موحسینی ئێژەیی وەک سەرۆکی دەزگای دادی ئێران دیاری دەکرێت ئێران

نوچه‌نێت

عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی، غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی بۆ سەرۆکایەتی دەزگای دادی ئێران له‌ شوێنى ئیبراهیم ره‌ئیسى سه‌رۆكى براوه‌ى ئێران دیاری کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەمە یه‌كى تەموزی ٢٠٢١، غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی، بە فەرمانی عەلی خامنەیی رابەری کۆماری ئیسلامیی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتی دەزگای دادی ئەو وڵاتە دیاری کرا. 
پێشتر ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، سەرۆکی دەزگای داد بوو. موحسینی ئێژەییش گوتەبێژی ئەو دەزگایە بوو. دوای هەڵبژاردنی رەئیسی وەک سەرۆک کۆمار، ئێستا موحسینی ئێژەیی جێگای دەگرێتەوە. 
خامنەیی لە نووسراوەیەکدا کە لە میدیاکانی ئێران بڵاو بووەتەوە، گوتوویەتی، سەردەمی سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی، جێگای شانازییە. 
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی"، نزیکەی دوو هەفتە پێش ئێستا کە چەند راپۆرتێک دانانی موحسینی ئێژەییان وەک سەرۆکی دەزگای داد پێشبینی کردبوو، خۆدی ئێژەیی ئەو پێشبینیانەی رەت کردەوە و گوتی، "ئەو هەواڵ و راپۆرتانە  هەموویان دەنگۆن و راست نین".  
ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ موحسینی ئێژیەییان وەک ئیبراهیم رەئیسی خستووەتە لیستی گەمارۆکان.

موحسینی ئێژەیی ماوەیەکی کورت دوای شۆڕشی ئێران (١٩٧٩) و دەسەڵاتگرتنی کۆماری ئیسلامیی، چالاکییەکانی خۆی لە دەزگای داد و لە داودەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە دەستپێکرد و هەموو تەمەنی لەو بوارەدا چالاکی کردووە.

ئێژەیی لە ساڵی ١٩٨٣ چالاکییەکانی خۆی لە وەزارەتی ئیتلاعات [دەزگای هەواڵگریی] ئێران دەست پێکرد.
هەروەها لە ساڵی ١٩٨٥ تا ١٩٨٨، نوێنەری دەزگای داد لە وەزارەتی ئیتلاعات بوو. لە ساڵی ١٩٨٨دا، هەزاران زیندانی سیاسیی بە نهێنی لەسێدارە دران. ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی پێشووی دەزگای داد و سەرۆک کۆماری ئێستای ئێران، لەو تاوانەدا دەستی هەبوو.

موحسینی ئێژەیی ساڵی ٢٠٠٥ و دوای سەرکەوتنی ئەحمەدی نەژاد لە هەڵبژاردنەکانی ئێران، بووە وەزیری ئیتلاعات، بەڵام ساڵی ٢٠٠٩ لە لایەن ئەحمەدی نەژادەوە لەو پۆستە دەرکرا و ئەوە یەکێک بوو لەو پرسانەی ناکۆکی و گرژیی خستە نێوان موحافیزەکارانی وەفادار بە خامنەیی و مەحموود ئەحمەدی نەژاد.

موحسینی ئێژەیی دوای دوورخستنەوەی لە وەزارەتی ئیتلاعات وەک دادوەری گشتیی ئێران دەستنیشان کرا و دواتریش وەک جێگری یەکەمی سەرۆکی دەزگای داد دیاری کرا. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین