زیانى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ى دارستانى مه‌ریوان راگه‌یێندرا کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری مەریوان دەڵێت ئەو ئاگرەی دارستانەکانی ئەو ناوچەیە گرتبووەوە، کوژاوەتەوە، بەڵام چالاکوانانی ژینگەپارێز باس لە بەردەوامی ئاگرەکە دەکەن و دەڵێن هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور رێگری نادەن خەڵکی خۆبەخش بڕۆن و ئاگرەکە بکوژێننەوە.

رۆژی یەکشەممە چواری تەمووزی ٢٠٢١، تۆڕی میدیایی "رادیۆ زەمانە" بڵاوی کردەوە، بەرپرسان بانگەشەی ئەوە ده‌كه‌ن ئاگرى دارستانەکانی مەریوان ماوەی ٧٢ کاتژمێری خایاندووه‌، بەڵام ئێستا کوژاوەتەوە.

ئازاد نامداری، سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوڕێژوانی مەریوان گوتی، "پێنج شوێن لە دارستانەکانی بەڕووی مەریوان گڕی گرتبوو و بە یارمەتی کۆپتەری ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پشتیوانی کوژاندنەوەی ئاگر سەربە وەزارەتی بەرگریی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان، کوژایەوە".

لە رۆژانی رابردوودا، چەندین وێنە و ڤیدیۆی پارێزەران و چالاکوانانی ژینگەپارێز لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو ببوونەوە کە بە بێ هیچ کەرەسەیەکی ئاگرکوژاندنەوە و یارمەتی حکومەت، هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دەدا.

"ئەنجومەنی سەوزی چیا" کە ئەندامەکانی گەیشتبوونە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە و هەوڵی کوژاندنەوەیان دەدا و گلەیی ئەوەیان دەکرد دامەزراوە و رێکخراوە حکومییەکان هیچ جۆرە یارمەتییەک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە نادەن، رەتیان کردووەتەوە کە ئەو ئاگرە ئێستاش کۆنتڕۆڵ کرابێت و کوژابێتەوە.

ئەکاونتی تویتەری ئەو ئەنجومەنە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە، سەرەتا گرتە ڤیدیۆیەکی لە بەشداریکردنی بەرفراوانی خەڵک و چالاکوانانی ژینگەپارێز بە مەبەبەستی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی گوندی دۆڵەبی بڵاو کردەوە و چەند کاتژمێر دوای ئەوە نووسی: "هەر ئێستا دۆڵەبی لە ناو چوارەمین رۆژی ئاگری دوژمنان؛ هەوڵی بێپسانەوە و ماندوونەناسانەی ئەندامانی فیداکاری ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ پاراستنی دارستانەکانی ناوچەی دۆڵەبی بەردەوامە".

ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە دەڵێن، هێزە چەکدارەکانی سەر سنوور رێگەیان نەداوە، خەڵک بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەرەو دۆڵەبی بڕۆن.

سەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ژینگەی مەریوان، بە بێ ئەوەی باس لەو گوشارانە بکات کە خراونەتە سەر خەڵکی خۆبەش کە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن، رایگەیاند، هۆکاری ئەوەی کە رێگری دەکرێ لە رۆیشتنی خەڵک بۆ دارستانەکانی نزیک دۆڵەبی بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، ئەوەیە کە ئەو ناوچە هێشتا پڕە لەو مینانەی کە لە سەردەمی شەڕی ئێران- عێراقدا چێنراون، بۆیە کۆپتەری ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پشتیوانی کوژاندنەوەی ئاگر سەر بە وەزراەتی بەرگری و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان رەوانەی ئەو ناوچە کرا و ئاگرەکە کوژاوە.

بە گوتەی نامداری، ئەو ئاگرە کە لە رۆژی یەکی تەمووزەوە دەستی پێکرد، ٤٢٣ هەکتار لە دارستانەکانی مەریوانی لە ناو برد. نامداری گوتیشی، "زۆربەی ئاگرەکان لە داربەڕووەکاندا کەوتنەوە و هەندێ دار قەزوان و دار گوێزیش بە هۆی ئەو ئاگرکەوتنەوە سووتان.

دارستانەکانی زاگرۆس کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتوون، لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار گڕیان گرتووە. ساڵی رابردوو لە بەشێکی زۆر لە دارستانەکانی زاگرۆس لە پارێزگاکانی کەهگیلویە و بویێر ئەحمەد، ئیلام و سنە ئاگر کەوتەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێک کە ئەنجومەنی سەوزی چیا بڵاوی کردووەتەوە، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە تا ئێستا، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان و سەوڵاوا، لە بەراورد لەگەڵ ساڵی پار، زیاتر لە ١٣٪ زیادی کردووە.

بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوە سروشتییەکان دەڵێن، "هەڵەی مرۆیی"و "ئاگردانی بەئەنقەست" هۆکاری سووتانی دارستانەکانن، بەڵام چالاکوانانی ژینگەپارێزی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، رێکخراوە سەربازییەکان بە بیانووی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبە کوردستانییەکان، دارستانەکان ئاگر دەدەن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین