ئایا ئێران ئه‌مریكییه‌ گیراوه‌كان ئازاد ده‌كات؟ ئێران

نوچه‌نێت

رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکیانە کە لە ئێراندا زیندانی کراون لە ئارادان و هاوکات لەگەڵ گفتوگۆ ئەتۆمییەکان، گفتوگۆکان سەبارەت بەو پرسەیش بەڕێوە دەچن.

مالی گوتیشی، "لەو بڕوایەدام ئەو هاووڵاتیانە دەگەڕێنەوە بۆ ئەمریکا، ئەگەرچی ناتوانم کاتێکی تایبەت بۆ ئەو گەڕانەوە دیاری بکەم".

ئەمڕۆ چوارشەممە حه‌وتى تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دەنگی ئەمریکا" بڵاوی کردووەتەوە، مالی کە دوێنێ سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئۆنلاینی گرووپی "یارمەتیدان بە بەبارمتەگیراوان لە سەرانسەری جیهان" بەشدار ببوو، گوتی، "دەبێ هەموو ئەو کەسانەی لە ئێران بەبارمتە گیراون، ئازاد بکرێن.  ئێمە رامانگەیاندووە، دەبێ هەموویان بگەڕێنەوە بۆ ماڵی خۆیان، نامانەوێت تەنیا بەشێک بین لە رێککەوتنێک و نامانەوێت هیچ کەس پشتگوێ بخەین".

ئێران هاووڵاتیانى دووڕه‌گه‌زنامه‌
به‌كارده‌هێنێ

 

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا گفتوگۆکان بۆ ئازادکردنی ئەمریکییە زیندانییەکان، هیچ پەیوەندییەکیان بە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانەوە هەیە یان نا، گوتی: " ئەو پرسە، بەشێک لە رێککەوتنی ئەتۆمی نییە و بە جیا گفتوگۆی لەسەر دەکرێ. بەو حاڵەش، ناتوانم بڵێم هیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە، چونکە هەم لەگەڵ گفتوگۆ ئەتۆمییەکاندا هاوکاتن و هەم ئەو شاندانە باسیان لەسەر دەکەن کە سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانیش گفتوگۆ دەکەن، بۆیە بێ گومان ئەو دوو پرسە لەسەر یەکتری کاریگەری دادەنێن".

مالی گوتی "ئێمە پرسی دەستبەسەرکراوان بە جیا باس دەکەین و ئەگەر سەرەکیترین پرس نەبێت، بێ گومان یەکێکە لە سەرەکیترین پرسەکان و هەوڵ دەدەین هەموویان بگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا".

مالی هەروەها رایگەیاند، "ناچمە ناو وردەکارییەکانەوە، بە بنەماڵەی زیندانیانم گوتووە، هەوڵ دەدەم لەگەڵیان راستگۆ بم. ئێمە تا رادەیەک پێشکەوتنمان هەبووە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەنجام. ئەوە کارێکی ئاسان نییە، چونکە ئێران زێدەخوازیی دەکات و بەرپرسانی ئەو وڵاتە وا دەزانن دەتوانن شتێکی زیاتر بە دەست بهێنن، چونکە ئاگادارن ئێمە دەمانەوێت هاووڵاتیانمان بگەڕێنینەوە بۆ ئەمریکا".

مالی گوتی، "بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە ئێران، دەتوانم بڵێم، لە ئێستادا هەموو شتێک، و لەوانە گفتوگۆ ئەتۆمییەکان وەستاون، بەبێ ئەوەی باس لە وردەکارییەکان بکەم، دەمەوێت بڵێم، لە خولەکانی پێشووی گفتوگۆکان سەبارەت بە دەستبەسەرکراوان، هەندێ پێشکەوتنمان هەبووە.

مالی لەو کۆبوونەوەدا گوتی، "زۆرێک لە هاووڵاتییان کە خاوەن دوو رەگەزنامەن، دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن یاخود ئێستا لە ئێرانن، بەڵام پێویستە بۆ سەفەرکردن بۆ ئێران زۆر وریا بن و بە باشی بیری لێ بکەنەوە".

مالی روو لەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی ئێران بکەن گوتی، " وڵاتێکی خۆشە، نکۆڵی لە پەیوەندی خێزانی ناکرێت، بەڵام خۆتان مەخەنە ناو ئەو مەترسییەوە".

کۆبوونەوەی گرووپی "یارمەتیدان بە بارمتەگیراوانی سەرتاسەری جیهان" بە مەبەستی یارمەتیدان بەو بنەماڵانە بەڕێوە چوو کە ئەندامێکی بنەماڵەکەیان هێشتا لە شوێنێکی جیهاندا، زیندانییە. 
هەندێ لە بەبارمتەگیراوانی پێشوو لەگەڵ هاوسەرەکانیان لەو کۆبوونەوەدا بەشدار بوون و باسی ئەزموونی خۆیان کرد.  نزار زەکا، هاووڵاتی لوبنانی، دانیشتووی ئەمریکا کە پێشتر لە ئێران لە زینداندا بوو، پێشکەشکاری ئەو بەرنامە بوو.

لە ئێستادا چەند هاووڵاتییەکی ئێرانی- ئەمریکی، و لەوانە سیامەک و باقر نەمازی و مۆراد تاهباز و هاووڵاتیانی وڵاتانی تر، و لەوانە کامران قادری و ئەنوشە ئاشوری، لە ئێراندا زیندانی کراون.

شرۆڤەکارانی رۆژئاوا، چەندین جار گوتوویانە، کۆماری ئیسلامیی لە هاووڵاتیانی خاوەن دووڕەگەزنامە وەک بارمتە کەڵک وەردەگرێت، وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەندین جار دەستبەسەرکردنی نایاسایی و سەرەڕۆیانەی هاووڵاتیانی ئەمریکا و وڵاتانی تر، و لەوانە ئێرانییە خاوەن دوو رەگەزنامەکانی، لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئیدانە کردووە و داوای کردووە، دەستبەجێ و بێمەرج ئازاد بکرێن.


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین