تەقینەوەیەک لە شاری تاران روویدا ئێران

نوچەنێت:

چەند وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بوونەتەوە و دەرخەری ئەوەن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە ١٠ی تەمووزی ٢٠٢١)، تەقینەوەیەکی گەورە لە شاری تاران رووی داوە. هێشتا دیارە نییە هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە، هەندێ دەڵێن شتێکی نەناسراو تەقیوەتەوە و دەستەیەکی تر دەڵێن هیچ شوێنەوارێک لە تەقینەوە، لەبەر دەستدا نییە.

لەو بارەوە، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردەوە، لە بەرەبەیانى ئەمڕۆ (شەممە)، دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە خەڵکی تارانی راچڵەکاند. دەگوترێت تەقینەوەکە لە پارکی میللەت یان دەورووبەری ئەو پارکە رووی داوە. هەندێ لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش باسیان لە تەقینەوەیەک لە رۆژئاوای تاران کردووە. 

چەند راپۆرتێکی بڵاوکراوە لە لایەن میدیاکانی ناوخۆی ئێرانەوە، دەرخەری ئەوەن دەنگی تەقینەوەکە لە گەڕەکەکانی تری تارانیش بیستراوە. 

ماڵپەڕی "تجارت نیوز" بە گێڕانەوە لە حەمید گودەرزی، یاریدەدەری کاروباری ئاسایشی پارێزگاری تاران گوتی، تەقینەوەکە لە پارکی میللەت رووی داوە، "بەڵام هیچ شوێنەوارێکی ئاگرکەوتنەوە بوونی نییە و شتێکی نەناسراو تەقیوەتەوە". 

هەواڵی ئەو تەقینەوە گەورە لە لایەن چەند بەکارهێنەرێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو کرایەوە. دوای ئەوە، ماڵپەڕی هەواڵنێری "جمهوری ئیسلامی" هەواڵەکەی بڵاوکردەوە. 

تۆڕی میدیایی "شەبەکە خەبەر" لە یەکەمین راپۆرتی خۆی دەربارەی ئەو تەقینەوە رایگەیاندبوو، "ئەو رووداوە پەیوەندی بە ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانەیەکی دەوروبەری پارک میللەتەوە" بووە. 

ئەو هەواڵە لە لایەن بەرپرسانی ترەوە رەت کرایەوە و گوترا، گڕگرتنی ئەو باڵەخانەیە، هیچ پەیوەندییەکی بە دەنگی تەقینەوەکەوە نەبووە. 

گودەرزی، کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە)، گوتی: "من لە شوێنی رووداوەکەم. تەنیا تەقینەوەیەک لە ناو پارکەکە رووی داوە".

گودەرزی لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەو تەقینەوە تیرۆریستی بووە یان نا، گوتی، " سەرقاڵی لیکۆڵینەوە دەربارەی رووداوەکەین و دوای دڵنیابوونەوە، زانیارییەکان رایگدەگەیێنین". 

ئەوە لە کاتێکدایە کە "تجارت نیوز"، بە گێڕانەوە لەو رۆژنامەنووسانەی لە شوێن رووداوەکە بوون، نووسیویەتی، لەو شوێنەدا "هیچ شوێنەواریک لە ئاگرکەوتنەوە بوونی نییە". 

دوای ئەوە، کەناڵی "شەبەکە خەبەر" رایگەیاند، پێدەچێت شتێکی نەناسراو لە پارکی ملەت تەقیبێتەوە و بە خۆشحاڵییەوە هیچ زیانێکی لێنەکەوتووەتەوە". 

لە لایەکی ترەوە، تجارەت نیوز، دەربارەی شوێنی رووداوەکەیش نووسیویەتی: "هەندێ لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتوویانە، ئەو دەنگە ترسناکە لە رۆژئاوای تاران بیستراوە، بەڵام کەناڵی شەبەکە خەبەر رایگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەکە لە باکووری تارانیش بیستراوە".

هێشتا بە وردی دیار نییە تەقینەوەکە لە رۆژئاوای تاران رووی داوە یان لە باکووری ئەو شارە، هەروەها دیار نییە تەقینەوەکە لە باڵەخانەیەکدا بووە یان لە پارکی ملەت. 

ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردووەتەوە، پۆلیسی تاران لە راگەیێدراوێکدا، گوتوویەتی، رووداوەکەی پارکی ملەت، "بەبەتێکی گرنگ" نییە. 

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین