ئەمریکا دەیان ماڵپەڕی ئێران و میلشیاکانی سەر بەو وڵاتە دادەخات ئێران

نوچەنێت:

وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ٣٣ ماڵپەڕی سەر بە "یەکێتی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەکان"ی ئێران و سێ ماڵپەڕی میلیشیاکانی سەر بە کەتیبەکانی حزبوڵای عێراقی داخستووە، بە تۆمەتی ئەوەی گەمارۆکانی ئەمریکایان پێشێل کردووە، ئێرانیش ئەو هەوڵەی ئەمریکای بە بەرتەسککردنەوەی سنوورەکانی ئازادی رادەربڕین وەسف کردووە. 

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دادی ئەمریکا کە چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرداگرتنی ناونیشانی ئینتەرنێتی ئەو ماڵپەڕانە بڵاوبووەتەوە، تێیدا هاتووە، "نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا، دەستی بەسەر ناونیشانی ماڵپەڕەکانی یەکێتی رادیۆ و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەکان(ئای ئار تی وی یو)گرت، بە تۆمەتی ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی (SND) دیاری کراوە". 

ئەگەر دامەزراوەیەک لە لایەن ئەمریکاوە وەک "SND" دیاری بکرێت، ناتوانێت بە بێ مۆڵەتی نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی ئەو وڵاتە، ناونیشانی ئینتەرنێتی پێ بدرێت و خزمەتگوزاریی وەربگرێت. 

لەو راگەیێندراوەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هۆکاری دیاریکردنی "یەکێتی رادیۆ و تەلەڤزیونە ئیسلامییەکان"ی ئێران وەک "SND" ئەوە بوو کە "رژێمی ئێران بێشەرمانە هەوڵی دا پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە مەبەستی دروستکردنی دووبەرەکی لە ناو دەنگدەران لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشاکارانە لە ئینتەرنێتدا، بکاتە ئامانج". 

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا نووسیویەتی، کۆمپانیایەکی ئەمریکی خزمەتگوزاری دەگەیاند بەو ٣٣ ماڵپەڕەی سەر بە "یەکێتی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنە ئیسلامییەکان". 

دوێنێ سێشەممە لەسەر ماڵپەڕی کەناڵەکانی ئەلعالەم، پرس تی ڤی، کەوسەر و ئەلمەسیرە (کەناڵی میلیشیا حوسییەکان)، دەقی راگەیێندراوێک بڵاوکرایەوە کە مۆری وەزارەتی بازرگانی و پۆلیسی فیدراڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لەسەر بوو. 

پرس تی ڤی کەناڵی ئینگلیسی زمان و ئەلعالەم کەناڵی عەرەب زمانی سەر بە رێکخراوی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامین. 

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی و پۆلیسی فیدراڵدا هاتووە، "بە پێی حوکمی دادگا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی و ئاسایش [سەر بە وەزارەتی بازرگانی] و هەروەها فەرمانی نووسینگەی جێبەجێکردنی یاساى هەناردەکردن و ئیدارەی پۆلیسی فیدراڵ "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی بەسەر ناونیشانی ئەو ماڵپەڕانەدا گرتووە". 

لەسەر ئەو ماڵپەڕانە بە دوو زمانی ئینگلیزی و عەرەبی نووسراوە "چالاکی ئەم ماڵپەڕانە وەستێندراوە". 

ئەو راگەیێندراوە لەسەر ماڵپەڕی کەناڵی تەلەڤزیۆنی ئەلمسیرە سەر بە حوسییەکانی یەمەنیش بڵاو بووەتەوە. لەو راگەیێندراوەدا هۆکاری دەستداگرتن بەسەر ناونیشانی ئینتەرنێتی ئەو ماڵپەڕە رانەگەیێندراوە. 

چەند ماڵپەڕێک لەوانە دوای تێپەڕینی چەند کاتژمێرێک بە ناونیشانێکی نوێی ئینتەرنێتی دەستیان بە چالاکییەکانیان کردەوە. 

شاهرۆخ نازمی گوتەبێژی شاندی نوێنەرانی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، "دەستگرتن بەسەر ناونیشانی هەندێ لەو ماڵپەڕانەدا لە لایەن وەزارەتی دادی ئەمریکاوە، پێشێلکردنی ئازادی ڕادەربڕینە". 

نازمی گوتوویەتی، ئێران رێوشوێنی یاسایی لەو بارەوە دەگرێتەبەر. 

ئیدارەی ئەمریکا پێشتر کەتیبەکانی حزبوڵای لوبنانی وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناساندبوو و گوتبووی ئەو گرووپە "سەرچاوەی هەڕەشە" بووە بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانی دژە داعش و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.

دادگای ئەمریکا مانگی تەشرینی یەکەمی رابردوو دەستی بەسەر ناونیشانی ئینتەرنێتی تۆڕێک لە ماڵپەڕەکانی سەر بە سوپای پاسداراندا گرت کە لە هەڵمەتێکدا زانیاری چەواشەکارانەیان لە جیهاندا بڵاو دەکردەوە. 

وەزارەتی دادی ئەمریکا ئەو کات گوتی دەستی بەسەر ٩٢ ماڵپەڕدا لە ئەمریکا، ئەورووپا، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیادا گرتووە، بە تۆمەتی ئەوەی زانیاری جێ بڕوایان بڵاو نەکردووەتەوە. 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین