بە تۆمەتى هەوڵى ڕفاندن چەند هاووڵاتییەکى ئێرانى لە ئەمەریکا دادگایى دەکرێن ئێران

نوچەنێت:

دادگای ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا چوار کەس، و لەوانە "کارمەندێکی دەزگای هەواڵگریی ئێران"ی بە تۆمەتی پیلانگێڕی بۆ رفاندنی مەسیح عەلی نژاد، رۆژنامەنووسی ناسراو و رەخنەگری حکومەتی ئێران لە ئەمریکا، تۆمەتبار کردووە. ژنێکی ئێرانیش بە تۆمەتی هاوکاری لە داڕشتنی ئەو پیلانەدا لە کالیفۆرنیا دەستبەسەر کراوە و بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی تەمووزی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "بی بی سی" بڵاوی کردەوە، دەگوترێ ئەو پیلانە بەشێک بووە لە بەرنامەیەکی بەربڵاوتر بۆ رفاندنی سێ کەسی تری دانیشتووی کەنەدا و کەسێکى تر دانیشتووی بەریتانیا. 

لە نامەی داواکارییەکەی دادگادا، عەلیرەزا شاهواروقی فراهانی، مەحمود خازعین، کیا سادقی و ئومید نوری کە هاووڵاتیانی ئێرانن، وەک تۆمەتبار ناوبراوە. 

عەلیڕەزا فەراهانی، وەک کارمەندی دەزگای هەواڵگریی ئێران و سێ کەسەکەی تر وەک ئەندامانی تۆڕێکی سیخوڕی ئێران ناسێنراون.

لە راگەیێندراوەکەی دادگای نیویۆرکدا، لە مەسیح عەلی نژاد، رۆژنامەنووسی سەربەخۆ و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا، کە بۆ نموونە سەبارەت بە کوژاراوانی خۆپیشاندانەکانی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ لە ئێران راپۆرت ئامادە دەکات، ناو نەبراوە، بەڵام عەلی نژاد لە وەڵامی پرسیارێکی "بی بی سی"دا پشتڕاستی کردووەتەوە، ئامانجی ئەو پیلانە رفاندنی ئەو بووە. 

بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دادگای مەنهەتەنی نیویۆرک، هەروەها چەندین تۆمەت خراوەتە پاڵ "نیلوفەر بەهادۆری فەر" کە رۆژی یەکی شوبات، لە کالیفورنیا دەستبەسەر کراوە. 

هەرچەندە نیلوفەر بەهادۆری فەر، راستەوخۆ تۆمەتبار نەکراوە بە هەوڵدان بە مرۆڤڕفێنی، بەڵام لە نامەی داواکاری دادگادا ئاماژە کراوە، کە ئەویش پاڵپشتی ئەو پیلانەی کردووە. بەهادۆری فەر، تۆمەتبار کراوە بە پێدانی یارمەتی دارایی و ئاسانکاریی بۆ چەند کەسێک لە ئێران و لە ناو داودەزگاکانی ئەو وڵاتە، پێدانی یارمەتی دارایی بەو کەسانەی لەو پیلانەدا دەستیان هەبووە و سزاکانی ئەمریکا لە دژی ئێرانیان پێشێل کردوون. 

بەرپرسان دەڵێن، نیلوفەر بەهادۆری فەر، لە بەرانبەر ئەو تۆمەتەدا خۆی بە بێتاوان ناساندووە و بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە. 

مەسیح عەلی نژاد لە توێتێکدا، سوپاسی پۆلیسی فیدرالی ئەمریکای  (FBI) کردووە کە ئەو پلانی رفاندنەی پووچەڵ کردووەتەوە. 

لە راگەیێندراوەکەی دادگای مەنهتەنی نیویۆرکدا هاتووە: "فەراهانی کارمەندێکی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئێرانە و دانیشتووی ئێرانە. خازعین، سادقی و نوری کەسانی سەر بە داودەزگای هەواڵگری ئێرانن و ئەوانیش دانیشتووی ئێرانن". 

بەگوێرەی ئەو نامەی داواکارییەی دادگا، فەراهانی و ئەو تۆڕەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەودایە (لەوانە، خازعین، سادقی و نوری) لانیکەم لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠وە، بۆ رفاندنی مەسیح عەلی نژاد کە بە رەچەڵەک ئێرانییە، هەوڵیان داوە. 

ئادری ستراس، داواکاری گشتیی نیویۆرک گوتی: "بەو جۆرەی ئاماژە کراوە، ئەو چوار تۆمەتبارە، هاووڵاتییەکی بە رەچەڵەک ئێرانییان کە رەخنەگری کۆماری ئیسلامییە، خستووەتە ژێر چاودێری و بۆ رفاندن و گواستنەوەی بۆ ئێران پلانیان داڕشتبوو". 

ئەوان دەڵێن، حکومەتی ئێران هەوڵی دەدا، ئەو رۆژنامەنووسە رابکێشێ بۆ وڵاتێکی تر، بۆ ئەوەی بتوانێ دەستبەسەری بکات. 

فەراهانی و ئەو کەسانەی کاریان بۆ کردووە، لە کەسانێکی بە ئەزموونی دانیشتووی ئەمریکا بۆ چاودێریکردن و وێنەهەڵگرتنەوە لە مەسیح عەلی نژاد و ئەندامانی خێزانەکەی کەڵکیان وەرگرتووە. 

عەلی نژاد، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ "بی بی سی" گوتوویەتی، FBI، پێشتر ئەوی لەو مەترسییە ئاگادار کردبووەوە و بۆ ماوەیەک لە شوێنێکی نهێنی پارێزگاری لێ کردووە. 

بە گوتەی عەلی نژاد، گومانلێکراوان تەنانەت چەندین وێنەیان لە کاتێکدا لێ هەڵگرتووەتەوە کە سەرقاڵی ئاودان بە گوڵەکانی ناو مالی خۆی بووە. 

بەگوێرەی راگەێندراوەکەی دادگای مەنهەتەن، ئەو پیلانە بەشێک بووە لە بەرنامەیەکی بەربڵاوتر بۆ فریودان و گواستنەوەی سێ هاووڵاتی ئێرانی دانیشتووی کەنەدا و کەسێکی دانیشتووی بەریتانیا. ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە. 

گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گووتوویەتی: "حکومەتی ئێران درێژە بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و مافی هاووڵاتیانی ئێرانی، و لەوانە قەدەغەکردنی مافی کۆبوونەوە و خۆپیشاندانی هێمنانە، ئازادی رێکخستنەکان، ئازادی ئایین و باوەڕ و ئازادی رادەربڕین دەدات". 

هەروەها گوتی، ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئێرانەوە ئاشکرا دەکات و هەلوێست وەردەگرێت. 

مەسیح عەلی نژاد پێشتر گوتبووی، بەرپرسانی ئێران هەوڵیان دابوو بەرەو وڵاتی تورکیا رایبکێشن و لەوێوە بیڕفێنن. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین