په‌رله‌مانى عێراق داواى دانانى بودجه‌ى ته‌واوكاریى ده‌كات کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئه‌ندامێكى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى ده‌كات، هه‌وڵێك له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌ر له‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بكرێت، حكومه‌ت پابه‌ند بكرێت و بودجه‌ى ته‌واوكاریى هه‌بێت.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ى ته‌مووز محه‌مه‌د شه‌به‌كى ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراق باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌هۆى زێده‌ داهاتى نه‌وته‌وه‌، ده‌بێت حكومه‌تى عێراق كار بۆ دانانى بودجه‌ى ته‌واوكاريى ئه‌مساڵ بكات.

شه‌به‌كى له‌ لێدوانه‌كه‌ى ده‌ڵێ، "له‌ یاساى بودجه‌ى عێراق نرخى به‌رمیلێك نه‌وت به‌ 45 دۆلار خه‌ملێندراوه‌، كه‌چى ئێستا به‌ 70 دۆلاره‌" بۆیه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت حكومه‌ت به‌و زێده‌ داهاته‌وه‌ بودجه‌ى ته‌واوكاريى دابنێت و به‌ زووترین كات بودجه‌كه‌یش به‌ر له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌م كه‌ هه‌ڵبژاردنى تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.

پێشتر جه‌مال كۆچه‌ر په‌رله‌مانتارى كورد و ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت به‌ دوورى زانى عێراق بتوانێ بودجه‌ى ته‌واوكاريى دابنێت، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ى بۆ كرد هێشتا عێراق زێده‌ داهاتى نه‌وتى نییه‌ و جگه‌له‌مه‌یش قه‌رزێكى زۆرى له‌سه‌ره‌ ده‌بێت قه‌رزه‌كان بداته‌وه‌.
په‌رله‌مانى عێراق له‌ 31ى ئادارى رابردوو دواى مشتومڕێكى زۆر، توانى بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2021 په‌سه‌ند بكات.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین