ئێران ناڕەزایی بەرامبەر بەریتانیا دەردەبڕێت ئێران

نوچەنێت:

باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیی لە لەندەن وێرای دەربڕینی ناڕەزایی خۆی لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بە هۆی کەمتەرخەمی پۆلیس لە بنکەکانی دەنگدان بۆ سەرۆک کۆماریی ئێران، داوای کرد، رێوشوێنی یاسایی دەربارەی تاوانباران بگیردرێتەبەر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "سپۆتنیک" بڵاوی کردەوە، مەتین حسێنی ڕاسپاردەی ئێران لە لەندەن لە تویتێکدا نووسی، باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە لەندەن لە یادداشتێکدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سەبارەت بە کەمتەرخەمی پۆلیسی بەریتانیا لە دابینکردنی ئاسایشی بنکەکانی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریى ئێران لە رۆژی ١٨ی حوزەیران و نەپاراستنی دەنگدەران و رێگری نەکردن لە بەکارهێنانی توندوتیژی لە دژی دەنگدەران لە چەند شارێکی ئەو وڵاتە، و لەوانە بیرمێنگهام ناڕەزایی جددی دەربڕیوە. 

هەروەها باڵوێزخانەی ئێران بە جددی داوای لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کردووە وێرای گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بە خێرایی تاوانباران ڕادەستی دادگا بکات و قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە بەر دەنگدەران و باڵاخانە دیپلۆماتیکەکانی کۆماری ئیسلامیی کەوتوون. 

پێشتر چەندین راپۆرت باسی ئەوەیان کردبوو، لە رۆژی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ئێران، چەند هاووڵاتییەکی ئێرانی لە بەریتانیا، لە کاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە دژی کۆماری ئیسلامیی لە نزیک بنکەکانی دەنگدان، پەلاماری دەنگدەرانیان داوە. 

رۆژی شەممە ١٩ی حەزەیران، ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی "ئیرنا" لە راپۆرتێکدا نووسی، ئەو کەسانەی خۆپیشاندانیان کردووە و پەلاماری دەنگدەرانیان داوە، هەوڵیان داوە رێگری بکەن لە دەنگدانی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکەن. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین