نرخی کیلۆیەک مریشک لە ئێران بۆ نزیکەی ٤٠ هەزار تمەن بەرزبووەوە ئابووری جیهان

نوچه‌نێت

بۆ چەندەمین جار لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا نرخی مریشک لە ئێران بەرز بووەوە و ئێستا نرخی کیلۆیەک مریشک بۆ نزیکەی ٤٠ هەزار تمەن بەرز بووەتەوە و هاووڵاتیانی ئێران ناچارن بۆ بەدەستهێنانی مریشک چەند کاتژمێر لە سەرەدا بوەستن.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢١ی تەمووزی ٢٠٢١، ماڵپەڕی هەواڵنێری "ئێندێپێندێنت" لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، مریشک یەکێکە لە مادە خۆراکییە سەرەکییەکان و ئەو خێزانانەی کە توانای کڕینی گۆشتی سووریان نییە، جێگرەوەیەکی گونجاوە، بەڵام لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، نرخی مریشکیش وەک هەموو کاڵاکانی تر لە ئێران چەندین جار بەرز بووەتەوە و تەنانەت مریشک لە بازاڕدا نەماوە. 
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و کانزاکان و وەزارەتی کشتوکاڵ، دوو وەزارەتی سەرەکین کە بەرپرسی رێکخستن بازاڕ و دابینکردنی مریشک بۆ هاووڵاتیانی ئێرانن. دابەشکردنی مریشکی بەستوو لە لایەن حکومەتەوە لە بازاڕەکاندا و دیاریکردنی نرخی مریشک، دوو رێگاچارەن کە ئەو دوو وەزارەتە بۆ رێکخستنی بازاڕی مریشک لەبەرچاویان دەگرن، بەڵام خەڵکی ئێران بە کردەوە لە بازاڕەکاندا مریشکیان بەو نرخەی کە لە لایەن حکومەتەوە دەستنیشان کراوە (کیلۆیەک ٢٥ هەزار) دەست ناکەوێت، بۆیە ناچارن لە بازاڕی رەشدا بە نرخی کیلۆیەک نزیکەی ٤٠ هەزار تمەن بیکڕن. 
خاوەنەکانی پەلەوەرخانەکان دەڵێن، رووبەڕووی چەندین کێشە، و لەوانە درەنگ گەیشتنی دانەوێڵە و خۆراکی مریشک، زیانەکانی پچڕانی ئاو و کارەبا و گرانبوونی تێچووی بەرهەمهێنان لە بەراورد لەگەڵ فرۆشتن بوونەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەوانە، حەبیب ئەسەدوڵا نەژاد، جێگری سەرۆکی ناوەندی پەلەوەرخانەکان و جملەفرۆشەکانی مریشک لە ئێران جەختی کردووەتەوە، بەرزبووەنەی ئەم دواییانەی نرخی مریشک لە ئێران، هیچ پەیوەندییەکی بە خاوەندارانی پەلەوەرخانەکانەوە نییە.  
ئەسەدوڵانەژاد، وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە خاوەندارانی پەلەوەرخانەکان، وەک پێشوو، مریشک بە نرخی دەستنیشانکراوی حکومەت رادەستی دووکانەکان دەکەن، گوتی: "بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕ، هیچ پەیوەندییەکی بە خاوەندارانی پەلەوەرخانەکانەوە نییە". 
بە گوتەی ئەسەدوڵا نەژاد، تەرخاننەکردنی دراو لە کاتی خۆیدا بۆ کڕینی خۆراکی مریشکەکان، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە بازاڕدا. 
هەروەها محەمەد عەلی کەمالی سەروستانی، راوێژکاری ئەنجومەنی سەراسەری خاوەندارانی پەلەوەرخانەکان و بەرهەمهێنەرانی مریشک لە ئێران، رایگەیاندووە، بەرزبوونەوەی خێرای پلەی گەرما بووەتە هۆی ئەوەی مریشکەکان بچووکتر بن و بەرزبوونەوەی رێژەی لەناوچوونی مریشکەکان بە هۆی پچڕانی کارەبا یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە بازاردا. 
دانانی نرخی کەم لە لایەن حکومەتەوە بە بێ لەبەرچاوگرتنی کێشەی خاوەندارانی پەلەوەرخانەکان و نەبوونی چاودێری بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی مریشکدا، دۆخێکی هێناوەتە ئاراوە کە مریشک بە نرخی دەستنیشانکراوی حکومەت  لە بازاڕەکاندا لە بەردەستدا نەبێت، بۆیە خەڵک ناچارن مریشک بە کیلۆی نزیکەی ٤٠ هەزرا تمەن بکڕن.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین