سکرتێرى ناتۆ و وەزیرەى دەرەوى ئیسرائیل کۆبوونەوە ئێران

نوچەنێت:

پێش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا لە بڕۆکسل، یائیر لاپید، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لەگەڵ ینس ستولتنبرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆبوونەوە.

رۆژی دووشەممە ١٢ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "یورۆنیوز" بڵاوی کردەوە، تەوەری سەرەکی ئەو گفتوگۆیانە ئاسایشی سایبەری سیستەمی بەرگریی دژە مووشەکی بووە. هەروەها لاپید لەو دیدارەدا، جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ناتۆ کردەوە و گوتی، وڵاتەکەی ئامادەیە لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی هاوکار بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و لێکەوتەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا و ئاسایشی دەریاکان. 

ئیسرائیل ماوەی ٢٠ ساڵە وەک هاوبەشێکی سەرەکی ناتۆ، بە تایبەت بە هۆی چالاکییەکانی ئەو رێکخراوە لە دەریای سپی، دەناسرێتەوە. ناتۆ و ئیسرائیل لە چەندین بواری جیا جیا و لەوانە پەرەپێدان بە تەکنۆلۆژیای سەربازیی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی چەکە کۆمەڵکوژەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش هاوکاری دەکەن. 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە میانەی دیدارەکەی لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی لە چاودێریکردنی یەکێتی ئەورووپا و ناتۆ لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران کردەوە، و داوای لە یانس ستۆڵتنبێرگ کرد، چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سزاکانی سەر ئێران و پەیمانی قەدەغەکردنی پەرەپێدان بە چەکە ئەتۆمییەکان بکات. لەو دیدارەدا، دەربارەی بەرنامەی مووشەکی ئێرانیش باس و گفتوگۆ کراوە. 

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای ئەو دیدارە، لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و کۆماری چک، دیداری کرد. جوزێڤ بۆڕیڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپایش دوای کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، هیوای خواست کابینەی نوێی ئیسرائیل پەرە بە پەیوەندییەکانى بە  بڕۆکسل و تەلئەبیب بدات.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین