قوباد تاڵه‌بانى : كه‌متر له‌ 5% له‌ بودجه‌ى عێراق بۆ هه‌رێم ته‌رخان كراوه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى سه‌باحى عێراق باسى له‌وه‌ كردووه‌ به‌ رواڵه‌ت 12% بودجه‌ى عێراق بۆ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخان كراوه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌رجیه‌ سیادییه‌كانى لێ ده‌ربهێنرێت ئه‌وا له‌ 5% تێپه‌ڕناكات.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م رۆژنامه‌ى سه‌باحى عێراق دیمانه‌یه‌كى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و سه‌رۆكى شاندى هه‌رێمى كوردستانى له‌ به‌غدا بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و باس له‌ كێشه‌كانى نێوان نێوان هه‌رێم و به‌غدا و چۆنیه‌تى به‌ڕێوه‌چوونى دانوستاندنه‌كان ده‌كات.

بۆ 50 ساڵ نه‌وتمان به‌ توركیا نه‌فرۆشتووه‌

قوباد تاڵه‌بانى له‌ دیمانه‌كه‌ دووپاتى ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، نا تێگه‌یشتنێك له‌ به‌غدا و ته‌واوى عێراق هه‌یه‌ گوایه‌ هه‌رێم به‌شێكى زۆر له‌ بودجه‌ ده‌بات، پێیوایه‌ ئه‌مه‌ به‌م شێوه‌یه‌ نییه‌ كه‌ باس ده‌كرێت.

قوباد تاڵه‌بانى ده‌ڵێ، "سته‌م و ناتێگه‌یشتن له‌ شه‌قامى عێراق سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ هه‌رێم هه‌یه‌، رێككه‌وتنێكى كۆن هه‌یه‌ كه‌ پشكى هه‌رێمى به‌ 17% دیاری كردووه‌، به‌ڵام ئێستا بووه‌ته‌ 12%. به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێین سه‌یرى ئه‌و پشكه‌ بكه‌ین له‌ چوارچێوه‌ى بودجه‌ى گشتى، كه‌ بودجه‌ى سیاسى و خه‌رجییه‌ سیادییه‌كانى لێده‌رده‌هێنرێت، دواتر سه‌یرى ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى پشكى هه‌رێم بكه‌ین ئه‌وا له‌ 5% بودجه‌ى گشتى تێپه‌ڕناكات. ئه‌گه‌ر ئه‌م رێژه‌یه‌ بۆ هه‌رێم بچێت و هۆكار بێت له‌ وێرانبوونى پارێزگاكانى باشوور و ئاوه‌داننه‌كردنه‌وه‌یان،  ئێمه‌ پابه‌ند ده‌بین و له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه‌ ده‌پرسین ئه‌ى رێژه‌ى 95% بۆ كوێ ده‌چێت؟"

له‌ به‌شێكى ترى دیمانه‌كه‌ باس له‌ بابه‌تى به‌ستنه‌وه‌ى سلێمانى راسته‌وخۆ به‌ به‌غدا ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌م بابه‌ته‌ له‌لایه‌ن كه‌سانێكه‌وه‌ له‌ چه‌ند پارێزگایه‌ك وروژێندراوه‌، من ده‌پرسم ئایا حكومه‌تى ناوه‌ندى ئاماده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ دارایى پارێزگایه‌كى هه‌رێمى كوردستان دابین بكات؟ بۆ نموونه‌ سلێمانى له‌ بودجه‌ى به‌كارخستنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌راننى یه‌ك مانگى ده‌گاته‌ زیاتر له‌ 400 ملیۆن دۆلار، ئایا حكومه‌تى فیدڕاڵى ئاماده‌یه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ دابین بكات؟. سلێمانى وه‌ك پێویست نه‌وتى نییه‌ و ته‌نیا 11% نه‌وتى به‌رهه‌مهێنراوى هه‌رێم پێكده‌هێنى. جا من پرسیاره‌كه‌م دووباره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ ئایا حكومه‌تى فیدڕاڵى و ده‌توانێ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌ك پارێزگا بكات؟"

قوباد تاڵه‌بانى: ئایا حكومه‌تى فیدڕاڵى ئاماده‌یه‌ به‌ ته‌نیا مامه‌ڵه‌ى دارایى له‌گه‌ڵ سلێمانى بكات

دواتر باس له‌ بابه‌تى فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ توركیا ده‌كات و ده‌ڵێ، "ئه‌م قسه‌یه‌ راست نییه‌ كه‌ ئێمه‌ نه‌وتمان بۆ 50 ساڵ به‌ توركیا فرۆستووه‌، به‌ڵكو كارى ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى عێراقى فیدڕاڵى له‌گه‌ڵ توركیا و نه‌وت به‌ خاكى توركیا بۆ بازاڕى جیهان ده‌گوازینه‌وه‌".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین