پله‌ى گه‌رما وه‌زیرێكى عێراق له‌ پۆسته‌كه‌ى دوور ده‌خاته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

به‌هۆى به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌ى گه‌رم و بێتوانایى وه‌زاره‌تى كاره‌باى عێراق له‌ دابینكردنى كاره‌با بۆ هاووڵاتیان، ماجد حه‌نتووش وه‌زیرى كاره‌با ده‌ستى له‌كار كێشایه‌وه‌ و ئه‌و وه‌زیره‌ ئاشكراى ده‌كات له‌ ساڵى 2003 وه‌ زیاتر له‌ 80 ملیار دۆلار بۆ چاككردنى كه‌رتى كاره‌با خه‌رج كراوه‌ و تا ئێستا هیچ نه‌كراوه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 30ى حوزه‌یران، ماڵپه‌ڕى عه‌ین عه‌ره‌بى راپۆرتێكى له‌سه‌ر قه‌یرانى كاره‌باى عێراق بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ هۆكارانه‌ ده‌كات كه‌ وایانكردووه‌، حكومه‌تى عێراق له‌ دابینكردنى كاره‌باى پێویست بۆ هاووڵاتیان شكست بهێنێ.

به‌گوێره‌ى راپۆرته‌كه‌، گه‌نده‌ڵێ، به‌ئامانجگرتنى تاوه‌ره‌كانى كاره‌با له‌لایه‌ن گرووپه‌ تیرۆریستییه‌كان، ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كى هۆكارى هه‌ره‌ دیارن له‌ شكستهێنانى حكومه‌ت له‌ دۆسیه‌ى كاره‌بادا.

له‌ راپۆرته‌كه‌ باس له‌وه‌ ده‌كرێت ماجد حه‌نتووش وه‌زیرى كاره‌باى عێراق دوێنێ سێشه‌ممه‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى خۆى پێشكه‌شى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێدانى كاره‌با به‌ هاووڵاتیان به‌شێوه‌یه‌كى زۆر دابه‌زیوه‌.

راپۆرته‌كه‌ى ماڵپه‌ڕى عه‌ین لێدوانێكى ماجد حه‌نتووشى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێ، "له‌ 2003 وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 80 ملیار دۆلار له‌ كه‌رتى كاره‌با خه‌رج كراوه‌".

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ته‌نگژه‌ى كاره‌با له‌ عێراق وه‌ك ساڵانى رابردوو خه‌ڵكێكى زۆر بڕژێنێته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان به‌ تایبه‌تى كه‌ ده‌زانرێت، ئه‌مساڵ له‌ ساڵانى رابردوو گه‌رمتره‌ و پله‌ى گه‌رمى له‌ هه‌ندێك شوێنى عێراق له‌به‌ر هه‌تاو  ده‌گاته‌ 60 پله‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین