کابینەی نوێی ئیسرائیل پێداچوونەوە بە سیاسەتەکانی بەرامبەر ئێران دەکات ئێران

نوچەنێت:

نەفتالی بێنت، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بڕیارە پێش دیدارەکەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، کە بڕیارە بەم زووانە ئەنجام بدرێت، پێداچوونەوە بە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران بکات.

ڕۆژی چوارشەممە حەوتی تەمووزی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەردا" بڵاوی کردەوە، نەفتالی بێنت، دوو هەفتە پێش ئێستا داوای کردووە لە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر ئێران، پێداچوونەوە بکرێت. 

بێنت کە ساڵانێکی زۆر سەرۆکی حزبی توندڕۆی ڕاستگەرادا بووە و بە تایبەت ئەو کاتەی کە لە کابینەی بنیامین نەتانیاهۆ، وەزیری بەرگریی بوو هەڵوێستی زۆر توندی لە دژی ئێران دەردەبڕی، ئێستا داوای کردووە، پێش دیدارەکەی لەگەڵ جۆ بایدن، پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئیسرائیل بەرامبەر ئێران بگاتە ئەنجام، بۆ ئەوەی بتوانێ لەو دیدارەدا هەڵوێستی نوێ بنوێنێت و پشنیار بخاتە ڕوو. 

ڕادیۆ فەردا، بە گێڕانەوە لە ئاژانسی ئەکسیوس، لەو بارەوە نووسیویەتی، پێداچوونەوە بە سیاسەتی ئیسرائیلدا، بە واتای گۆڕانکاری بەرچاو لە هەڵوێستی ئێستای ئیسرائیل بەرامبەر ئێران نییە، بەڵام بێنت لەو بڕوایەدایە بە لەبەرچاوگرتنی دەسەڵاتگرتنی لە کابینەی نوێ لە ئیسرائیل و دەسەڵاتگرتنی ئیدارەی دیموکراتەکان لە واشنتن و بەردەوامبوونی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێویستە سیاسەتی وڵاتەکەی بگۆڕدرێ و نوێ بێتەوە. 

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، بە ئەکسیوسیان گوتووە، یەکێک لەو پرسانەی لە کابینەی نوێی ئیسرائیل، سەبارەت بە ئێران باس دەکرێ، ئەو ڕاستییەیە کە بە هۆی ئەو بنبەستەی لە گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکادا هاتووەتەئاراوە، بەرنامەی ئەتۆمی تاران خێراتر بووەتەوە، بۆیە سەرەڕای ئەو ڕەخنانەی ئیسرائیل لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی هەیەتی، ڕەنگە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێککەوتنە، لە ئاراستەی بەرژوەندییەکانی ئیسرائیلدا بێت. 

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کاردانەوەیەکی سەبارەت بەو ڕاپۆرتە نەبووە. 

پێشتر میدیاکانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندبوو، کابینەی نەفتالی بێنت ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی تری سەبارەت بە ئێران بەڕێوە بردووە و بەرپرسانی داودەزگای هەواڵگری و هێزە ئەمنییەکان، زانیاری زیاتریان لەو بارەوە ڕادەستی نەفتالی بێنت کردووە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین