ئەمریکا رەخنە لە ئێران و تورکیا دەگرێت ئێران

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئەمریکا رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا "ژینگەیەکی لەباری" بۆ پەرەسەندنی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لە سەرانسەری جیهان ره‌خساندووه‌، لە کاتێکدا دەوڵەتەکان سەرچاوە داراییەکانی خۆیان بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری کۆرۆنا تەرخان دەکەن، ژمارەیەکی زیاتر لە مرۆڤەکان دەکەونە داوی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن. هەر لەو بارەوە، ئەمریکا رەخنەی لە ئێران و تورکیا گرت.

رۆژی هەینی دووی تەمووز، تۆڕی میدیایی "رادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، ئەنتونی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، راپۆرتی ساڵانەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەوە قەیرانێکی جیهانییە".

بلینکن وێرای دانپێدانان بە دژواریی خستنەڕووی ئاماری ورد سەبارەت بەو دیاردەیە، گوتی، “هەڵسەنگاندنەکان دەرخەری ئەوەن ٢٥ ملیۆن کەس بوونەتە قوربانیی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە. ئەوە تەنانەت منداڵانیش دەگرێتەوە”.

بلینکن لەمیانەی لێدوانێکدا گوتی، "ئەوە تاوانە بێڕێزیکردنە بە مافەکانی مرۆڤ. بێڕێزیکردنە بە پێگە و شکۆی مرۆڤایەتی".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەختی کردەوە، لە سەردەمی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و کێشەی ئابووری خەڵک، بازرگانان بەڵێنی درۆیینە بە خێزانە هەژارەکان سەبارەت بە دۆزینەوەی ئیشوکار بۆ منداڵەکانیان دەدەن. هەندێک لە خێزانەکانیش یان خۆیان منداڵەکانی خۆیان دەچەوسێننەوە یان دەیانفرۆشن.

لە راپۆرتەکەی ئەمریکادا، تەنانەت ئاماژە بە چەند نموونە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە رۆژئاوادا کراوە. هەروەها ١٧ وڵات کەوتوونەتە لیستی رەشی ئەمریکا.

لە روانگەی ئەمریکاوە، ئەو وڵاتانە هیچ هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو تاوانە ئەنجام نادەن. ئەو وڵاتانە بریتین لە ئەفغانستان، ئەلجەزایر، میانمار، چین، کۆمۆر، کۆریای باکوور، کوبا، ئەریتریا، نیاکاراگۆا، رووسیا، سودانی باشووری، سووریا، تۆرکمانستان، ڤەنزوێلا، گینەی بیسائۆ و مالیزیا.

رەنگە ئەو وڵاتانە بکەونە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکا یاخود یارمەتییە داراییەکانیان لێ وەربگیردرێتەوە. ئەمریکا تورکیای نەخستووەتە ناو ئەو لیستەوە، بەڵام رەخنەی لەو وڵاتە گرتووە بە هۆی راکێشان و دامەزراندنی منداڵان بە مەبەستی ناردنیان بۆ سووریا و لیبیا وەک سەرباز.  ئەوە یەکەم جارە ئەمریکا سەبارەت بەو بابەتە رەخنە لە ئەندامانی ناتۆ دەگرێت. 
رەخنەیش لە ئێران گیراوە کە هیچ هەوڵێک بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تاوانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە نادات. ئەنتۆنی بلینکن گوتی: "پێویستە دەوڵەتەکان هاووڵاتییانی خۆیان بپارێزن و خزمەتیان بکەن، نەک ئەوەی لەبەر بەرژوەندیی دەسەڵاتداران بیانتۆقێنن و چاوترسێنیان بکەن".


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین