لە لایەن براکەیەوە دەستدرێژی دەکرێتە سەر و خێزانەکەشی یارمەتی نادەن هەواڵ

 

نوچەنێت

تەمەنی ٢٠ساڵە، بەڵام وەک کچێكی ترساو و نەخۆش دێتە بەرچاو، ئەو دەڵێت، تەنانەت نەمتوانیوە لە خوێندنیش بەردەوام بم، چونکە بە بینین یان دانیشتنی پیاو لە دەوری خۆم بێزار دەبم بە راددەیەک ناتوانم بەرگە بگرم.

شیرین، لە تەمەنی ١٥ساڵییەوە لە لایەن براگەورەکەی تووشی دەستدرێژیی بووەتەوە. لە بەرئەوەی براکەی لەو گەورەترە نەیتوانیوە بەرگریی لەخۆی بکات، ئەوەش کە باری ئەوەی قورسترکردووە ئەوەیە کە کەس لە خێزانەکەی باوەڕێ پێناکات.

شیرین دەگێڕێتەوە و ده‌ڵێ، "رۆژێک من و براکەم بە تەنیا لە ماڵ بووین. من خەوتبووم، کاتێک چاوم کردەوە براکەم لە تەنیشتم پاڵکەوتبوو توند باوەشی لێمدابوو، منیش خۆم دوورخستەوە بەڵام ئەو گرتمی و نەیهێشت".

ئەم کچی گەنجە لە لایەن براکەیەوە رووبەرووی دەستدرێژی سێکسی بووەتەوە، ئێستاش بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا دەژیت لەبەرئەوەئ براکەی لە هەموو دەرفەتێک هەوڵ دەدا لێی نزیک بێت، "من بەردەوام و لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیم، لەبەرئەوەی براکەم لە هەردەرفەتێک دەیەوێ دەستدرێژیم بکاتەوه‌ سەر. گەیشتوومە دۆخێک کە ناتوانم هیچ کارێک بکەم و زۆر بێزارم".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا هەوڵێداوە لای کەسێک لە خێزانەکەی داوای هاوکاری بکات؟ گوتی" بە دایکم و باوکم گوتووە، بەڵام ئەوان دەڵێن بوختان بە براکەت مەکە و بێدەنگ بە ئەو شتیوا ناکات. لای کەسیش قسەی وا نەکەی".

هەروەها دەڵێت" چەند جارێکی دیکە بە جیاواز بە دایکم گوتووە، براکەم تا ئێستاش هەوڵ دەدات دەستدرێژیم بکاتەوە سەر حەزدەکەی ببمە بۆ نەخۆشخانە پشکنینم بۆ بکە، کەچی دەڵێت، بێدەنگ بە خۆت بە کوشتن مەدە کێ دەڵێ براکەت وایکردووە؟".

شیرین لەگەڵ ئەوەی پێش ئەو دەستدرێژییە قوتابییەکی زیرەک بووە، بەڵام ئێستا ناتوانێ لە خوێندن بەردەوام بێت و وازیهێناوە. ئەوەش لەبەرئەوەی وەک خۆی باسدەکات" متمانەم بە هیچ پیاوێک نییە هەمیشە لە هەموو پیاوێک دەترسێم، کاتێک لە پۆل لە ناو قوتابییەکان دادەنیشم هەست بە ترسێکی یەکجار زۆر دەکەم، بۆیە ناتوانم لە خوێندن بەردەوام بم".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین