سایبەریەکان هێرشێکى نوێى ئەلیکترۆنى دەکەنە سەر ئێران ئێران

نوچەنێت:

رۆژێک دوای هاککردنی ماڵپەڕی کۆمپانیای هێڵی ئاسنین، ماڵپەڕی وەزارەتی رێگا و بانی ئێرانیش هاک کرا.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، میدیاکانی ئێران بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانیان لە وەزارەتی رێگا و بانی ئەو وڵاتە نووسیویانە، زۆرێک لە چالاکییەکانی ئەو وەزارەتە راوەستاوە. ماڵپەڕی هەوالنێری "مێهر"یش باسی لەوە کردووە کە ماڵپەڕی چەند داودەزگای حکوومی بۆ ماوەیەک، تووشی کێشە بوون. 

هاوکات محەمەد جەواد ئازەری جەهرۆمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاری ئێران، دەربارەی "جوڵەی نوێی هێرشەبەرانی سایبەری" هۆشداری داوە. 

ناسنامە و ئامانجی ئەو کەسانەی ماڵپەڕی کۆمپانیای هێڵی ئاسنین و وەزارەتی رێگا و بانیان کردووەتە ئامانج دیار نییە. ساڵی رابردوویش وەزارەتی رێگا و بان لە لایەن هێرشبەرانەوە کرابووە ئامانج. 

رۆژی هەینی، دوای هاککردنی ماڵپەڕی کۆمپانیای هێڵی ئاسنین، چەند راپۆرتێک سەبارەت بە "ئاڵۆزی بێ وێنە" لە تۆڕی رێگای ئاسنین بڵاو بوونەوە. بەڵام کۆمپانیای رێگای ئاسنین ئەو راپۆرتانەی رەت کردەوە و رایگەیاند، بەرنامە و کاتژمێری جوڵەی شەمەندەفەرەکان و گەشتەکان نەگۆڕدراوە و چالاکییەکانی کۆمپانیاکە بەپێی بەرنامەی پێشوو بەردەوامە. . 

هاککەرەکان دوای ئەوەی دزەیان کردووبووە ناو تۆڕی زانیاریی کۆمپانیای هێڵی ئاسنینی ئێران، بە دەستوەردان لە تابلۆی پیشاندانی کاتی جوڵە و بەڕێکەوتنی شەمەندەفەرەکان، وایان نواندبووکە گوایە کاتژمێری جوڵەی شەمەندەفەرەکان گۆڕدراوە و بۆ چەند کاتژمێرێک دوا کەوتووە. 

"ئیرنا"، ئاژانسی هەواڵی فەرمی حکوومەتی ئێران، لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ شەممە "کێشەیەک لە سیستەمی کۆمپیۆتەرەکانی کارمەندانی بنکەی وەزارەتی رێگا و بان هاتە ئاراوە و دوای ئەوە، ماڵپەڕی ئەو وەزارەتە و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکانیش تێک چوون"، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی رێگا و بانیش ئەو هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە. 

ئاژانسی هەواڵی "مێهر"یش بەبێ ئەوەی باسی وردەکارییەکان بکات دەڵێت، "چەند سەرچاوەیەک باس لە ئەگەری هێرشی سایبەری بۆ سەر ماڵپەڕی هەندێ لە داودەزگاکانی حکوومەت دەکەن". 

محەمەد جەواد جەهرۆمی، وەزیری پەیوەندییەکان و تەکنۆلۆژیای زانیاری ئێران، لە کەناڵی تلێگرامی خۆی، بابەتێکی هاوبەش کردووە و گوتوویەتی: "ئاگاداری جوڵەی نوێی هێرشبەران بۆ داڕشتنی هێرشە سایبەرییەکان هەین و لایەنی بەرپرسیارمان ئاگادار کردووەتەوە". 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین