کۆمسیارى باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان: ئێران بە شێوەیەکی جددی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات ئێران

نوچەنێت:

میشل باشلە، کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، وێرای جەختکردنەوە لەوەی کە خۆپیشاندەران، چالاکانی مەدەنی، پارێزەرەکان و چالاکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لەژێر ترس و هەڕەشەدان و بە شێوەی نایاسایی دەستبەسەر و دادگایی دەکرێن، گوتی: دوایین راپۆرت کە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران ڕادەستی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە دەرخەری ئەوەیە کە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران زۆر خراپە و مافەکانی هەموو مەزهەبەکان، ڕەگەزەکان و نەتەوەکان پێشێل دەکرێن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "ئێران ئێنتەرنەشنال" بڵاوی کردەوە، میشل باشلە دوێنێ (سێشەممە) لە بەیاننامەیێکدا وێرای ئاماژەدان بەو راپۆرتە کە لە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٠ تا ١٧ی ئاداری ٢٠٢١ لەخۆ دەگرێت، گوتی: "بە گشتی ئەم ڕاپۆرتە بۆ ژنان و پیاوانی ئێرانی سەر بە مەزهەب و نەتەوە و چینە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانن دیمەنێکی زۆر خراپ نیشان دەدات، زۆر بە داخەوەین کە پێوەری مافی بەشداریکردنی سیاسی لە ئێراندا لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان یەک ناگرێتەوە". 

باشلە لەو راگەیێندراوەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران بۆ دانانی رێوشوێنی باشتر بۆ زەمانەتکردنی رێزگرتن لە بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ هاوکار بێت.  

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشى: "لە لایەکەوە دۆخی نالەباری ئابووری بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانی گشتی و لە لایەکی ترەوە بەرپرسانی ئێرانی وا نیشانیان داوە کە لە شانۆی سیاسیشدا هیچ مەیلێکیان بۆ چاکسازیی نییە". 

ئەو راگەیێندراوە جەخت لەوە دەکاتەوە: "گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان هیچ لە بەرپرسیاریێتی حکوومەتیی ئێران سەبارەت بە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بە پێی یاساکانی مافی مرۆڤ، و لەوانە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە زیندانەکان و چارەسەرکردنی تووشبووان، کەم ناکاتەوە". 

باشلە وێرای ئاماژەدان بە نیگەرانی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ئێراندا گوتی، زۆر جار زیندانیان ئەشکەنجە دەکرێن بۆ ئەوەی دان بە تاواندا بنێن. 

راسپاردەی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان گووتیشی: "لە ساڵی ٢٠٢٠دا لانیکەم ٢٦٧ کەس لە ئێراندا لەسێدارە دران و تەنیا ٩١ لەو لەسێدارەدانانە راگەیێندران. لە ساڵی ٢٠٢١یشدا تا ئێستا ٩٥ کەس لەسێدارە دراون. هەروەها زیاتر لە ٨٠ منداڵ سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و مەترسی ئەوە لە ئارادایە کە چوار کەسیان بەم زووانە لەسێدارە بدرێن". 

باشلە لەو راگەیێندراوەدا هۆشداری داوە لەوە ژمارەی لەسێدارەدانەکانی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەت لە ناو ئەو تۆمەتبارانەدا کە سەر بە نەتەوەی کورد، عەرەب و بەلووچن زیادی کردووە. 

میشل باشلە هەروەها سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ی بە "خراپترین نموونەی توندوتیژیی دەسەڵات لە دژی خۆپیشاندەران لە چەند دەیەی رابردوودا" ناو بردووە. 

باشلە گوتی سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە تەشرینی دووەمی ٢٠١٩دا، ئێران هیچ وەڵامێکی نەداوەتەوە. 

باشلە جەختی کردەوە پاراستنی ئەو کەسانەی کە مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا پێشێل دەکەن، لەبەرامبەردا  ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی لە بواری مافی مرۆڤ چالاکییان کردووە، لە لایەن حکومەتەوە سزا دراون هێشتا نیگەرانییەکی جددییە.

ئەو راگەیێندراوە وێرای ئاماژەدان بە راپۆرتە پشتڕاستکراوە بەرفراوانەکان دەربارەی ئەشکەنجەدانی زیندانیان، لەوانە کەڵکوەرگرتنی بەربڵاو لە زیندانی تاکەکەسی گوتی، زیندانە تاکەکەسییەکان وەک شێوازێک لە سزادان و رێگایەک بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی زانیارییەکان بۆ دەرەوەی زیندان کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت. 

کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها گوتوویەتی پرۆژە یاسای نوێی پەرلەمانی ئێران بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی لە دژی ئافرەتان هیچ زەمانەتێکی جێبەجێکردنی لە پشتەوە نییە، هەروەها دەشڵێت، کۆماری ئیسلامیی هێشتا هاوسەرگیری منداڵان بە تاوان نازانێت. 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین