ئەمەریکا پێشوازى لە کۆبوونەوەى تاڵیبان و ئەفغانستان دەکات لە تاران ئێران

نوچەنێت:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دەربڕینێکی نەرم، پێشوازی لە میوانداری تاران لە نوێنەرانی تاڵیبان و دەوڵەتی ئەفغانستان کردووە و گوتوویەتی، ئەو جۆرە کۆبوونەوانە دەتوانن بۆ داهاتووی ئەفغانستان ئەرێنی بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، ند پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، گوتوویەتی: " پێویستە وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان رۆڵێکی ئیجابی بگێڕن، ئەوەی ئێران دەیەوێت لە رێگای ئەو کۆبوونەوە ئەنجامی بدات، دەکرێ ئەرێنی بێت، دەشبێت چاوەڕوان بین لە داهاتوودا ئەنجامەکەی ببینین". 

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوێنێ چوارشەممە، میوانداری نوێنەرانی تاڵیبان و چەند بەرپرسێکی حکوومەتی ئەفغانستانی کرد. 

زەریف "گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی نێوان لایەنە ئەفغانییەکانی" بە گونجاوترین رێگەچارەی جێگیرکردنی ئاشتی لە ئەفغانستان ناو برد. 

ند پرایس، وێڕای ئاماژەدان بە گفتوگۆی نێوان لایەنە ئەفغانییەکان لە دوحەی قەتەر و تاران، گوتوویەتی: "ئەوە هەمان ئەو شتەیە کە ئێمە بەردەوام دەربارەی دراوسێکانی ئەفغانستان و وڵاتانی ناوچە گوتوومانە. ئەوانیش پشکیان هەیە لە داهاتووی ئەفغانستان و پێویستە لە پێگەی خۆیان لە ئاراستەیەکی ئەرێنی و بۆ پشتیوانیکردن لە ئاشتی کەڵک وەربگرن". 

پرایس، دەربارەی پێکدادانەکانی ئەم دواییانە گوتوویەتی: "هەر لایەنێک بە گورزی چەک لە ئەفغانستان دەسەڵات بە دەستەوە بگرێت، رەوایی نابێت و پاڵپشتی ناکرێت. نە لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، نە لە لایەنی خەڵکی ئەفغانستانەوە". 

بە چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی ناتۆ لە ئەفغانستان، هێرشەکانی میلیشیاکانی تاڵیبان پەرەیان سەندووە و لە چەند هەفتەی رابردوودا، کۆنتڕۆڵی زیاتر لە ٨٠ والسوالى بە دەستەوە گرتووە. ئەفغانستان بە گشتی ٣٨٨ والسوالى هەیە. 

چوونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان بە تەواوەتی، دوای رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئیدارەی ترەمپ و تاڵیبان دەستی پێکرد. ئیدارەی جۆ بایدنیش پابەندی ئەو رێککەوتنە بووە. 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین