د. محه‌مه‌د خۆشناو: دەروونی هەموو تاکێکی ئێمە ماندووە بەڵام ئەمە  نەخۆشیی دەروونی نییە تەندرووستی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

د. محه‌مه‌د خۆشناو پسپۆڕى نه‌خۆشییه‌ ده‌روونییه‌كان له‌ دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تى نوچه‌نێت باس له‌ چه‌ندان ره‌هه‌ندى گرنگى ده‌روونى مرۆڤ ده‌كات و ده‌ست له‌سه‌ر كێشه‌ ده‌روونییه‌كانى تاكى كوردى داده‌نێت و باس له‌ چاره‌سه‌رییه‌كانیش ده‌كات.

ئەگەر بە شێوەی رێژەیی وەربگرین تا چەند لایەنی دەروونی خەڵکی ئێمە تەندروستە؟

ئەگەر بەشێوەیەکی رێژەیی وەربگرین دەروونی خەڵکی ئێمە ناتوانین بڵێن ناتەندروستە یا نەخۆشە، چونکە ئەمە کۆمەڵێ مەرجی هەیە. لەڕووی دەروونیەوە، ئێمە خەڵکێكى ماندووین، بەشی زۆری ئەو رووداوانەی بەم دواییانە لەماوەی ٤٠ تا ٥٠ ساڵەی رابردوو، کاریگەریی درێژخایەنی لەسەر نه‌وه‌ یەک بەدوای یەکەکاندا هەبووە. ئەمەش لەتەنیشت فشارە ئابوورییەکان و کۆمەڵایەتییەکان، ئەو بارەی بەسەر جیهان هاتووە لە قەیرانی ئابووریی، بەم دواییانە بابەتی کۆرۆنایشى هاته‌سه‌ر. هەموو ئەمانە مێشکی  مرۆڤى ئێمەی ماندوو کردووە، لەحاڵەتی وادا بێگومان نەخۆشیە دەروونییەکان و حاڵەتە دروونییەکان زیاتر دەبێت.

بۆیە لە ئاستێکی بەرزدایە کە بە ماندووبوونێکی دەروونی سەیری بکەین، کە ئەو ماندووبوونە ئەگەر درێژخایەن بێت و فشارە دەروونییەکان بەردەوام بێت دەکرێ بەپێی کات ببێتە نەخۆشیەکی درێژخایەن و تاهەتایی.

جاران دەگووترا بەهۆی شێوازی پەروەردەکردنەوە هەر تاکێکی ئێمە کۆمەڵێك کێشەی دەروونی هەیە وەکو (شەرمنی، ترس، دڵەراوکێ) ئەی ئێستا ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە کە خەڵك تێیدا دەژی چ  کێشەیەکی دەروونی بۆ تاكی ئێمە زیاد کردووە؟

بێگومان ئەو شێوازە پەروەردەکردنه‌ کۆنە کە زیاد لە پێویست فشار لەسەر منداڵ دروست دەکەن، سەبارەت بە کۆمەڵێك ئادابی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵێك ترس و شەرم و بابەتی خوێندن و هەڵبژاردنی ئەو پسپۆرییەی کە لەداهاتوو بخوێنێت، لێدان یا ترساندنی بەردەوام ئەمانە کاریگەری درێژخایەنیان لەسەر تاکی كۆمەڵگادا هەبووە. دەکرێ ئەو کەسانەی کە شەرمنن کەسانێکی وا دەربچن کە متمانەیان بەخۆ نەبێت یا نەتوانن لە شوێنی گشتی قسە بکەن یاخود هەنگاوی ئازادە بنێن. ئەمانە کاریگەری زۆری هەبووە و بەداخەوە تاکو ئێستاش بەردەوامە. ئەو بارودۆخەی ئێستا کە هاووڵاتی تێیدا دەژی، دەکرێت ئەمەی تارادەیەک خراپترى کردبێت، چونکە دوو شتمان بیر نەچێت جگەلە بابەتی کۆرۆنا کە تەنیا ساڵیک دەخایەنێت، ئەو کرانەوە خێرایەی لە ئێستا و هەموو جیهان هەیە دەکرێت دەورێکی نەرێنی هەبێت بۆ زیادبوونی کێشە دەروونییەکان، بەتایبەت لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان کە مرۆڤ بێ ئەوەی هەستى پێ بکات کۆمەڵێک هەواڵی ناخۆشی بە بەر چاو دەکەوێت، تووشی کۆمەڵێك حاڵەتی خۆبەراوردکردن دەبێت بە کەسانی تر کە کاتێك دەبینێت، کەسێك پۆستێک دەکات بۆ نموونە لە فەیسبووك نیشانی دەدات لە جەوێکی زۆر خۆشدایە، کە لەو بارودۆخەدایە ئەو کەسەی کە بینەری ئەو پۆستەیە هەست بە کەمی بکات و جۆرێك فشاری دەروونی بۆ دروست ببێت.

خه‌مۆكى ته‌نیا په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ پێشكه‌وتنى ژیانه‌وه‌ 



خەڵکی ئێمە چەند  بایەخ بە تەندروستی دەروونی دەدات؟ کەسێك بۆ نموونە سەر ئێشەی هەبێت بە پەلە دەچێت چارەسەر وەردەگرێت، هەر هەمان کەس کێشەی دەروونی هەبێت هەوڵی چارەسەرکردنی نادات، هۆکاری چییە؟

خەڵکانی ئێمە بەشێوەیەکی گشتی تاڕادەیەك باشترە سەبارەت بە دروستی دەروونی بەدوای چارەسەر دەگەڕێن، بەڵام بە هیچ شێوەیەك لەو ئاستەدا نیین کە بتوانرێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکرێن. زۆر کەس هەیە کە کێشەی دەروونی هەیە و بە هیچ شێوەیەك بەدوای چارەسەر ناگەڕێت، ئەمەش هۆکاری هەیە هۆکاری شەرم وعەیبە کە بەنەخۆشییە دەروونیەکانەوە نووساوە، هۆکاری ئەوەی ئێمە وا تێدەگەین پێویستە کە بەسەر خۆیاندا زاڵبن و بەدوای یارمەتیدا نەگەڕێن کە ئەمە گەورەترین هەڵەیە.
هەندێ جار کێشە دەروونییەکان دەرکەوتەی جەستەیان هەیە، بۆیە وا دەزانین هۆکارەکەی جەستەیە دەروونی نییە. کۆمەڵێ هۆکاری تر لە بابەتی خراپی باری دارایی و نەبوونی هۆشیاری دەروونی لەسەر ئاستێکی باڵا، هەرەوەها نەبوونی سیستەمێکی تۆکمە بۆ رەوانەکردنی ئەو کەسانەی کێشەی دەروونی و نەخۆشیەکانی دەروونیان هەیە، بۆ دەرووناس و پزیشکی دەروونی و کۆمەڵایەتی.

لەماوەی رابردوودا رووداوی دڵتەزێنی وەکو خۆکوشتن، شەڕی کۆمەڵایەتیان زۆر روویان دا ، ئایا ئەمانە زۆربەی کات هۆکارەکانی دەروونی نییە؟

زۆربەی خۆکوشتنەکان دەکرێ لەقۆناغی تووندی نەخۆشییە دەروونیەکاندا روو بدەن، وەکو نەخۆشی خەمۆکی، نەخۆشی شیزۆڤرینیا، هەندێ تێکچوونی دەروونی، کە کەسی تووشبوو پەنا بۆ خۆکوشتن دەبات. بەڵام مەرج نییە ١٠٠٪ی ئەمانە نەخۆشی دەروونی بێت، رەنگە هەندێکیان بابەتی کۆمەڵایەتی بێت، ئێمە کاتێك کەسێك سەردانمان دەکات بۆ نموونە بە دەست خەمۆکیەوە دەناڵێنێت یاخود حاڵەتێکی دیکەی دەروونی هه‌یه‌، کۆمەڵی پرسیار کە لەڕووی زانستیەوە ئامادەکراون، ئاراستەی ئەو کەسە دەکرێ و مەترسی ئەوەی لەسەر ئاشکرا  دەکەین کە تا چەند گریمانەی هەیە ئەو کەسە پەنا بۆ ئەو شتانە ببات یاخود بیری لێ بکاتەوە. بێگومان پەیوەندییەکی زۆر هەیە لەنێوان خۆکوشتن و خەمۆکی مانای وا نییە ئەوەی خەمۆکی هەبێت خۆی دەکوژێت، بەڵام زۆرن ئەوانەی کە خەمۆکیان هەبووە خۆیان کوشتووە،  دەکرا رێگری لێ بکرابووایه‌ ئەگەرهاتوو ئەو کەسە یاخود دەوروبەری ئەو کەسە بەدوای چارەسەر و پاڵپشتی دەروونیدا بگەڕابوونایه‌.

زۆربەی کات خەڵکانی ئێمە نەخۆشی دەروونی و عەقڵی تێکەڵ بە یەك دەکەن، چۆن لێکیان جیابکەینەوە؟

نەخۆشی دەروونی و عەقڵییەکان، ئێمە لە زمانی کوردیدا هەردووکی بەکاردێنین، لە کۆندا بە دوو شێوە ئەو نەخۆشیانە پۆلێن دەکران، کە ئێستا ئەو پۆلێنە نەماوە ئەو نەخۆشیانەی کە زیاتر وەکو خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، ئەم جۆرانە لە لقێك بوون کە پێیان دەوترا نیورۆسس، واتا ئەم جۆرە لە هەموو کەسێك هەبووە بەڵام زیاد لە پێویست لە هەندێ کەس هەستی پێ کراوە، جۆری دووه‌میشیان پێى دەوترا سایکۆسس کە ئێستا  پێى ده‌ڵێن "زوهان"، ئەمە جۆرێکن لەو کەسانەی كه‌ كێشه‌یان لەگەڵ واقیع هەیە، واقعیان تێکدەچێت. دەکرێ بیری سەیروسەمەرەیان بۆ بێت هەندێک جاریش لەوانەیە مەترسی بۆ خۆیان و دەوروبەریان دروست بکەن بەڵام لە کۆندا ئەم پۆلێنە هەبوو بەم دواییانە ئەم جۆرە پۆلێنە نەماوە، لە ئێستادا بە هەمووان دەوترێ نەخۆشییە دەرونییەکان.

لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بە ئافرەتان نییە، لە ماوەی رابردوو  بەپێ بەدواداچوونەکانمان، بۆمان دەرکەوت ئەو ئافره‌تانه‌ى نەخۆشی دەروونیان هەیە یان لە شەقامەکانن یاخود لە خانەی چاکسازی و گرتووخانەکان رادەگیرێن، چەند ئاساییە ئەمە؟

لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بەئافرەت هەیە، بەڵام شوێنی مانەوەیان تەنیا لە پارێزگای سلێمانی هەیە، بۆ نەخۆشی درێژخاییەن. بەڵام ئەگەر کەسێك بۆماوەی هەفتەیەك پێویستی بە مانەوە هەبێت هەم لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك نەخۆشخانەی تایبەت بە ئافرەتان هەیە، ئەوانەی کە زیاتر لەو ماوەیە دەمێننەوە ناتوانن کەسوکاریان لەگەڵ بێت لەمەیان کەموکوڕی هەیە لە هەرێمی کوردستان. ئەم جۆرانەش لەرێى لیژنەی تەندروستیەوە رەوانەی سەنتەری سۆزی دەروونی دەکرێن لە سلێمانی، بەڵام بۆ حاڵەتی کورتخایەن کە کەسێك پێویستی بە چارەسەر بێت لە ماوەیەکی کورت دەکرێ لە هەولێر لە نەخۆشخانەی دەروونی هەولێر یاخود لە سلێمانی و شارەکانی تر بە هەمان شێوە بێت.

سەبارەت بەوەی کە ئەوانەی نەخۆشی دەروونیان هەیە لە شەقامەکان یاخود خانەی چاکسازی و گرتووخانەکان بن ئەمە بە هیچ شێوەیەك خوێندنەوەیەکی زانستی نییە، دەکرێ لەهەندێ بارودۆخدا بەکاریان هێنابێ بەڵام هیچ ئاستێکی ستاندارتی جیهانیدا نییە، بە پێچەوانەوە لە هەندێك باردا رەنگە کاریگەری خراپتریشی بەدوای خۆیدا بێنێت.

لە هەرێمی کوردستان نەخۆشخانەی دەروونی تایبەت بەئافرەت هەیە، بەڵام شوێنی مانەوەیان تەنیا لە پارێزگای سلێمانی هەیە

 

لەگەڵ ئاڵۆزبوونی ژیان و پێشکەوتن خەمۆکی زیاد دەبێت، ئایا ئەمە لە کوردستان بوونی هەیە؟هەست پێکراوە؟

دیاردەی خەمۆکی لە هەموو جیهاندا بەرزبووه‌تەوە، ناکرێت تەنیا پەیوەست بکەین بە ئاڵۆزی ژیان و پێشکەوتن، چونکە ئەمە دەکرێ رۆڵێکی ئەرێنی هەبێت، بەڵام لەوانه‌یە ئێستا  کەمێك وشیاری دەروونی زیاتر بێت خەڵک زیاتر نەخۆشی خەمۆکی بناسێتەوە، چارەسەر زیاتر بەردەست بێت بۆیە بەمشێوەیە بێت، لە هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە ئێستا بە خۆشحاڵیەوە خەڵک بە ئاشکرا باسی ئەو دیاردانە دەکات کە تووشیان بووە، شەرم تاڕادەیەك کەمتر بۆتەوە، بەڵام بەداخەوە هەر ماوە، ئەو شەرمەش بەڕاستی جێگای داخە کە هەموو چینەکانی گرتۆتەوە تەنانەت چینی رۆشنبیر وخوێندەواریش شەرم و ترس هەر ماوە.

چەند باوەڕت بەوە هەیە نەخۆشیە دەروونییەکان بە دەرمان چارەسەر بکرێت؟

بەکارهێنانی دەرمان لە نەخۆشیە دەروونییەکان یەکێکە لەرێگا زانستییەکان و زۆر کاریگەره‌كان، کە لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەکاردێت، ئەگەر لەلایەن پزیشکێکی دەروونیەوە ئەو دەرمانانە بدرێت زۆربەی ئەوانەی بەدوای چارەسەر دادەگەڕێنو دەرمانی دروست وەردەگرن، ژیانێکی زۆر باشیان دەبێت. دوای ماوەیەك دەتوانن بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگا، پێویستە هەموو کەسێك لە بیری ئەوەدا بێت کە نەخۆشییە دەروونییەکان وەکو هەر نەخۆشیەکی تر، پێویستیان بە حەب و دەرمان هەیە لە زۆر باردا، ئەگەرچی بە کۆمەڵێك رێنمایی دەکرێن چارە بکرێن، به‌ڵام هەموو جارێك راست نییە چونکە پێویستە بە دەرمان چارەسەر بکرێنەوە.

چ لایەنێکی شێوازی ژیانی ئێمە کاریگەری خراپی لەسەر دەروونمان هەیە؟ مەبەست (لایەنی کارکردن، خێزان، ژینگەی کۆمەڵەیەتی)؟

ئەو لایەنانەی کە کاریگەریان دەبێت لەسەر خراپی دەروونمان، هەموو ئەمانە دەگرێتەوە ( ژینگەی خێزان، ژینگەی کارکردن، ژینگەی کۆمەڵایەتی) بەڵام لە هەمووی گرنگتر هۆکاری بۆماوەییه‌. بەگشتی هۆکارەکان دابەش دەبنە سەر سێ بەش، هۆکارى بۆماوه‌یى لە باوانه‌وه‌ دەگوازرێتەوە بۆ نموونە ئەوەی نەخۆشیەکی دەروونی هەبێت لە دایك و باوکیەوە چانسی ئەو نەخۆشیە لەو منداڵانەدا زیاترە. هۆکاری پەروەردەی دەورێکی باشی هەیە کە چۆن ئەو منداڵە پەروەردە دەکرێت، هۆکاری ژینگەیش دەورێکی کارای هەیە، هۆکاری بایەلۆجیش بوونی هەیە چونکە هەنێك نەخۆشی جەستەی دەبێت هۆکاری نەخۆشی دەروونی، لەوانەیە گرێیەك یاخود شێرپەنجەیەكی مێشک یاخود لە خوێندا، یاخود کێشەیەکی غودەی دەرەقی هەموو ئەمانە دەکرێ ببنە کێشەی دەروونی و نەخۆشی دەروونی.

شه‌رمكردن له‌ چوونه‌ لاى پزیشكى ده‌روونى شكاوه‌ 

 

لاسایی و ئیرەيی لای خەڵكی ئێمە باوە، ئایا دەتوانین بڵێین ئیرەیی یان حەسوودی کێشەیەکی دەروونییە؟

لاساییکردنەوە و ئیرەیی بردن به‌ خه‌ڵك، ئەمانە دەتوانین بڵێین دیاردەی کۆمەڵایەتین زیاتر تا کێشەیەکی دەروونی بن. لەوانەیە لەنێو هەندێك جۆر کەسایەتیەکان ئەو جۆرە سیفەتانە زیاتر بێت بەڵام تاکو نەبێتە هۆکاری ئەوەی کاریگەری لەسەر پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکان هەبێت بە شێوەیەکی خراپ، یان کاریگەری لەسەر پەیوەندی خێزانی ئەو کات ئێمە بە کێشەیەکی دەروونی دەبینین.

جاران خەڵك شەرمیان لەوە دەکرد بە ئاشکرا بچنە لای پزیشکی دەروونی ئێستاش ئەو شەرمە ماوە؟

لە ئێستادا ئەو شەرمە تا رادەیەکی زۆر شکاوە، خەڵك بە شێوەیەکی کراوەتر ئەو بابەتە دەبینێت و ئامادەیە بۆ وەرگرتنی چارەسەر، بەڵام هێشتا خەڵکێکی زۆر هەیە کە پێى شەرمە یاخود زانیاری نییە لەسەر رەنگە شێوازى ترى بۆ بدۆزێتەوە یاخود پەنابردنە بەر هەندێ سرووتی ئاینی بێت، بەمشێوەیە لەوانەیە بەدوای چارەسەر بگەڕێن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین