یه‌كێتى په‌رله‌مانتارانى كوردستان: فۆرمى پله‌باڵاكان په‌یوه‌ندى به‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ نییه‌ کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینیی ھەرێمی كوردستان ده‌ڵێ، "430 په‌رله‌مانتار فۆرمى پله‌باڵاكانیان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ چوارچێوه‌ى چاكسازى پێیاندراوه‌، سه‌رۆكى یه‌كێتى په‌رله‌مانتارانیش ده‌ڵێ، "فۆرمه‌كه‌ په‌یوه‌ندى به‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌وه‌ى ئه‌مه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ نازانێ بابه‌تى فۆرمه‌كه‌ چییه‌".

سه‌باح موخڵیس بەڕێوەبەری ئاماری خانەنشینی ھەرێمی كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمى پارتى دیموكراتى كوردستان ئاشكراى ده‌كات، له‌چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازى فۆرمى تایبه‌تى پله‌باڵاكان دابه‌ش كراوه‌، به‌ڵام تا ئێستا په‌رله‌مانتاران ئه‌و فۆرمه‌یان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌رى ئامار روونكردنه‌وه‌ى زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م فۆرمه‌ ده‌دات و ده‌ڵێ، " دیاریكردنی ئەو كەسانەی بە پلەباڵا خانەنشین بوونە، فۆرمێكمان دابەش كردووە تا بزانین كێ بە فیعلی پلەباڵا بووە و خانەنشین بووە و كێ كەموكوڕیی ھەیە و كێ نایاساییە، كە لە رێگەی ئەو فۆرمەوە ھەموو وردەكارییەكانمان بۆ ئاشكرا دەبێت".

دواتر سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێ، "لە ئێستادا لە پلەباڵاكان تەنیا ئەندام پەرلەمانەكان ماون چاكسازییان تێدا بكرێت، كە ژمارەیان ٤٣٠ ئەندامە و بڕیارە دوای جەژن دەست بە چاكسازی لە ناوی ئەوانیشدا بكرێت".

به‌ڕێوه‌به‌رى ئامارى خانه‌نشینى له‌ كوردستان ئاشكراى ده‌كات نزیكه‌ى هه‌زار فۆرم گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌وانه‌ى فۆرمه‌كانیان نه‌گه‌ڕاندووته‌وه‌ ده‌ڵێ، "پێویسته‌ تاوەكو دوای جەژن ئەوانیش بیگەڕێننەوە، ئەگەرنا رێكاریان بەرانبەر دەگرینەبەر وەكو راگرتنی مووچە تا فۆرمەكە دەگەڕێننەوە، چونكە پێویست بوو پێش جەژن فۆڕمەكە بگەڕێننەوە".

بۆ زانینى هۆكارى نه‌گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و فۆرمانه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ى ته‌مووز، "نوچه‌نێت" په‌یوه‌ندى به‌ نیعمه‌ت عه‌بدوڵا سه‌رۆكى یه‌كێتى په‌رله‌مانتاران كوردستان كرد و ئه‌و له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت ره‌تى كرده‌وه‌ ئه‌و فۆرمانه‌ په‌یوه‌ندى به‌ په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ هه‌بێت، نیعمه‌ت عه‌بدوڵا گوتى، "لە راستیدا ئەوە هیچ ئەسلوئەساسی نییە، ئەو کەسەی ئەوەی بڵاو کردۆتەوە خۆشی نەیزانیوە ئەو فۆرمە چییە و مەسەلە چییە، پلەباڵاکان بۆ خۆیان ئیستمارەیان نووسی بوو، بۆ وەزارەتی دارایی".

نیعمەت عەبدوڵا  زیاتر مه‌به‌سته‌كه‌ى روونكردنه‌وه‌ و گوتى، " باس کراوە کە ئەوانه‌ى ئەو فۆرمە پڕدەکەنەوە ، تەنیا بەرێوەبەری گشتی راوێژکار و بریكارى وەزیرن، پەرلەمانتاری لەگەڵ نەبوو، وەزیریشی لەگەڵ نەبوو، چونکە ئێمە پڕمان نەکردۆتەوە ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە ئەوانە پلەباڵاکانن، ئێمە تەنیا خزمەتەکانی خۆمان کۆکردۆتەوە وا لە پەرلەمانە، بۆیه‌ ئەو فۆرمە هیچ پەیوەندی بە پەرلەمانتارانەوە نییە".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین