جه‌نگى ساردى رووسیا و به‌ریتانیا وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لەم رۆژانەی دواییدا پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و بەریتانیا گرژییەکی بەرچاوی بە خۆوە بینیوه‌، کە دیارترینیان رووبەڕووبوونی کەشتیگەلی جەنگیی بەریتانی و رووسی بوون لە نزیک نیمچە دوورگەی کریمیا.

گرژییەکە دوای ئەوە تاوی سەند کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بەریتانیی (شاژنە ئەلیزابێس) بە ئاوی نێودەوڵەتیی نزیک ئەو ناوچە هەستیارەدا تێپەڕی، ئەمە هێزی دەریایی رووسیای خستە باری هۆشدارییەوە و چەندین پەیامی هۆشدارییان نارد بۆ کەشتییە بەریتانییەکە و دواتر هەندێک تەقەی هۆشدارییان ئاراستە کرد تاوەکو لە ناوچەکە دوورکەوتەوە.

بەو پێیەی پەیامنێری (بی بی سی) لەسەر کەشتییەکە بووە و رووداوەکەی رووماڵ کردووە، جەنگێکی لێدوان لە دژی یەکتر لەنێوان لەندەن و مۆسکۆ روویدا، ئەوە بوو مۆسکۆ هۆشداری دا کە ئەگەر بەریتانیا ئەم کارە دووبارە بکاتەوە ئەوە کەشتییەکانی تێکدەشکێنرێن، هەرچی لەندەنیشە وتی تێپەڕینەکە ئاسایی بووە و بە ئاوی نێودەوڵەتیدا بووە و سنووری هیچ لایەک نەبەزێنراوە.
ئەم رووداوە لە ترسناکترین رووداوە هاوشێوەکان بوو، چونکە هێزی هەردوولا بە چەکی قوڕسەوە رووبەڕوو بوون. بەڵام ئەمە یەکەم تەنگژەی نێوان لەندەن و مۆسکۆ نییە و چەند ساڵێکە باس لە گەڕانەوەی جەنگی سارد دەکرێت لەنێوان هەردوو وڵات.

جۆنسن په‌یوه‌ندى به‌ریتانیا و رووسیا به‌ ژه‌هراوى وه‌سف ده‌كات

 

تەنگژەی دەریای رەش

ئەوەی سەیر بوو لەکاتی تەنگژەکەدا ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی رووسیا وتی ئەگەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بەریتانیش تێکبشکێنین، جەنگی سێهەمی جیهانی دروست نابێت و بەریتانیا ناتوانێ لەم تەنگژانەدا سەرکەوتو دەربچێت!

رووسیا بڕوای وایە ئەوەی لەندەن دەیکات، بە ئاگاداری و رێنمایی ئەمریکا و بە تایبەت سەرۆک جۆ بایدنە.

بەگوێرەی زانیارییە دزەیپێکراوەکان لە بەریتانیاوە، تێپەڕینی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە بەریتانییەکە لە دووری تەنیا ١٢ میل لە نیمچە دوورگەی کریمیاوە بە ئەنقەست بووە بە دوو مەبەست: تاوەکو راددەی کاردانەوەی رووسیا تاقی بکەنەوە، دووەم بۆئەوەی پیشانی رووسیای بدەنەوە کە بەریتانیایش بۆ مەیدان گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، چونکە لە ١٩٥٠ کانەوە و پێش هێرشی فەرەنسى-بەریتانی-ئیسرائیلی بۆ سەر میسر، ئەمە یەکەمجارە کەشتیی جەنگیی بەریتانی بە نۆکەندی سوێسدا بەرەو دەریای رەش و زەریای هیندی تێپەڕبببێت.

بۆیەش وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە زمانێکی تووند وەڵامی دایەوە و هەڕەشەی تێکشکاندنی هەر یەکەیەکی سەربازی کرد کە بەو هەڵسوکەوتەی کەشتییە بەریتانییەکەوە بەو ناوچەیەدا تێپەڕببێتەوە. لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا مۆسکۆی تۆمەتبارکرد بەوەی ئەوان هۆکاری نەمانی سەقامگیرین لە جیهاندا.

رووسیا پێیوایه‌ ئه‌مریكا هانى به‌ریتانیا ده‌دات

جەنگی ڤاکسین!

جەنگی ساردی نێوان بەریتانیا و رووسیا هەر بە بابەتەکانی هەواڵگری و سەربازییەوە نەوەستا، بەڵکو بابەتی ڤاکسینیشی گرتەوە.

ئەوە بوو ساڵی رابردوو لە گەرمەی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا، ناوەندی ئاساییشی ئەلیکترۆنیی بەریتانیی پەنجەی تۆمەتی درێژکرد بۆ گرووپێک هاککەری رووسی کە ویستوویانە دەستیان بگات بە توێژینەوەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد تایبەت بە دۆزینەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا.

بەریتانیا هەر ئەوکاتە دڵنیایی دا کە رووسەکان شکستیان هێناوە لەوەی زانیاریی توێژینەوە زانستییەکان بەدەستبهێنن، بەڵام هۆشداری دا کە پرۆسەی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی رووسیا فراوانە و چەندین دەزگای تر دەکاتە ئامانج لە وڵاتانی ترى وەکو ئەمریکا و کەنەداش.


بەریتانیا سەرکۆنەی هەوڵی رووسیای کرد بۆ هێرشکردنە سەر ناوەندگەلێک کە خەریکی بەرەنگاربوونەوەی پەتا و نەخۆشین، بەڵام کریملن بە تووندی رەتی کردەوە رووسیا هێرش و هەوڵی لەو جۆرەی ئەنجام دابێت.

ژەهراویکردنی (سکریپاڵ)ی سیخوڕ


ژەهراویکردنی هەواڵگر (سکریپاڵ) لە بەریتانیا و لەلایەن دەزگای هەواڵگریی رووسیاوە لەساڵی ٢٠١٨، گەورەترین تەنگژەی لەنێوان بەریتانیا و رووسیا دروستکرد لەدوای جەنگی ساردی سەدەی رابردووەوە.

لێکۆڵەرانی بەریتانی رایانگەیاند کە سێرگی سکریپاڵ بە گازێکی ژەهراویکردنی مێشک و دەمار ژەهراوی کراوە کە دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت.دوای لێکۆلێنەوەیەک کە ٢٥٠ ئەندامی دژەتیرۆری بەریتانیا بەشدارییان تێداکرد، شوناسی دوو کەس دیاریکرا کە پێدەچێت پرۆسەی ژەهراویکردنەکەیان ئه‌نجام دابێت.

دوو کەسەکە ناویان ئەلیكسندەر پیترۆڤ و روسلانبوشیرۆڤ بوو، بەپێی لێکدانەوەی بەریتانییەکان هەردووکیان ئەفسەرن لە دەزگای هەواڵگریی سەربازیی رووسیا. لە کاردانەوەی ئەوەدا ٢١ دەوڵەتی جیهان وەکو پیشاندانی هاوسۆزیی بۆ بەریتانیا، هەستان بە دەرکردنی دەیان دیپلۆماتکارانی رووسیا، کە ئەوە گەورەترین پرۆسەی دەرکردنی دیپلۆماتکارانی رووسە و تەنانەت کاتی جەنگی ساردیش شتی وەها رووینەداوە.

لەدوا دیداری سەرۆکی روسیا و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە سەرۆکی رووسیای وت پەیوەندییەکانمان هێشتا "ژەهراویین" وەکو ئاماژەیەک بۆ ژەهراویکردنی سکریپاڵی هەواڵگری پێشوو.

دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٩ی بەریتانیادا، رووسیا ئامادەیی هەبوو، بەوەی بە "نایاسایی" چەند بەڵگەنامەیەکی حکومەتی دەستخست و لە ئینتەرنێتدا بڵاوی کردنەوە، حکومەتی بەریتانیا دەڵێت ئەم کارەی رووسیا بۆ کاریگەری دانان بووە لەسەر دەنگدەرانی بەریتانیا. وەزیری دەرەوەی بەریتنای دۆمینیک راب  وتی رووسیا مەبەستی بووە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا بکات!

ڕاپۆرتە دزەپێكراوەکە لەبارەی گفتوگۆ بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا بوو، کە تێێدا باس لەوە کرابوو دەرگا بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بکرێتەوە وەبەرهێنان بکەن لە کەرتی تەندروستیی حکومیی بەریتانیادا، ئەوە لەکاتێکدایە ئەو کەرتە لە بەریتانیا کەرتێکی حکومییە و نابێ کەرتی تایبەت دەستێوەردانی تێدا بکات و بابەتی بە حکومی مانەوەی کەرتی تەندروستی بۆ دەنگدەری بەریتانیا هیڵی سوورە.

ئەم راپۆرتە نهێنییە لە ماڵپەڕێکی کۆمەڵایەتیی سەر بە رووسیادا بڵاوکرایەوە و دواتر جێرمی کۆربین رێبەری ئۆپۆزسیۆنی بەریتانیا بەکاری هێنا بۆ فشاردانان لەسەر بۆریس جۆنسنی ململانێکاری.

ململانێى رووسیا و به‌ریتانیا له‌ دواى جه‌نگى سارده‌وه‌ به‌رده‌وامه‌

 

جەنگی سیخوڕی

راپۆرتێکی پەڕلەمانیی بەریتانیی جەختی کردووەتەوە کە جەنگی سیخوڕی لەنێوان لەندەن و مۆسکۆ هەیە. لیژنەی هەواڵگری و ئاسایش لە پەڕلەمانی ئێران دەڵێت رووسیا وەسواسی و ئارەزوویەکی زۆری بۆ دەستێوەردانی کاروباری سیاسی لە بەریتانیا هەیە و وتوشیەتی "بەریتانیا یەکێک لە ئامانجە سەرەکییە رۆژئاواییەکان بووە لە دەزگای هەواڵگریی رووسیادا و مۆسکۆ بووەتە هەڕەشەیەکی گشتگیر".

هەروەها راپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی "هێنری جاکسن سۆسایەتی" هۆشداری داوە کە ژمارەی کەسانی هەواڵگری رووسیا لەناو بەریتانیا گەیشتووەتە ٢٠٠ کەس، کە ئەوەش پێنج هێندەی ئەوەیە کە لە سەردەمی جەنگی سارددا هەبووە.

هەروەک بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکانی لە بابەتی جەنگی ئەلیکترۆنیدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی بە ئاراستەی رووبەڕووبوونەوەی "هەڕەشەکانی رووسیا"ن.

سه‌رچاوه‌: كه‌ناڵى جه‌زیره‌

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین