چەمکی پێشمەرگە لە نێوان قوربانی و ناوزڕاندندا بیروڕا

بەهرە حەمەڕەش

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەمیشە بونەوەر هەوڵیداوە، شوێنی یان ناونیشانێک بۆ سەقامگیری و ژیان پەیدا بکات. دوای پەیدابوونی موڵکیەت، بەرژەوەندی سەردەستبووە. لە بۆ ستاندن و پاراستنی ماف و بەرژەوەندی، ململانێ لە نێوان تاک، چین و نەتەوە دروستبووە. ئەم بەرگرییە پێویستی بە ئایدۆلۆژیا، گروپ و رێکخستنبووە. کەواتە بۆ وەرگرتنی ماف، مرۆڤ پێویستی بە هزر و هێزە.

لە مێژوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە سەر ئەم بەرژەوەندییانە زۆر تراژیدیای گەورە دروستبووە. هەڵبەت لەم ناوچەیە بەشێک لەو تراژیدیایە بۆ کورد بووە. لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم و دووەم، کورد لەرێگای کۆمەڵێك بیروباوەڕ، ئایدۆلۆژیا، گروپ و پارت، هەوڵیداوە بەرگری لە هەبوونی خۆیی بکات و مافەکانی کورد بپارێزێت، بەڵام بەداخەوە هەمیشە بووەتە قوربانی دووشت: یەکەم هوشیاری، کورد لەو ئاستە پێویستە نەبووە، کە گەمەی سیاسی، ناوخۆیی و دەرەکی باش وەربگرێت یان تێبگات. دووەم کۆلۆنیالیزمەکان هەوڵیان داوە لە سەر بیانو و بەرژەوەندی جیاواز، کە کورد ببێتە فاکتەرێکی ناکۆکی لەم ناوچەیەدا. لە ئەنجامدا وای لێهاتووە روسیا یان ئەمریکا، ئەم ناکۆکیانە بکەنە بیانو یان ئەرگۆمێنتێک، بۆ ئەوەی جێگەی پێیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزنەوە.

بە درێژایی مێژووی کورد، ناوی جیاواز بۆ ئەو قارەمانەی کورد هاتووە، کە بە گیانی خۆیان پارێزگارییان لە خاک و ناسنامە کردووە، بەڵام دوای ئەزمونی کۆماری کوردستان، پێشمەرگە وەک چەمکێک، کەوتە ناو بواری سیاسی، هەروەها بنەمای ئەم ئاڵایەی ئێستای کوردستان، لە وێوە سەرچاوە وەردەگرێت.

وشەی پێشمەرگە، لە رووی زمان و فەرهەنگییەوە دیارە کە هەمو شتێکی لە پێش مەرگی خۆی داناوە. وەک فیداکاری و قوربانی، لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوە. هەمیشە لە مێژووی کورددا، بە تایبەتی دوای شەڕی جیهانی دووەم. کورد لە رووی پێشمەرگایەتییەوە سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە رووی سیاسەتی و دبلۆماسییەوە، زۆر جار شکستی خواردووە! بە درێژایی ئەم مێژووە، هەمیشە پەسنی پێشمەرگە کراوە و کەس بوێری ئەوەی نەبووە، قسە بە قوربانی و تێکۆشانی پێشمەرگە بەشێوەیەکی ناشایستە بکات، بەڵام بە داخەوە لە کوردستان هەڵمەتێک هەیە کە درێژەپێدەری پیلان و بەرنامەی داگیرکارانە، ئینتیما، نەتەوە، رەمز و دۆز و دڵسۆزی دۆزی کورد کەوتوونە بەر شاڵاوی ناوزڕاندن و ناشیرین کردن.

ئەمەش بە پلان یان بێ پلان، بە مەبەست یان بێ مەبەست، تەنیا خزمەتی ناحەز و داگیرکارانی کوردستان دەکات. لە بەرئەوە دەبێ پێش هەموو شتێک وەزارەتی پێشمەرگە و ئەو دامودەزگانایەی کە پەیوەستن بە پێشمەرگە، وەک دامودەزگای هونەری و رۆشنبیری لە سەر ئەم دیاردە و هەوڵە بێنە دەنگ. بە هەمان شێوە لە سەر ئاستی راگەیاندن و سۆسیال میدیا کار بکرێت.

ئەگەر ئێمە سەیری خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە بکەین، لە رووی ئاین و هەم نیشتیمانەوە خاک، نیشتیمان بەشێوەیەکی پیرۆز و پاک، پێشمەرگە بێبەرامبەر بەرگری لێکردووە. ئیتر ئەوانەی ئەمڕۆ، ناوی پێشمەرگە دەزڕێنن لە هەمان کاتدا دژی ئاین و نیشتیمانیشن. ئەمە تەڤگەر و تەوژمێکی سەرلێشیواوە، کە بە هەموو شێوەیەک ئاو دەکاتە ئاشی دوژمن!

راستە ئەمڕۆ کەموکورتی هەیە و دەکرێت رەخنەی زانستی و بابەتی لەسەر هەموو ئاستێک بگیرێت. ئەگەر هەڵەش بکرێت، بەرپرسەکان هەڵە دەکەن، نەک پێشمەرگە. ئیتر بۆچی ئەو هەڵمەتە ناڕەوایە بۆ سەر ئەو پێشمەرگەیەی، کە بەرگری لە ئایین، شەرەف و خاک دەکات بکرێت!!! ئەم کەسانەی، کە ئەمڕۆ لە هەوڵی ناشیرینکردنی ناوی پێشمەرگەن، دەبێ لە دەرەوەی هوشیاری نیشتیمانی و ئاینی بن، یانیش دوای قەرەباڵخی و بەشێک بەمەبەست دەیکەن.

بەکورتی، لە جیاتی دروستکردنی "سرود، فیلم و کاری هونەری" لە سەر پێشمەرگە بکرێت، هەروەها پێشمەرگە پاداشت بکرێت، بەداخەوە هەڵمەتێک هەیە، بۆ ناشیرینکردنی ناوی پێشمەرگە. لە ئەنجامدا، ئەگەر نەتەوەیەک هیچ "قارەمان، رەمز و پیرۆزی" نەمێنێت، ئایا ئەم نیشتیمان و نەتەوەیە، هیچ واتایەکی دەمێنێت؟! وێڕای ئەوەی تەنیا پێشمەرگە بەبێ بەرامبەر بەرگری لە خاک و نەتەوە دەکات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین