فوئاد مەعسوم: ئەگەر گوێ لە پێشنیارەکانى من بگیرایە ڕووبەڕووى ئەو ساتانە نەدەبوونەوە کوردستانی

نوچەنێت:

یەکێک لە دەستەى دامەزرێنەرانى یەکێتى، لەسەر کێشەکانى ناوخۆى یەکێتى ڕاگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە و پێیوایە ئەوەى ڕوودەدات دەرەنجامى کۆمەڵێک کێشەیە کە کۆنگرەى چوارەمیش نەیتوانى چارەسەرى بکات.

ئەمڕۆ ئێوارەى هەینى (6)ى ئابى (2021)، فوئاد مەعسوم، ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى یەکێتى، لە ڕاگەیێندراوەکەیەدا دەڵێت، "داواتان لێدەکەم ھەموان دور لە ھەر بەرژەوەندییەکی شەخسیی و دور لە ھەر لێکدانەوە و بیرکردنەوەیەکی دەستەیی و تەنهاو تەنها بۆ سودی یەکێتی و گەلەکەمان لەخەمی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بین."

 

دەقى ڕاگەیێندراوى د. فوئاد مەعسوم، ئەندامى دەستەى دامەزرێنەرى یەکێتى:

هەڤاڵانی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتیە تێکۆشەرەکەمان ...

بە نیگەرانیەکی زۆرەوە لای هەموومان ، چەند رۆژێکە (ی،ن،ک) رووبەڕوی بارودۆخێکی نائاسایی بوەتەوە کە هەموو دڵسۆزانی یەکێتی و جەماوەرە نەبەزەکەی ئازارداوە و وایکردوە ھەموان بەپەرۆشەوە چاوەڕێین بە رێگەیەکی ھێمنانە کۆتایی بەو گرژیانە بهێنرێت . 

من وەک ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەر و ئەندامی پێشوی سەرکردایەتیی و مەکتەبی سیاسیی (ی،ن،ک) لەهەموان زیاتر پەرۆشم بۆ ئەوەی حزبەکەمان رووبەڕوی ھیچ کێشەو ململانێ یەکی ناوخۆی وەھا نەبێتەوە کە زیان بگەیەنێت بە پێگەو سەنگەکەی کە قوربانی و خوێن و ماندوبونی زۆری بۆدراوەو هەروا نەهاتۆتە ئەو ئاستە کە جێگای ئومێدی هەموو کوردێکی دڵسۆزە .

هەموومان دەزانین ئەوەی ئێستا ڕوودەدات دەرەنجامی کۆمەڵێک کێشەیە کە کۆنگرەش بەداخەوە نەیتوانی چارەسەری بکات . 

چوارەمین کۆنگرەی گشتیی (ی،ن،ک) لە ھەلومەرجێکی نائاسایدا بەسترا وەک ناچارییەک و دەرباز بون لە ژێر گوشارو زروفێک کە قۆناغی دوای کۆچی دوایی جەنابی مام جەلال بوو کە شۆکێکی گەورەی حزبی لێکەوتبۆوە و بەوەش نەتوانرا خوێندنەوەیەکی واقعیانە بۆ ئەم قۆناغە بکرێ و ئەنجامەکەی بەو جۆرە نەبو کە ھەموان چاوەڕێی بوین . 

بەر لە کۆنگرە لەمیانەی کۆبونەوەکاندا پێشنیازم کرد جگە لە ھەڤاڵانی سەرکردایەتیی ، (50) ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی لەگەڵ بیست ھەڤاڵ و کادیریی گەنج وشارەزاو بە توانا لەئۆرگانەکانی تر کۆببنەوە تا زۆر بە وردیی بەرنامەیان دابڕشتایە بۆکۆنگرەیەکی دیراسە کراوی زانستیی حزبییانە کە هەموو ئەو ئاستەنگانەی لاببردایە لەرێی سەرکەوتنی کۆنگرە ، پێم وایە ئەگەر کاتی خۆی گوێ لەوراسپاردەیە یا پێشنیازە بگیرایە ئەواھەمو کێشەکانی ناو حزبیش چارەسەر نەکرانایە، زۆربەیان چارەسەر دەبون، جگە لەوەی چەند بیرۆکەیەکی تریشمان پێشکەش کرد کەبەسودی یەکێتی تەواو دەبوو ، رەنگەرووبەڕوی ئەم ساتەنەبوینایەتەوە. 

بۆیە ئێستا داواتان لێدەکەم ھەموان دور لە ھەر بەرژەوەندییەکی شەخسیی و دور لە ھەر لێکدانەوە و بیرکردنەوەیەکی دەستەیی و تەنهاو تەنها بۆ سودی یەکێتی و گەلەکەمان لەخەمی چارەسەرکردنی کێشەکاندا بین وە یەکێتیانەو بەسودوەرگرتن لەدونیا بینییەکانی سەرۆک مام جەلال تەنگژەکان بڕەوێنینەوەو هەنگاوی گەورە بهاوین بۆ تەواکردنی ئەوبەرنامانەی یەکێتی بۆ دامەزراوە. 

پێویستە ھەموان ئەوراستییەش بزانن لە درێژە کێشان وبەردەوامبونی ململانێ و ئاڵۆزیی نێوان ھەڤاڵانمان ھیچ کەس براوە و سەرکەوتو نییە بەڵکو ھەموان پێکەوە لەناو کەشتییەکەدا نغرۆ دەبین و ناتوانین وەڵامی خوێنی شەهیدەکانمان و کەسوکاریان بدەینەوە . 

دڵنیابن ھەمومان بە یەکێتییەکەمانەوەو پێکەوە جوانین ودەتوانین ھەمیشە جێی متمانە وشانازی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بین. 

بیرتان ئەهێنمەوە کە ھەروەک سەرۆک مام جەلالی مەزن ھەمیشە ئەیفەرمو سەروەریمان.... مانەوەمان.... ،گەشەکردنمان بەندە بەیەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە .

د.فوئاد مەعسوم

6ی ئابی 2021

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین