پنتاگۆن: ئێران هەوڵی هاوێشتنی مانگی دەستکردی داوە ئێران

نوچەنێت:

کەناڵی CNN بە گێڕانەوە لە چەند بەرپرسێکی سەربازیی ئەمریکا رایگەیاند، بەرپرسانی پنتاگۆن سەرەتای ئەم مانگە چاودێری هەوڵێکی ئێرانیان بۆ هاوێشتنی مانگێکی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان کردووە، ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان کردووە ئەو هەوڵەی ئێران سەرکەوتوو نەبووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "CNN" بڵاوی کردەوە، یەکێک لە وتەبێژانی پنتاگۆن رایگەیاندووە، ئێران ئەو هەوڵەی لە رۆژی ١٢ی حوزەیران، واتە نزیکەی ١١ رۆژ پێش ئێستا ئەنجام داوە. 

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە سەرەڕای ئەوەی ئێران لەو تاقیکردنەوەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام هەوڵ دەدات لە داهاتوویەکی نزیکدا مانگێکی دەستکردی نوێ بهاوێژێت. 

بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، وێنەی مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیاکانی "پلێنت" و "مەکسار" دەرخەری ئەوەن لەم رۆژانەی دواییدا چالاکییەکان لە "وێستگەی ئاسمانیی ئیمام خومەینی" لە نزیک شاری تاران، زیادیان کردووە. 

شارەزایان لە رێگای شیکردنەوەی داتاکان و پەرەسەندنی کەرەستەکانی گواستنەوە لەو وێستگەیەدا دەڵێن، ئێران بەم زووانە هەوڵ دەدات مانگێکی دەستکردی نوێ بۆ بۆشایی ئاسمان بهاوێژێت. 

ئەو هەوڵانەی ئێران لە کاتێکدا کە تاران و واشنتۆن سەرقاڵی گفتوگۆ بە مەبەستی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمین، ئەنجام دەدرێن.

بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا هێشتا ڕایانەگەیاندووە، ئێران بە چ جۆرە رۆکێتێک ویستوویەتی ئەو مانگە دەستکردە بهاوێژێت، بەڵام جفری لوئیس، مامۆستای ناوەندی میدێلبری، دەڵێت ڕەنگە ئێران لە ڕێگای مووشەکێکەوە  بە ناوی "سیمرخ" کە سوودى لە دیزانى مووشەکەکانی کۆریای باکوورەوە وەرگرتووە، هەوڵی هاوێشتنی ئەو مانگە دەستکردەی دابێت.  

لوئیس کە کتێبێکی دەربارەی بەرنامەی ئێران بۆ بۆشایی ئاسمان نووسیوە، گوتوویەتی: "ئەوە چوارەمین شکستی یەک لە دوای یەکی ئەو مووشەکەی ئێرانە، بۆیە مووشەکەکانی تر لەوە باشترن". 

رەخنەگرانی چالاکییە سەربازییەکانی ئێران دەڵێن هاوێشتنی مانگی دەستکرد لە لایەن ئێرانەوە جێگای نیگەرانییە چونکە ئەو جۆرە تەکنۆلۆژیا هاوشێوەی تەکنۆلۆژیای مووشەکی بالستیکی نێوان کیشوەرییە. 

بردلی بومەن، بەرپرسی یەکەمی "ناوەندی سوپا و هێزی سیاسیی" کە بەشێکە لە ژووری فکریی "ناوەندی بەرگری لە دیموکراسییەکان"، گوتوویەتی: "ئێران ئەزموونێکی دوورودرێژی هەیە لە تێکدانی سنووری نێوان چالاکییە بازرگانی و سەربازییەکان. بە بڕوای من ئێران هەر کارێک لە بواری بۆشایی ئاسماندا ئەنجام بدات، جێگای نیگەرانییە، چونکە ئەگەر شەڕێک بێتە ئاراوە، هەر لەو توانایانە لە دژی ئێمە کەڵک وەردەگرێت". 

شارەزایانی بواری سەربازیی پێشتر گوتوویانە سوپای پاسداران دەیەوێت مووشەکێکی دوورمەودا درووست بکات و چالاکییەکانی لە بواری بۆشایی ئەسمان، دەتوانن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە، یارمەتیدەری بن". 

لە مانگی نیسانی ٢٠٢٠یشدا ئێران مانگی دەستکردی نور-١ی رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرد. 

پنتاگۆن لەو بڕوایەدایە ئەو مانگە دەستکردەی ئێران رەوانەی کرد هێشتا لە بۆشایی ئاسماندایە بەڵام لە کۆنتڕۆڵی دەرچووە. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین