زیرەک کەمال: یەکێک لە ستراتیژیەتەکانى نێچیرڤان بارزانى دروستکردنى پەیوەندییەکى بەهێزە لەگەڵ وڵاتانى عەرەبى میدیا

نوچەنێت:

زیرەک کەمال، ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە میانى دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستانtv لە (23)ى حوزەیرانى (2021)دا، تیشک دەخاتەسەر سەردانى نێچیرڤان بارزانى بۆ ئوردن و کۆبوونەوەى لەگەڵ شا عەبدوڵڵاى دووەم و دەشڵێت، هەرێمى کوردستان گوتارێکى ستراتیژیى سیاسى هاوسەنگانە و ژیرانە و سەردەمیانە و بابەتیانەى هەیە، وە ئوردنیش بە هەمان شێوە هەم بۆ ئێمە وەک هەرێمى کوردستان هەم بۆ عێراق و ناوچەکە و جیهانیش پێگەیەکى یەکجار گرنگى هەیە.

لەسەر جموجۆڵە دپیلۆماسییەکانى نێچیرڤان بارزانى، پێیوایە، سەردانەکانى ئەم دواییەى بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانى دەورووبەر تاکید لەوە دەکاتەوە کە ئێمە لە هەرێمى کوردستان پێویستیمان بە مامەڵەکردنێکى سەردەمیانەیە لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە، هەموو وڵاتانى جیهان لەڕووى ئابووری و سەقامگیریى سیاسى پێویستیان بەوە هەیە کەوا پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانى دەورووبەر هەبێ، 

زیرەک کەمال ئاماژە بەوەش دەکات، لەو کاتەوەى بۆتە سەرۆکى هەرێمى کوردستان یەکێک لە ئەرک و ستراتیژیەتە سیاسییەکانى خۆى، هەرێمى کوردستان لە چوارچێوە دەستوورى عێراق دا پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و عەرەبى و ئیسلامى و ئەوروپى دا هەبێ، وە ئەو سیاسەت و تێڕوانین و بەرنامەیەى جەنابى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى کوردستان لە مەسەلەیەدا سەرکەوتنێکى گەورەى بە دەست هێناوە، وە پشتگیرییەکى نێودەوڵەتیشى پەیداکردووە.

 

دەقى دیمانەى زیرەک کەمال، ڕاوێژکارى سەرۆکى هەرێمى کوردستان:

ــ با لەو تێگەیشتن و تێڕوانینە دەست پێبکەین، کە دەگوترێت دیدگایەکى هاوبەش لە نێوان هەردوولادا هەیە بۆ زۆربەى ڕووداو و پێشهاتەکان کە لە ناوچەکەدا دێتەئاراوە، ئەو تێگەیشتن و دیدگا هاوبەشە بە بۆچوونى ئێوە لەچییەوە سەرچاوەى گرتووە؟

زیرەک کەمال: دیارە سەردانى بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ ئوردن، وە کۆبوونەوەى لەگەڵ شاى ئەم وڵاتە گرنگییەکى زۆر گەورەى هەبوو، ئەوەش دەلالات لەوە دەکات کەوا هەم وڵاتى ئوردن هەم هەرێمى کوردستان دوو پێگەى گرنگییان هەیە، هەم لەڕووى جوگرافیاى سیاسى هەم لەڕووى دیرۆکیش. هەموو ئەو چالاکى و کۆبوونەوانەى کەوا دەکرێ، گرنگى لەوەدایە کە ڕەنگدانەوەى لەسەر ڕایگشتى جیهان و ناوچەکەدا هەیە.

دیارە ئێمە باس لە سەرکەوتن و گرنگى ئەو سەردانە و کۆبوونەوەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاى ئوردن دەکەین، لێرەدا دەبێ ئەوە بە کۆمەڵێک بەڵگە ئەوەبخرێنەڕوو، ئەویش ڕەنگدانەوە بوو کەوا لە ڕۆژنامە عەرەبییەکان هەیبوو، واتە بە تەنها ڕۆژنامە و ناوەندە میدیاییەکانى هەرێمى کوردستان و ئوردن باسى ئەو سەردانەیان نەکرد، بەڵکو وڵاتانى کەنداو زۆربەى وڵاتانى عەرەبى ئەگەر تۆ تەماشاى ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سەرجەم ناوەند و میدکانى ترى عەرەبى بکەی، هەتا جیهانى و ئەوروپیش، زۆر بە بایەخەوە سەردانى بەڕێز نێچیرڤان بارزانى وە کۆبوونەوەى هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئوردن زۆر بە بایەخ و گرنگییەوە سەیرکرا.

وەکو باسمکرد ئەوە دەلالات لەوە دەکات هەرێمى کوردستان واتە گوتارى ستراتیژیى سیاسى هاوسەنگانە و ژیرانە و سەردەمیانە و بابەتیانەیە، وە ئوردنیش بە هەمان شێوە هەم بۆ ئێمە وەک هەرێمى کوردستان هەم بۆ عێراق و ناوچەکە و جیهانیش پێگەیەکى یەکجار گرنگى هەیە، بۆیە کە ئێمە باس لەو سەردان و کۆبوونەوە هاوبەشە دەکەین، وە بە گرنگییەوە لە قەڵەمى دەدەین، یەکەمجار دەبێ ئێمە بزانین کە ئوردن وڵاتێکى عەرەبییە و بەشێکە لە نیشتیمانى عەرەبى، وە ڕاستە ئابوورییەکى بە هێزى نییە، بەڵام سیاسەتێکى بە هێزى هەیە، گوتار سیاسى و ستراتیژییەتیى سیاسى ئوردن لەسەر ئاستى نەک وڵاتانى عەرەبى و ئیسلامى بە تەنها، بەڵکو لەسەر ئاستى ئەمەریکا و ئەوروپا سیاسەتێکى ڕێزلێگراو و قبووڵکراوە، کە دەکرێ بڵێین بابەتیانە و زانیستییانەیە، ئەمەیش وایکردووە سەرەڕاى کە ئوردن ئابوورییەکى بەهێزى نییە، بەڵام بە هێزى ستراتیژیى سیاسى  و گوتارى سیاسى لە مامەڵەکردنى لەگەڵ دەرەوەى خۆى پێگەیەکى یەکجار گرنگ و گەورە بە ئوردن بەخشیووە.

هەرێمى کوردستانیش کە لەڕووى دەستوورییەوە بەشێکە لە دەوڵەتى عێراق، هەرێمى کوردستان ئەگەرچى وڵاتێکى سەربەخۆ نییە، بەڵام توانیویەتى لە چەند ساڵى ڕابردوو، هە لەوکاتەى کە هەرێمى کوردستان دامەزراوە، ستراتیژیەتێکى سیاسى ڕوونى هەبووە لە مامەڵەکردنى لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و وڵاتانى دەرەوە، بەتایبەتیش لەو چەند ساڵەى دوایی پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان چۆتە ئاستێکى باڵا و بەهێزتر، وە لەسەر ئاستى ئەمەریکا و ئەوروپا و وڵاتانى ئیقلیمیش مامەڵەکردن و گوتارى سیاسى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دەوروبەر ڕێزلێگراو و پەسندکراوە، بە تایبەتیش کاک نێچیرڤان بارزانى لەوکاتەوەى بۆتە سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەردەوام یەکێک لە ئەرک و ستراتیژیەتە سیاسییەکانى خۆى کە بەردەوام هەرێمى کوردستان لە چوارچێوە دەستوورى عێراق دا پەیوەندییەکى بەهێزى لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و عەرەبى و ئیسلامى و ئەوروپى دا هەبێ، وە ئەو سیاسەت و تێڕوانین و بەرنامەیەى جەنابى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى کوردستان لە مەسەلەیەدا سەرکەوتنێکى گەورەى بە دەست هێناوە، وە پشتگیرییەکى نێودەوڵەتیشى پەیداکردووە.

ــ هەر لە چوارچێوەى ئەو سەردانییەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەتایبەت لە ناوخۆ، لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیشدا جموجۆڵى دیپلۆماسى هەیە، بەتایبەتى لە ناوخۆشدا لەسەر پرسى دەستوور سەردانى هێزە سیاسییەکانى ناوخۆى هەرێمى کوردستانى کرد، وە پەیوەندییەکى باشى لەگەڵ وڵاتانى دا هەیە، بە بۆچوونى ئێوە ئەم جمۆڵە دیپلۆماسییەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان چۆن دەبینین، تێڕوانینى ئێوە لەسەر ئەو سەردانى و لێکنزیکبوونەوەى وڵاتان و لایەنە سیاسییەکانى ناوخۆ و هەوڵى نێچیرڤان بارزانى وەک سەرۆکى هەرێمى کوردستان چۆن دەبینین؟

زیرەک کەمال: دیارە قەناعەتى سیاسى و فکرى و بیرکردنەوەى سیاسى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە مامەڵەکردنى لەگەڵ سیاسەتى دا بنەمایەکى زانستى و مەعریفى و بابەتیانەى هەیە، بۆیە بەردەوام جەنابى نێچیرڤان بارزانى پێیوابووە بەهێزى هەرێمى کوردستان، لەدەرەنجامى یەکێتی کارکردن و بەیەکەوەژیانێکى ئاشتیانە و دیموکراسیانە لە نێو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان بەدیدێت، واتە پێیوابووە چەندە هێز و لایەنە سیاسییەکان پەیوەندییەکى بەهێز و دیموکراسیانە لە نێوانیاندا هەبێ و گوتارێکى سیاسیى هاوبەشیان هەبێ بەتایبەتى تایبەت بە پرسە سیاسییەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان، ئەوەندە هێز و شکۆ دەداتە هەرێمى کوردستان، وە ئەوەندە لەسەر ئاستى هەرێمى و عەرەبى و ئیسلامى جیهانى زیاتر ڕۆڵى خۆى پتەو دەکات.

بۆیە بەردەوام جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى لە هەوڵى ئەوەدابووە، کە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە هەر کاتێکدا تەنگەژەیەک ڕوودابێت، لە هەرکاتێکدا درزێک کەوتبێتە ناو ڕیزى سیاسى لە هەرێمى کوردستان، وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان، وەکو بەکارهێنانى ئەو ڕۆڵەى جەنابیان هەیەتى لە پێکەوەژیاندا، ڕۆڵى خۆى خۆستۆتەگەڕ و هەموو لایەنە سیاسییەکانى لە چوارچێوەى خیتابێکى هاوبەشەدا کۆکردۆتەوە و تا ڕادەیەکى باشیش سەرکەوتنى بەدەستهێناوە، وە لە هەمانکاتدا لە مامەڵەکردنیش لەگەڵ عێراق دا جەنابى نێچیرڤان بارزانى بەردەوام تاکید لەوەکردۆتەوە، مامەڵەى ئێمە لەگەڵ بەغدا مامەڵەیەکى دەستوورییە لەبەر ئەوەى ئێمە بەپێى دەستوور بەشێکین لە دەوڵەتى عێراق، ئەو دەستوورە نەک هەر خوشک و برایانمان لە نەتەوەى عەرەب و نەتەوەکانى تر گەلى کوردستانیش بە زۆرینەى دەنگ دەنگى بۆداوە، بۆیە جەنابى نێچیرڤان بارزانى تاکیدى لە جێبەجێکردنى دەستوور دەکاتەوە، ئەمەیش لەسەر ئاستى وڵاتان و عێراقیش حیزب و لایەنە سیاسییەکان، لەلایەن خوشک و برایانى شیعە و سوننە و هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەو گوتار و بیرکردنەوە سیاسیەى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان قبووڵکرا و ڕێزلێگراوە.

هەروەها بەهێزى پەیوەندى لەگەڵ بەغدا و تێڕوانینى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمایەکى دەستوورى، وە پێگەى هەرێمى لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبى و ناوچەکە ئەمەیش وایکردووە بەهێزتر کردووە. ئەگەر ئێمە تەماشا بکەین لە ئێستادا سەرەڕاى ئەوەى لە دەرەنجامى کۆمەڵێک فاکتەرى ناوخۆیى دۆخى ئابوورییمان لە ئاستێکى باشدا نییە، بەڵام سیاسەتى ژیرانە و گوتارى سیاسى کاک نێچیرڤان بارزانى وەکو سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرکردایەتیى سیاسیى هەرێمى کوردستان بەگشتى وایکردووە کەوا لەلایەن وڵاتانى هەرێمى و عەرەبى و جیهانیشدا  وەکو پێگەیەکى گرنگ سەیرى هەرێمى کوردستان بکەن، وە مامەڵەى لەگەڵ دا بکەن لە چوارچێوەیەکى سەردەمیانە، واتە گوتارى سیاسیى هەرێمى کوردستان تایبەت بە دەرەوەى خۆى ڕێزلێگراوە، وە ئەگەر ئێمە تەماشاى لێدوان و نووسینى زۆربەى ڕۆشنبیر و گەورە نووسەرەکانى عەرەب و ئیسلامى و ئەوروپى بکەین، دەزانین بەردەوام ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە بەیەکەوەژیان و سەقامگیرى سیاسى لە عێراق و هەرێمى کوردستان بەرزدەنرخێنن.

هەروەها ڕۆڵى هەرێمى کوردستان لە لەباوەشگرتنى ئاوارەکان، کە بەردەوام سەرکردایەتیى سیاسیى هەرێمى کوردستان و جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدا بووە کە سەقامگیریى سیاسى لە عێراقیشدا هەبێ، چۆن سەقامگیرى سیاسى بۆ هەرێمى کوردستان ویستووە، ئەواش سەقامگیریى سیاسى بۆ عێراق و ناوچەکە ویستووە، ئەمەیش وایکردووە بەڕاستى سەرکردەیەکى بەڕێز و پیاوێکى بەڕێز و سیاسەتمەدارێکى گەورەى کوردستان و عێراقى و ناوچەکە  مامەڵەى لەگەڵ دا بکرێ.  

ــ شەڕى تیرۆر بابەتێکى گرنگى جیهانییە، بێگومان یەکێک لەو تەوەرانەى کە ئەمڕۆ هەردوو سەرۆک گفتوگۆیان لەسەریکردووە، تەوەرێکیان شەڕى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر بووە، هەرێمى کوردستان و ئوردن چۆن دەتوانن هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ هێنانەدى سەقامگیرى سیاسیى زیاتر لە ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر بە شێوەیەکى گشتى؟

زیرەک کەمال: دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم، نەک هەر لە ئێستادا کەوا هەرێمى کوردستان بەشێکە بووە لە بەرەى دیموکراسى و چەسپاندنى ئاشتەوایى و شەڕى تیرۆر، بەڵکە پێشى قەوارەى هەرێمى کوردستانیش دروست ببێ، خیزب و لایەنە سیاسییەکانى ئێمە، بزووتنەوەى شۆڕشگێڕى کوردستان، وە شۆڕشى کوردستان بەگشتى بە هەموو پەل و لق و حیزبەکانییەوە بەردەوام جوڵانەوەیەکى شۆڕشگێڕى دیموکراسی بووە، بڕواى بە تیرۆر و زەبروزەنگ نەبووە، ئەگەر مێژووى جووڵانەوەى سیاسى هەرێمى کوردستان بخوێنینەوە لە ڕابردووشدا پەناى بۆ تیرۆر نەبردووە، بەردوام ڕەگەزێکى گرنگى دیموکراسى و ئاشتەوایى بووە، دیموکراسى بۆ عێراق دروشمى شۆڕشى  کوردستان بووە، لە دواى ئەوەى قەوارەى هەرێمى کوردستان دروست بووە، بەردەوام هەرێمى کوردستان جەختى لەسەر ئاشتەوایى و تەبایى لە نێوان هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان کردۆتەوە.

دواى ئەوى داعش وەکو هێزێکى سیاسى ترسناک و تیرۆریست کەوا یەخەى نەک هەرێمى کوردستان و عێراقى گرت، یەخەى هەموو جیهانى گرت، هەریمى کوردستان و گەلى کوردستان و سەرکردایەتیى سیاسیى هەرێمى کوردستان، تێکۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەکانى ئێمە، شان بە شانى بەرەیەکى جیهانى، بەرەى دیموکراسى و ئاشەوایى لە جیهاندا بوونە هێزیکى یەکجار گرنگ لە شەڕى داعش، هەم لە هەرێمى کوردستان وە هەم با بڵێین لە خۆرئاوایى کوردستانیش، ئەمەیش وایکرد بەڕاستى گەلى کوردستان زیاتر ڕووخسارى ئاشتەوایى و تەبایى بە هەموو جیهان نیشان بدات، بۆیە تاکیدکرنەوەى جەنابى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان و شاى ئوردن لەسەر پرسى تیرۆر، هەم رەهەندێکى مێژوویى هەیە کە داعش لە چەند ساڵى ڕابردوودا زەرەروزیانێکى ماددى و معنوى زۆرى لە گەلانى عێڕاق و هەرێمى کوردستان و هەموو جیهاندا، وە تاوەکو ئێستا داعش و پاشماوەکانى مەترسییەکى زۆرى لەسەر دۆخى سیاسى عێراق و کوردستان و ناوچەکە دروستکردووە، بۆیە تەوەرێکى گرنگى کۆبوونەوەکە باسکردن بووە لە تیرۆر، باسکردن بووە لە مەترسییەکانى داعش، وە باسکردن بووە لە هەموو حیزب و لایەنە سیاسییانەى کە لە ناوچەکەدا بڕوایان بە مەنتقى هێز هەیە نەک بە هێزى مەنتق.

هەر بۆیە جەنابى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان نەک هەر لەگەڵ بەڕێز شاى ئوردن، بەڵکو لە هەموو ئەو سەردانانەى کە بۆ وڵاتانى دەرەوەش کردوویەتى، مەسەلەى شەڕى تیرۆر، مەسەلەى سەقامگیرى و دیموکراسیەت و پێکەوەژیانى مەدەنییانە بەردەوام تەوەرێکى گرنگى قسە و باسەکان و لێدوان و چاوپێکەوتنەکانى جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى بووە. 

ــ ئوردن وڵاتێکى هاوسەنگە لەسەر ئاستى ناوچەکە بەلاى وڵاتانى ئەوروپاشەوە، تەنانەت بەلاى ئەمەریکاشەوە، وە ڕۆڵ و پێگەیەکى بەرچاویشى هەیە بە گشتی لە ناوچەکە، یانى هەرێمى کودستان چۆن دەتوانێ ئەم هاوسەنگییە بپارێزێت لە نێوان وڵاتاندا بەتایبەت کە پەیوەندییەکى دێرینى هەیە لەگەڵ وڵاتى ئوردن لەگەڵ وڵاتانى ترى، چۆن دەتوانێ زیاتر بەرەوپێش ببات لەسەر ئاستى سیاسى و دیپلۆماسى و سەربازی تەنانەت هەتا ئەو پەنابەر و ئاوارانەى کە ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە، بەگشتى هەرێمى کوردستان چی بکات بۆ ئەوەى پەیوەندییانە توندوڵتر بکات زیاتر بەوەپێشیى ببات لەسەر ئاستى ناوچەکە؟

زیرەک کەمال: لەبیرمان نەچێ هەرێمى کوردستان دەوڵەتێکى سەربەخۆ نییە، هەرێمێکە لە چوارچێوە دەوڵەتى عێراق دایە لەڕووى دەستوورییەوە، بۆیە ئەو بڕگە و ماددە دەستووریانەى هەیە، ڕەنگە هەندێجار دەستى هەرێمى کوردستان بگرێت نەتوانێ بەپێى پێویست مامەڵە لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە بکات، هەموومان دەزانین کە تۆ بەشێکى لەدەوڵەتى عێراق، دەوڵەتى عێراق یەک سیاسەت و وەزیرى دەرەوەى هەیە، کۆمەڵێک بنەماى دەستوورى دەوڵەتى هەیە ڕەنگە ڕێگە لە هەرێمى کوردستان نەدات هەندێ دەسەڵات و ئازادی بداتێ، ئەگەرنا من پێموایە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ دەرەوەى خۆى زۆر لە ئاستێکى باڵاتر و باشتر دەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمى کوردستان توانیویەتى سیاسەتێکى عەقڵانی و ژیرانە و زانستی و سەردەمیانەو جیهانى، وە قبووڵکراوانە لەسەر ئاستى جیهان لەگەڵ وڵاتانى هەرێمى و دەرەوە پیادە بکات.

ئەگەر بگەڕێنەوە ناو ڕۆژنامە و گۆڤار و میدیا و نووسینى زۆر لە نووسەر و فەیلەسوف و پسپۆڕى گەورەى جیهانى بەردەوام بە چاوى ڕێزەوە سەیرى هەرێمى کوردستانیان کردووە، کەوا بەردەوام چۆن ئاشتى و سەقامگیرى و دیموکراسى بۆ هەرێمى کوردستان ویستووە ئەواش بۆ عێراقى و وڵاتانى ئەوروپى و دەوروبەر و ئیسلامى و عەرەبى ویستووە، بۆیە هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى دەستوورى عێراق دا، تاکید لەوە دەکاتەوە سەقامگیریى سیاسى لە هەر وڵاتێک کاریگەرى هەیە لەسەر سەقامگیرى سیاسیى لە وڵاتانى دەورووبەرییدا، واتە ئێمە کە باس لە تیرۆر دەکەین، تیرۆر بە تەنها مەترسى نییە لەسەر عێراق و هەرێمى کوردستان، بەڵکو مەترسییە لەسەر ئاستى هەموو دنیا.

سەردانەکانى ئەم دواییەى نێچیرڤان بارزانى بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانى دەورووبەر تاکید لەوە دەکاتەوە کە ئێمە لە هەرێمى کوردستان پێویستیمان بە مامەڵەکردنێکى سەردەمیانەیە لەگەڵ وڵاتانى دەرەوە، هەموو وڵاتانى جیهان لەڕووى ئابووری و سەقامگیریى سیاسى پێویستیان بەوە هەیە کەوا پەیوەندییان لەگەڵ وڵاتانى دەورووبەر هەبێ، هەرێمى کوردستان لە هەمانکاتدا چۆن سەقامگیریى سیاسى و ئاشتەوایى و تەبایى و پێشکەوتنى بۆ وڵاتى خۆى دەوێ ئاواش سەقامگیرى و پێشکەوتنى بۆ وڵاتانى دەورووبەر و هەموو جیهان دەوێ، بۆیە ئەو سەردانانەى جەنابى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەو کاتەوەى بۆتە سەرۆکى هەرێمى کوردستان بۆ چەندین وڵاتى جیهان، وە لە داهاتووشدا ئەو سەردانانە درێژەیان دەبێ، وە بەرنامە هەیە سەردانى کۆمەڵێک وڵاتى تریش بکات، وە زۆر لەو وڵاتانەى تریش تاوکو ئێستا جەنابى نێچیرڤان بارزانى سەردانى نەکردوون، تەمەنناى ئەوە دەکەن کەوا سەردانیان بکات، لە هەمانکتدا کۆبوونەوەى هاوبەش بکەن لەبەر ئەوە هەرێمى کوردستانیش ئەگەر دەوڵەتێکى سەربەخۆشى نەبێت، بەڵام لەڕووى ئابوورى و سیاسییەوە دەتوانێ هەماهەنگ و هاوکار  پاڵپشتى وڵاتانى ناوچە و جیهانیش بێت، چونکە وەک باسمکرد هەرێمى کوردستان ئەگەرچى لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراقیشدایە، بەڵام سیاسەتى حەکیمانەى سەرکردایەتیى سیاسى هەرێمى کوردستان و جەنابى کاک نێچیرڤان بارزانى لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەرووبەرى خۆى و وڵاتانى جیهانى، بەردەوام سیاسەتێکى ڕێزلێگراو بووە، وە بەردەوام واش سەیرى هەرێمى کوردستان کراوە کەوا بۆتە مایەى سەقامگیرى سیاسى، بۆتە ڕەگەزێکى یەکجار گرنگ لە ناوچەکە بۆ تەبایى و ئاشتەوایى لە هەموو ئەو ناوچانەى کە من باسمکرد.    

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین