فراكسیۆنى پارتى: كه‌سانى تریش ده‌توانن بۆ پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر خۆیان كاندید بكه‌ن

نوچه‌نێت

سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر رایگه‌یاند، كاندید سه‌ره‌كى ئه‌وان بۆ پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر ئومێد خۆشناوه‌. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ به‌ڕه‌چاوكردنى مه‌رجه‌ یاساییه‌كان كه‌سانى تریش له‌ سنوورى پارێزگاكه‌ ده‌توانن خۆیان بۆ پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر كاندید بكه‌ن.

كه‌نعان خه‌یلانى سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى خه‌ندان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، فراكسیۆنه‌كه‌یان بڕیارى داوه‌ كاندیدى سه‌ره‌كیان ئومێد خۆشناو بێت.

له‌ به‌شێكى ترى قسه‌كانیشى ده‌ڵێ، "ده‌رگاى خۆكاندیدكردن بۆ هه‌ر كه‌سێك له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر كراوه‌، كه‌ بیه‌وێ به‌ پێى مه‌رجه‌ یاساییه‌كان خۆى بۆ پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر كاندید بكات".

دواتر رایده‌گه‌ینێ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌فته‌ى داهاتوو به‌ فه‌رمى بوونى ئومێد خۆشناو به‌ پارێزگار یه‌كلایى بكرێته‌وه‌.

پۆستى پارێزگارى هه‌ولێر پشكى پارتییه‌ و به‌هۆى كۆچكردنى د.فرسه‌ت سۆفى پارێزگارى هه‌ولێر به‌ نه‌خۆشى كۆرۆنا، پارتى ئومێد خۆشناوى بۆ پۆسته‌كه‌ كاندید كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین