ئەمریکا رەتیدەکاتەوە لەگەڵ ئێران گەیشتبنە رێککەوتنی کۆتایی ئێران

نوچەنێت:

بەرپرسێکی ئەمریکیی قسەکانی سەرۆکی نووسینگەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێرانی سەبارەت بە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان ڕەتکردۆتەوە و دەشڵێت، هێشتا هیچ جۆرە بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، دوێنێ (چوارشەممە) مەحموود واعزی، سەرۆکی نووسینگەی حەسەن رۆحانی، باسی لە وردەکاریی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئێران دەربارەی هەڵوەشاندنەوەی هەندێ لە گەمارۆکان کرد، بەڵام بەرپرسێکی ئەمریکیی دەڵێت، لە ئێستادا باسکردن لە رێککەوتن دروست نییە. 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بێت، جەختی کردووەتەوە دەقە سەرەتاییەکانی رێککەوتننامەکە ئامادە کراون، بەڵام ئەوە بە واتای گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی نییە. 

هەروەها گوتوویەتی: "لەو جۆرە گفتوگۆیانەدا کە زۆر دژوار و ئاڵۆزن، دیپلۆماتکاران هەوڵ دەدەن بە نووسی دەقە سەرەتاییەکان خۆیان ئامادە بکەن بۆ باسکردنی پرسە سەرەکییەکان، بەڵام تا کاتێ لەسەر هەموو پرسەکان رێککەوتن نەکرێت، سەبارەت بە هیچ کامیان رێککەوتن نەکراوە". 

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "ئیسنا" قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە دوای ئەوە دێت کە مەحموود واعزی، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران، دوێنێ (٢٣ی حوزەیران) لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کابینەی وەزیران، سەبارەت بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی ڤیێنا، بە رۆژنامەنووسانی گوتبوو: گفتوگۆکان پێشکەوتنی بەرچاویان هەبووە، سەبارەت بە هەموو پرسە ئابوورییەکان رێککەوتن کراوە و بڕیار دراوە هەموو گەمارۆکان هەڵبوەشێندرێنەوە. ئێستا سەبارەت بە بانک، بیمە، نەوت و کەشتیوانی کێشەیەک نەماوەتەوە.

بە پێی رێککەوتنەکە نزیکەی ١٠٤٠ سزا و گەمارۆی سەردەمی ئیدارەی ترەمپ هەڵدەوەشێنەوە، سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی سەر تاک و دامودەزگاکانی سەر بە بەیتی رابەری ئێرانیش رێککەوتن ئەنجام دراوە. 

کابینەی حەسەن رۆحانی تا دوو مانگی تر جێگای خۆی بە ئیبراهیم رەئیسی دەدات و بەگوێرەی چەند راپۆرتێک ئیدارەی بایدن پێی باشترە پێش دەسەڵاتگرتنی رەئیسی رێککەوتنی ئەتۆمی زیندوو بکاتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین