بایدن: رێگە نادەم ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات ئێران

نوچه‌نێت

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، وێرای جەختکردنەوە لە پشتیوانیکردن لە ئیسرائیل رایگەیاند، رێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

ئێوارەی دووشەممە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، بایدن لەمیانەی دیدار لەگه‌ڵ روڤین ریڤلین، سەرۆک کۆماری ئیسرائیل، لە کۆشکی سپی گوتی، تا کاتێ دەسەڵاتی بە دەستەوەیە رێگە نادات ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

بایدن هەروەها وێرای رەتکردنەوەی ئەو رەخنانەی لە کۆنگرێس سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەکانی رۆژی یەکشەممە بۆ سەر بارەگای میلیشیاکانی سەربە ئێران لە عێراق و سووریا هاتوونەتە ئاراوە، گوتی: "من دەسەڵاتی ئەوەم هەیە".

کۆشكی سپی رایگەیاندووە ئەو هێرشانەی لە تۆڵە و لە وەڵامی هێرشەکانی میلیشیاکان بۆ سەر بەرژوەندییەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە.

بایدن هیوای خواستووە بەو زووانە لەگەڵ نەفتالی بنت، سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسرائیل دیدار بکات.  جین پساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی لەو بارەوە گوتی، بایدن هیوادارە بەو زووانە لە کۆشکی سپی پێشوازی لە بنت بکات، بەڵام رێکەوتی ئەو چاوپێکەوتنە دیاری نەکراوە.

نەفتالی بنت دوو هەفتە پێش ئێستا بووە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل.  پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دوای دەسەڵاتگرتنی جۆ بایدن تا رادەیەک ئاڵۆزیان تێکەوت، بەڵام هەر دوو لایەن هیوادارن دوای وەلانانی بنیامین نەتانیاهۆ، پەیوەندییەکانیان ئاسایی بننەوە.

یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە بە ئەنتونی بلینکن، هاوتا ئەمریکیەکەی خۆیی گوت، ئیسرائیل تێبینی لەسەر رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە. لاپید هەروەها وێرای ئاماژەدان بە گرنگی گفتوگۆ راستەوخۆ و تەکنیکییەکان، جەختی لە هەوڵدان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن کردەوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین