عێراق و هەرێم لە پرسی نەوت گەیشتنە تێگەیشتنی هاوبەش کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر تێگەیشتنی هاوبەش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكاتەوە، ئاماژەی بەوەش دەكات، "لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەردەوام دەبن بۆ چارەسەكردنی كێشە تەكنیكییەكان".

ئەمڕۆ دووشەممە نۆی ئابی (٢٠٢١) رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاوی كردووەتەوە، ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق لەمیانەی كۆبوونەوەی لەگەڵ كەمال ئەترووشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان،  رایگەیاندووە، “وەزارەتی نەوتی عێراقی  جەخت لەسەر شەفافیەت دەكاتەوە لە بەڕێوبردنی سامانی نەوت لە هەموو عێراق، هەروەها لە گفتوگۆكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەركردنی كێشە تەكنیکییەكان”. 
وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمیش، ئاماژەی بەوە دەکات، "داوای هەماهەنگی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە بۆ پەرەپێدانی کێڵگەكانی نەوت و گاز لە رێگەی پڕۆژەی هاوبەش، بۆ ئەوەی بتوانن باشتر سامانی نەوتی لە خزمەت بەرژەوەندی گشتی بەكاربهێنن".
لەبەشێكی تری لێدوانەكەی وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "ئێمە پێشوازی لە هەماهەنگی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئامادەشین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانمان بەگوێرەی دەستووری عێراقی، ئەوەش دەچێتە خزمەتكردنی گەلی عێراق لەباكورەوە تا باشوور".
لەكۆتایی لێدوانەكەی وەزیری سامانە سروشتیەكان ئاماژەی بەوە كرد، "لەو دیدارەدا بەدەمەوەهاتنێكی باشمان لە حكومەتی ناوەند بینی بۆ رێككەوتنێكی نوێ كە هەماهەنگی و گەشەپێدانی پیشەسازی نەوت و گازی لەخۆبگرێت، لە پێناو پاڵشتی ئابووری وڵات".
چەندین ساڵە حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، ناكۆكن لەسەر بەرێوبردنی كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا چارەسەری بنەڕەتی ئەو ناكۆكیانە نەكراوە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین