ئێران: سه‌باره‌ت به‌ هاوكاریى ئاژانسى ئه‌تۆمى هیچ بڕیارێكمان نه‌داوه‌ ئێران

نوچه‌نێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، دەربارەی درێژکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە هاوکارییەکان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و سڕینەوە یان هێشتنەوەی وێنە و ڤیدیۆی کامێراکانی ئاژانس، هێشتا هیچ بڕیارێکیان نەداوە.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم" بڵاوی کردەوە، سەعید خەتیب زادە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە درێژکردنەوە یان کۆتاییهێنان بە هاوکارییە تەکنیکییەکان لەگەڵ ئاژانس گوتی، "گەڵاڵەی پەسەندکراوی پەرلەمان سەبارەت بە بەڵێن و ئەرکەکانی حکومەت بە تەواوەتی ئاشکران و هەر لەو چوارچێوەیەدا جوڵاینەتەوە".

خەتیب زادە دەربارەی رێککەوتنی سێ مانگە لەگەڵ ئاژانس و چۆنیەتی درێژکردنەوە یان کۆتاییهێنان بەو رێککەوتنە و هەروەها سەبارەت بە سڕینەوەی زانیارییە تۆمارکراوەکانی کامێراکانی ئاژانس لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا، هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە.

گفتوگۆکانی ڤیێنا گەیشتوونەتە خاڵێک کە پێویستە هەموو لایەنەکان بڕیاری خۆیان بدەن. 
ئێران دوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، هەنگاو بە هەنگاو لەو رێککەوتنە کشاوە و لەدوایین هەنگاودا بە پێی گەڵاڵەیەکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، کۆتایی بە جێبەجێکردنی پڕۆتۆکۆلی پاشکۆ و پشکنینە لەناکاوەکان و چاودێریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی بەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانیدا دێنێت.

دوای ئەوە، رافائل گروسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، سەرەتای مانگی ئادار بۆ گفتوگۆ سەبارەت بەو بابەتە لەگەڵ بەرپرسانی ئێران سەردانی تارانی کرد و لە گەڕانەوەدا رایگەیاند گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سێ مانگە بۆ درێژەدان بە چالاکییەکانی کامێرەکانی ئاژانس لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێراندا.

دوای ئەوەی رێککەوتنە کاتییەکە ماوەکەی بەسەر چوو، ئێران و ئاژانسى  وزەى ئەتۆمى کۆتایی مانگی ئایار بۆ ماوەی یەک مانگی تر ئەو رێککەوتنەیان درێژ کردەوە و رۆژی پێنجشەممەی رابردوو ٢٤ی مانگى حوزەیرانیش ئەو یەک مانگەش کۆتاییهات.

ئێستا ئاژانسى وزەى ئەتۆمى داوا دەکات ئێران هەڵوێستی خۆی روون بکاتەوە، ئایا ئامادەیە بۆ جارێکی تر لەگەڵ ئاژانسى وزەى ئەتۆمى بە مەبەستی درێژەدان بە پشکنین و چاودێرییەکان رێککەوتن بکات یاخود نا.

خەتیب زادە، لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە داخستنی ماڵپەڕەکانی وڵاتەکەی لە لایەن ئەمریکاوە گوتی: "ئەوە دەرخەری تەنگەتاوبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر دەنگی سەربەخۆی وڵاتێکی وەک ئێرانە و هەروەها دەرخەری ئەوەیە ئەمریکا دەربارەی ئازادی رادەربڕین بانگەشەی درۆ دەکات".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین