرتى وەزارەتى دەرەوەى توركيا هەزاران چەكدارى سووريا لەرێگەى توركياوە رەوانەى ليبيا كراون، هەروەها لەسەر حكومەتى  تەڕابلوس توركيا سەدان سەربازى رەوانەى ليبيا كرد بۆ جەنگ دژ بە هێزەكانى خەليفە حەفتەر.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین