شەش ملیۆن کەس لە ئێران بە هۆی کۆرۆناوە کارەکانیان لە دەست داوە ئێران

نوچەنێت:

بە هۆی پەتای کۆرۆناوە لە ئێران، نزیکەی شەش ملیۆن کەس کارەکانیان لە دەست داوە، لە کاتێکدا کەمتر لە دوو ملیۆن کەسیان بیمەی بێکارییان هەیە، جگە لەوە، کۆرۆنا زۆرێک لە کەسب و کاری تاک و خێزانەکانی تووشی قەیران کردووە، ئەوە لە کاتێکدایە کە نرخەکان رۆژ بە رۆژ بەرز دەبنەوە و خەڵک زیاتر تووشی کێشەی ئابووری دەبن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە هەشتی تەمووزی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئیندێپێندێنت" بڵاوی کردەوە، مانگی ئاداری ساڵی ٢٠٢٠، ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، قەیرانی کۆرۆنا دەبێتە هۆی بێکاربوونی ٢.٨ تا ٦.٤ ملیۆن کەس. ئەو ژمارەیە دەبێ زیاد بکرێت بەو رێژەی بێکارییە کە پێشتریش هەبووە. 

بە تێپەڕینی چەند مانگ دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان، واتە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، محەمەد شەریعەتمەداری، وەزیری هەروەزیی و کار و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی، رایگەیاند، بە هۆی کۆرۆنا یەک ملیۆن کەس کارەکانیان لە دەست داوە. 

لە لێدوانێکی هاوشێوەدا، عەلائەدین ئەزوجی، بەرپرسی نووسینگەی داڕشتنی سیاسەت و کار و پیشە سەر بە وەزارەتی کار، بە گەڕانەوە بۆ ئەو ئامارەی ناوەندی ئاماری ئێران بڵاوی کردۆتەوە، رایگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵدا، یەک ملیۆن کەس کارەکانیان لە دەست داوە. 

عەلی رەبیعی، گوتەبێژی حکوومەت، یەکێکی تر لە بەرپرسانی ئێران بوو کە سەبارەت بە ئاماری بێکاری لەو وڵاتە دوای پەتای کۆرۆنا، قسەی کرد. رەبیعی، مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠، گوتی، کۆرۆنا شەش ملیۆن هەلی کاری فەرمی و نافەرمیی لە وڵاتدا خستووەتە مەترسییەوە. 

ئێستا، حسێن ئەمیر گەنجە، بەرپرسی دابینکردنی کۆمەڵایەتی رۆژئاوای تاران، ئەو بابەتەی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە، شەش ملیۆن کەس لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا کارەکانیان لە دەست داوە. 

بە گوتەی ئەمیر گەنجە، زیاتر لە ٥٧٪ی کارگەکان و چالاکییە ئابوورییەکان رووبەڕووی کێشەی دابینکردنی کەرەستە سەرەتاییەکان بوونەتەوە و کۆرۆنا بووەتە هۆی ئەوەی ١٤ سێکتەری سەرەکی، و لەوانە گەشتوگوزار، وەرزش و گواستنەوە تووشی زیانی جددی بن. 

کۆرۆنا پەتایەکی جیهانییە و قەیرانی ئابووری سەرچاوەگرتوو لەو پەتایە، زیانی لە زۆربەی وڵاتانی جیهان داوە، بەڵام جیاوازی سەرەکی وڵاتانی تر لەگەڵ ئێران ئەوەیە، خەڵکی هەژار و چینی لاواز لە وڵاتانی تر، لە لایەن حکوومەتەوە پاڵپشتی دەکرێن، بەڵام لە ئێراندا، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس بێکار بوونە، لە کاتێکدا نەک هیچ یارمەتییەکیان نادرێ، بەڵکو بە هۆی گرانی و کێشە ئابوورییەکان، توانای کڕینیان رۆژ لە دوای رۆژ کەمتر دەبێتەوە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین