حزبى شیوعى كوردستان هه‌ڵوێستى خۆى له‌سه‌ر هاوتا عێراقییه‌كه‌ى ده‌رده‌بڕێت کوردستانی

سیهام میران، تایبەت بە نوچەنێت

له‌ كاتێكدا حزبى شیوعى عێراق بڕیارى داوه‌ بایكۆتى هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق بكات، سكرتێرى حزبى شیوعى كوردستان ده‌ڵێ، "هه‌ڵوێستى ئێمه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن نه‌گۆڕاوه‌".

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24 ى ته‌مووز حزبى شیوعى عێراق كشانه‌وه‌ى خۆى له‌ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ى عێراق راگه‌یاند. سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى كشانه‌وه‌كه‌  حزبى شیوعى عێراق راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌، "له‌ سایه‌ى كه‌شێكى وه‌ها ئاڵۆزو و قووڕس به‌ ته‌نگژه‌ و مه‌ترسى، ده‌رفه‌تێك بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و سه‌ربه‌ستانه‌ نه‌ماوه‌ و ته‌نیا وه‌همێكه‌ كه‌ واقیعى كاره‌ساتى رۆژانه‌ و مه‌ینه‌تى تاڵى ملیۆنان ده‌ریده‌خات".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى حزبى شیوعى كوردستان له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ى حزبى شیوعى عێراق، د.کاوە مەحمود سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ نوچەنێت رایگەیاند، "ئێمە لایه‌نێکی جیاوازین، حزبی شیوعی کوردستان حزبێکە و حزبی شیوعی عێراق حزبێکی ترە، هەر لایەنێک بڕیاری خۆی هەیە. بڕیاری ئێمە تا ئێستا گۆڕانکاری بەسەر نەهاتووە، بڕیاری ئێمە ئەوەیە کاندیدێکی سەربەخۆ هەیە ئێمە پشگیریی ئەو کاندیدە سەربەخۆیە دەکەین. لە ناوچەی شێخان کاندیدێك هەیە بە ناوی حزبەوە خۆی هەڵبژاردووە".

به‌ بڕواى كاوه‌ مه‌حمود حزبى شیوعى خۆى ده‌زانێ به‌رژوه‌ندییه‌كه‌ى له‌چیدایه‌ و بۆیه‌ ئاماده‌ نییه‌ سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى حزبى شیوعى عێراق بدات و ته‌نیا ده‌ڵێ، "حزبی شیوعی عێراق تایبەتمەندی خۆی هەیە، خۆشی دەزانێت بەرژەوەندی خۆی لەچیدایە، لەبەر ئەوە ئازادن لە هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردن".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى سكرتێرى حزبى شیوعى كوردستان روونى كرده‌وه‌ پرس و راوێژیان له‌گه‌ڵ حزبى شیوعى عێراق هه‌یه‌، به‌ڵام هاوكات بۆچوونى جیاوازیشیان هه‌یه‌.

حزبى شیوعى عێراق له‌ ساڵى 1934 دامه‌زراوه‌ و به‌ كۆنترین حزبى عێراق داده‌نرێت، حزبى شیوعى كوردستان به‌شێك بوو له‌ حزبى شیوعى عێراق دواى راپه‌ڕینى كوردستان، ئاره‌زوومه‌ندانه‌ لێى جیابووه‌وه‌. له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوودا حزبى شیوعى عێراق توانى دوو كورسی له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ده‌ست بهێنێ، ئه‌مه‌یش له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانى سائیروونى شیعه‌ بوو، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ حزبى شیوعى رووبه‌ڕووى ره‌خنه‌یه‌كى زۆر بووه‌وه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى خۆى به‌ حزبێكى چه‌پى پێشكه‌وتنخواز ده‌زانێ، كه‌چى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌ شیعییه‌كان هاوپه‌یمانى كردووه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین