سەربردەی دیوانی کولتوور
مامۆستا عه‌بدوڵا په‌شێو شاعیرى ناسراوى كورد، له‌ ئه‌كاونتى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك، ئه‌م نووسینه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌ دیوانه‌كانى خۆى ده‌كات كه‌ چۆن چاپ ده‌كرێنه‌وه‌، بۆ خوێنه‌رانى په‌شێو لێره‌دا نوچه‌نێت ده‌قى وتاره‌كه‌ وه‌ك خۆى بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

دیوانێکم نییە دێڕ بە دێڕی دەستدرێژیی نەکرابێتە سەر. پێشێلکردنی مافی دانەر و دەستکاریکردنی بەری ژیانی مرۆڤێک لایەکی خەمەکەی منن، لایەکەی دی ئەو هەموو پەیجۆر و دکتۆر و خوێندکار و دەنگبێژانەن، کە هێشتا ئەو کەچەدیوانانە وەکوو سەرچاوە بۆ خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە و گۆرانی بەکار دەهێنن، نەخاسمە شەقوشڕترینیان، کە "دیوانی دوکتور عەبدوڵڵا پەشێو" ە.

گەلۆ، دیوانێک تەنیا بەرگەکەی ١٥ هەڵە پتری تێدا بێ، دەبێ ناوەرۆکەکەی چ وێرانەیەک بێ؟

من قەت پێشناوی "دوکتور!" بۆ خۆم بەکار ناهێنم. هیچ دیوانێکم نییە ناوی "سەرەتانی براکوژی ١ و ٢ " بێ، هیچ بەرهەمێکیشم نییە ناوی "کۆمەڵەشیعر" بێ!

لە سەرەتای دووهەزارەکاندا چەند ڕوونکردنەوەیەکم نووسین، بەڵام بەری لێشاوەکەم پێ نەگیرا. دیوانی "دوکتور ...!"م بە چاوی خۆم، وەک کۆرپەڵەیەکی سەربڕاوی خۆم، لەسەر شەقامەکان دەبینی، کسپەی لە جەرگمەوە دەهێنا و هیچیشم پێ نەدەکرا.

لە ماوەیەکی کەمدا، ئەوەندەی من ئاگادار بم، سێ جار ژەهرەدیوان چاپ کرا. ئەوسا، کە هەڕەتی "یاسا سەروەرە!" بوو، لە سلێمانی و هەولێر دوو پارێزەری جوامێر خۆبەخشانە هەوڵیان دا لە ڕێگەی "یاسا!"وە شتێک بە شتێک بکەن، بەڵام هەوڵی ئەوانیش، وەک پێشوەخت پێشبینیم کردبوو، بێ ئەنجام بوو. دیوانی هەتککراو لەسەر جادان هەر بەرەکەتی تێ دەکەوت!

بۆچی ئێستا ئەمە دەنووسم؟ چونکە تا ئێستاش چاپەکانی ئەم ژەهرەدیوانە بۆ ژمارەیەکی زۆری خوێنەران و زانستکاران و دەنگبێژان تاکە سەرچاوەن، نەک هەر هێندە، بگرە لە هەندێک کتێبخانەی گشتیی هەندەرانیش دانراون.

نازانین کەی ئەستێرەمان ئاوا دەبێ، بۆیە، ئەم خەمە گەورەیەی خۆم دەکەمە خەمیژگەی ئێوەش، کە لە دواڕۆژدا "دیوانی دوکتور عەبدوڵڵا پەشێو" بە هی من نەزانن. ئەو دیوانە یەک پارچە ژەهرە، زمان و چێژ و ئاکار و زانست وێران دەکا.

لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا زۆرجار باجی ئازادی و بێمنەتی و سەرچڵیم داوە، بەڵام دانی پێدا دەنێم، کە چاپی ساختەی دیوانەکانم قورسترین باجی ژیانم بووە. شێواندن و بێزەوەرکردنی به‌ئه‌نقه‌ستی جگەرگۆشەکانم هه‌وڵی كوشتنمه‌، كوشتنێكی بێده‌نگ و هێدی.

پەشێوی خۆتان
١١/٧/٢٠٢١
پەیجۆر: پەیجۆ، پەیدۆز، پەیگەڕ، شۆپاژۆ، ئەوەی خەریکی لێکۆڵینەوە و تۆژینەوەیە لە کەسێک یا شتێک، بەرامبەر "باحپ"ی عەرەبی و "پژوهشگر"ی فارسییە.
دەنگبێژ: سترانبێژ، گۆرانیبێژ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین