جگه‌له‌ یه‌ك به‌رپرس ته‌واوى ده‌سه‌ڵاتدرانى ئێران له‌ لیستى سزاكانن! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

دوای گۆڕانکارییەکان لە پۆستی سەرۆک کۆماریی و دەزگای دادی ئێران، لە دیاردەیەکی دەگمەن لە جیهاندا و بۆ یەکه‌مجار لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، هەموو بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کە پۆستە سەرەکییەکانیان بە دەستەوەیە، جگە یەک کەسیان، لە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکاندان. ئەو یەک کەسە کێیە و ئایا لێکەوتەکانی سزاکان نایگرێتەوە؟ ئەوانی تر بۆچی سزا دراون؟

ماڵپەڕی "ئێران ڤایەر" لە راپۆرتێکدا کە سێشەممە شه‌شی تەمووزی ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە، هەوڵی داوە وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە.
بە دەستپێکردنی قۆناغی سەرۆک کۆماریی "ئیبراهیم رەئیسی"، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران لە رۆژی پێنجی ئابی ٢٠٢١دا، جگە لە یەک کەس، هەموو بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی، و لەوانە رابەر، سەرۆک کۆمار، سەرۆکی دەزگای داد، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایان و سەرۆکی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکاندا دەبن. 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار، عەلی خامنەیی، رابەری کۆماری ئیسلامیی و بەیتەکەی، واتە ئەو رێکخراوە بەرفراوانە کە خامنەیی لە رێگەیەوە ئێران بەڕێوە دەبات، خستە لیستی سزاکان. ئەو سزایە، بە فەرمانی "دۆناڵد ترەمپ"، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا سه‌پێنرا و لەو رووەوە کە بەهێزترین کەسایەتی کۆماری ئیسلامیی کردە ئامانج، بێ وێنە بوو. هەروەها بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی کە ئەو سزایانە بە بێڕێزیکردن بە وڵاتەکەیان دەزانی، چاوەڕوانکراو نەبوو. 
عەلی خامنەیی لەو کاتەوە کە بووەتە رابەر، هەرگیز لە ئێران نەچووەتە دەرەوە و پێناچێت هەرگیز سەردانی ئەمریکایش بکات، بەڵام بەپێی فەرمانەکەی ترەمپ، ئەندامانی خێزانەکەیشی ناتوانن بچنە ناو خاکی ئەمریکاوە. 
"موجتەبا خامنەیی"، یەکێک لە کوڕەکانی رابەری ئێران، کە لە شانۆی سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا کەسایەتییەکی رازاوییە، بەهۆی سزاکانی سەر باوکی و بەیتی رابەری، وەک چەندین کەسایەتی سیاسیی و سەربازیی تر سزای خراوەتە سەر. موجتەبا خامنەیی، پێشتر چەندین گەشتی بۆ ئەوروپا و لەوانە بۆ وڵاتی بەریتانیا هەبووە، هەڵبەت ئەمریکا ئێستاش رێگری لێ ناکات، بەڵام ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە رەنگە لەمەبەدوا میوانداری لێ بکەن، بۆ پێدانی مۆڵەت وریاتر دەجووڵێنەوە. 

تەنیا قالیباف سەرۆکی پەرلەمان نەکەوتووەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا

 


ئیبراهیم رەئیسی، لە مانگەکانی سەرەتای سەرۆکایەتی خۆی لە دەزگای داد، کەوتە لیستی سزادانی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دیاری کردبوو. بەپێی ئەو سزایانە، نە رەئیسی و نە ئەندامانی خێزانەکەی، مۆڵەتیان پێ نادرێت سەردانی ئەمریکا بکەن و مافی ئەوەشیان پێنادرێ دارایی و حسێبی بانکییان لە ئەمریکادا هەبێ. 
بڕیاری سزادانی رەئیسی لە چلەمین ساڵیادی داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران و بەبارمتەگرتنی درێژخایەنی کارمەندانی ئەو باڵوێزخانە دەرکرا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سەرۆک کۆمارەکانی ئێران، لانیکەم لەم ١٥ ساڵەی دواییدا، زۆر تامەزرۆی رۆیشتن بۆ نیویۆرک و بەشداریکردن لە کۆڕبەندی گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون، رەئیسی بۆ دووپاتکردنەوەی ئەزموونی دوو سەرۆکی پێشووتر لە خۆی، کێشە و گرفتی زۆری دەبێت. 
سەرۆکی دەزگای داد کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە لایەن عەلی خامنەییەوە بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کرا، واتە "غۆڵامحسێن موحسینی ئێژەیی"یش نەک هەر لە ناو لیستی سزادانی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤی ئەمریکادایە، بەڵکو لە لیستی سزادانی مافەکانی مرۆڤی یەکێتی ئەوروپا و سزاکانی بەریتانیایشدایە. ئەوەی کە سەرۆکی دەزگای داد لە لیستی سزاکاندایە، ئەویش بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەرخەری کوێرەوەری دۆخی ئێستای ئێرانە و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سەنگ و پێگەی کەسایەتییە سزادراوەکە لە ناو هاوتایانی خۆی، بە تایبەت لە ناو وڵاتانی دراوسێدا. 
موحسینی ئێژەیی، جگە لە رێگریکردن لە گەشتکردن بۆ ئەمریکا، رێگای پێ نادرێ سەردانی وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیایش بکات. 
"ئەحمەد جەنەتی"، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی رابەری و سەرۆکی دامەزراوەی بەدەسەڵاتی ئەنجومەنی پاراستنی دەستووریش، لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، سزای خراوەتە سەر. جەنەتی لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٠، کەوتە لیستی سزاکان. نووسینگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە بیانییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند، هۆکاری سزادانی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایان و سەرۆکی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور، دەگەڕێتەوە بۆ رۆڵی ئەو لە رەتکردنەوەی بەرفراوانی کاندیدەکانی هەڵبژاردنەکان، لەوانە رەتکردنەوەی نزیکەی حەوت هەزار کاندیدی هەڵبژاردنەکانی خولی یازدهەمی پەرلەمانی ئێران. 
جەنەتی، سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی رابەرییە کە بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامیی، دەسەڵاتی وەلانان و دانانی رابەری هەیە و بڕیارە دوای مردنی عەلی خامنەیی، جێگرەوەکەی دیاری بکات. جەنەتی ئەو کاتەی کەوتە لیستی سزاکان، لە میانەی دیمانەیەکدا، وەک ئەوەی گاڵتە بەو سزاکان بکات، گوتبووی، "ئیتر ناتوانم بۆ کریسمەس سەردانی ئەمریکا بکەم". ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، بە هۆکار و لەژێر ناوی جۆراوجۆر، دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان.

ئه‌ندامانى حكومه‌تى ئێران
ناتوانن له‌ كۆبوونه‌وه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ئاماده‌ بن


بۆ نموونە، منداڵی "عەلی لاریجانی"، کە ئەنجومەنی پارێزەرانی دەستوور رەتی کردەوە و رێگای پێ نەدا لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییانەی سەرۆک کۆمارییدا خۆی کاندید بکات، دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە. ئەو کەسانە، ئەگەر باوک یان یەکێک لە ئەندامانی پلە یەکی خێزانەکانیان بکەونە لیستی سزاکانی ئەمریکا، مۆڵەتی گەشتکردن و مانەوە لە ئەمریکا لە دەست دەدەن. 
"سادق ئامۆلی لاریجانی"، سەرۆکی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیش، لە لایەن یەکێتی ئەوروپا، بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، بەهۆی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافی هاووڵاتیانی ئێران، سزا دراوە. هۆکاری سزادانی ئامۆلی لاریجانی، دەگەڕێتەوە بۆ کارنامەی ئەو کەسایەتییە لە سەردەمی سەرۆکایەتی دەزگای دادی ئێران، کە سەرۆکایەتییەکەی هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠٠٩. 
ئامۆلی لاریجانی، سەرەتا لە ساڵی ٢٠١١، لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە، بەهۆی پێشێلکردنی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ سزا درا، دوای چەند ساڵ، کەوتە لیستی سزاکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایش. دوای ئەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا چووە دەرەوە، سزاکانی سەر سادق لاریجانی بەپێی یاسای ناوخۆیی ئەو وڵاتە، جێبەجێ کران. 
لە سەردەمی سەرۆکایەتی لاریجانی لە دەزگای داد، ئاماری لەسێدارەدانی منداڵان بەرز بووەوە، لە چەندین نموونەی جیاجیادا زیندانییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردندا بە شێوەی گوماناوی گیانیان لە دەست دا، بۆ نموونە، ئەو خۆپیشاندەرانەی لە زیندانی "کەهریزەک" مابوونەوە، زۆربەیان لە شوێنێکدا زیندانی کران کە تووشی نەخۆشی بن. هەندێ لەو دەستبەسەرکراوانە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا. 
لە ئێستادا، لەناو هەموو بەرپرسە باڵاکاندا، تەنیا "محەمەد باقر قالیباف"، سەرۆکی پەرلەمان، نەکەوتووەتە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا، گەرچی قالیباف سەرلەشکەری سوپای پاسداران و فەرماندەی پێشووتری هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامییە و هەردوو ئەو دامەزراوانە لەژێر گەمارۆی یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیادان. جگە لەوە، هێزی پۆلیسی ئێران، کەوتووەتە لیستی پێشێلکارانی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە، بۆیە ئەویش گەمارۆی لەسەرە. 
سوپای پاسدارانی ئێران لە دۆخێکی ئاڵۆزتردا، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، وەک دامەزراوەیەکی تیرۆریستی ناسرا. گەرچی رەنگە فەرماندە و کاربەدەستانی باڵای هێزی پۆلیس و سوپای پاسداران، هەموویان لە لیستی سزاکانی ئەمریکادا نەبن، بەڵام هەر ئەوەی کە ئەو دوو دامەزراوە سزا دراون، سەرۆک و فەرماندەکانیان، تەنانەت کاربەدەستانی پلەخوارتریشیان، دەکەونە ژێر کاریگەری ئەو سزایانە. 

زۆرێك له‌ منداڵانى به‌رپرسانى ئێران
له‌ ئه‌مریكا ده‌ژین


بەو پێیە، ئەگەری ئەوەی کە محەمەد باقر قالیباف، وەک سەرۆکانی خولی پێشووی پەرلەمان، بتوانێت سەردانی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا بکات، ئێجگار کەمە. 
بەڵام جگە لە هەموو سزاکانی ئەروپا و ئەمریکا لە دژی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، دۆناڵد ترەمپ، لە مانگی تەشرینی یەکەمی ٢٠١٩، لە فەرمانێکی کەم وێنەدا، مۆڵەتی بە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە دا، رێگری بکات لە هاتنەناوەوەی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی و ئەندامانی پلە یەکی بنەماڵەیان (باوک، دایک، هاوسەر، منداڵ، بووک، زاوا، برا، خوشک، زڕ خۆشک و زڕ برا) بۆ ناو خاکی ئەمریکا، چ بە مەبەستی گەشتکردن بێت یاخود بۆ مانەوە. 
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی منداڵانی زۆرێک لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی، دانیشتووی ئەمریکان و هۆگری ژیان لەو وڵاتەن، خزم و کەسوکاری رابەری ئێران، سەرۆکانی سێ دەسەڵاتی سەرەکی و سەرۆکانی ئەنجومەنی شارەزایان و ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی، ئەو ئیمتیاز و دەرفەتەیان لە دەست داوە. 
بە فەرمانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ئەرکی جێبەجێکردنی ئەو سزایانە و دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە ئەو سزایانە دەیانگریتەوە، کەوتووەتە ئەستۆی وەزارەتی دەرەوە و داوای لەو وەزارەتە کردووە، ئەو کەسانە دیاری بکات و بیانخاتە لیستی سزاکان. بۆیە، تەنانەت کەسانێک وەک قالیباف کە بەرپرسی باڵای کۆماری ئیسلامیی بە هەژمار دێن و خۆیان سزایان لەسەر نییە، بە کردەوە لە هەلومەرجێکدا کە کۆماری ئیسلامیی بە گشتیی سزای لەسەرە، لە زیانەکانی سزاکان دەرباز نابن. 
ئەو دۆخەی ئێستای دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی، کە هەموو رابەران و بەرپرسانی باڵا و سەرۆکانی سێ دەسەڵاتە سەرەکییەکەی بە شێوازێک سزا دراون یاخود وەک سەرۆکی پەرلەمان دەرگیری لێکەوتەکانی سزاکانن، کۆماری ئیسلامیی لەناو هەموو وڵاتاندا جیا کردووەتەوە و وەک نموونەیەکی دەگمەن سەیر دەکرێ.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین