ئەمریکا بارەگاى حەشدى شەعبى لە سنوورى سوریا و عێراق بۆردوومان دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت:

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگون)، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ٢٧ی حوزەیران رایگەیاند، هێرشی کردووەتە سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە خاڵە سنوورییەکانی عێراق و سوریا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردەوە، راگەیێندراوەکەی پنتاگۆن دەڵێت، ئەو هێرشە ئێوارەی یەکشەممە و بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا  ئەنجام دراوە. 

وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دەشڵێت، ئەو شوێنانەی کرانە ئامانج، ئەو بارەگانە بوون کە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق و سووریا کەڵکیان لێ وەردەگرتن. پنتاگۆن لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بە "کەتیبەکانی حزبوڵا" و "کەتیبەکانی سەیدشوهەدا"ی کردووە و دەڵیت، ئەو گرووپانە لەو بارەگانە کەڵکیان وەرگرتووە. 

پنتاگۆن گوتوویەتی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لەو بارەگانە بە مەبەستی ئەنجامدانی هێرشە درۆنیەکان لە دژی هێزەکان و باڵەخانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق کەڵکیان وەرگرتووە. بە گوتەی وەزارەتی بەرگری، لە هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەدا، بارەگا و جبەخانەی چەک و تەقەمەنی ئەو گرووپانە لە سوریا و لە ناوچەیەکی عێراقدا کراونەتە ئامانج. ئەو بارەگانە لە نزیک سنووری عێراق و سوریا هەڵکەوتوون. 

پنتاگۆن وێرای ئاماژەکردن بە هێرشەکانی ئەم دواییانەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، دەڵێت سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان فەرمانی داوە بە مەبەستی پووچەڵکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئۆپەراسیونی سەربازیی زیاتر ئەنجام بدرێن. 

راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری ئاماژەی بەوەش داوە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەسەر داوای حکومەتی عێراق و تەنیا بە مەبەستی یارمەتیدان بە هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بۆ شکستدانی داعش لە عێراق ماوەتەوە. 

ئەو راگەیێندراوە جەختی کردووەتەوە هێرشەکەی ئەمریکا "پێویست، گونجاو و بەئەنقەست و بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان" ئەنجام درا، بەڵام ئامانجێکی تری ئەو هێرشە ناردنی "پەیامێکی روون و ئاشکرا" بوو. پنتاگۆن لە راگەیێندراوەکەی خۆیدا گوتویەتی ئەو هێرشە بە رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجام درا. 

دوو بەرپرسی ئەمریکیی بە رۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە،  ئەمریکا بە فڕۆکەی F15 و F16 ئەو هێرشانەی ئەنجام دا. ئەو بەرپرسانە گوتیشیان، لە مانگی نیسانەوە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لانیکەم ٥ هێرشیان بە درۆن بۆ سەر شوێنی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەنجام داوە. بەگوێرەی ئەو راپۆرتە، یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشەکەی دوێنێی ئەمریکا، باڵەخانەیەک بوو کە میلیشیاکان بۆ دەستپێکردنی هێرشە درۆنیەکان، کەڵکیان لێ وەردەگرت. 

پێش ئەو هێرشە، رۆژی شەممە، بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر شاری هەولێر و نزیک کونسولخانە نوێیەکەی ئەمریکا. کونسولخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد، هەمان رۆژ، میلیشیاکانی سەر بە ئێران نمایشێکی سەربازی گەورەیان ئەنجام دا. ئەو گرووپانە چەندین جار بە رۆکێت و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر باڵەخانە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق. 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین