بەڕێوەبەری كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی: هەر كچێكی خوار 15 ساڵی كاری پێبكرێت خاوەن كارەكەی دادگایی دەكرێت هەواڵ

تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

وێرای ئەوەی یاسا كارپێكردنی منداڵانی خوار تەمەن 15 ساڵی قەدەغە كردووە، كەچی ژمارەیەكی زۆر كچان لە خوار ئەو تەمەنەوە لە سەنتەرەكانی جوانكاریی كار دەكەن. بەڕێوەبەری گشتی کار ودەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیش دەڵێ‌، "هەر كەسێك سەرپێچی بكات رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە".

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بە "نوچەنێت" دراوە، ژمارەیەكی زۆر لە كچانی خوار تەمەن 15 ساڵ لە ئارایشگە و سەنتەرەكانی جوانكاریی كار دەكەن. هەرچەندە ئەوان "تایبەتبوونی شوێنەكە بە ئافرەتان" دەكەنە بەڵگەیەك بۆ سەلامەتی كاركردنیان لەو شوێنانە، بەڵام ئەوەی جێگەی پرسیارە ئەوەیە ئەو شوێنانە چۆن لەلایەن دامەزراوە پیوەندیدارەكانەوە چاودێریی دەكرێن؟
عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نوچەنێت دەڵێت، "سەبارەت بە ئیشکردنی منداڵ پێویستە فەرمانگەی چاودێری کۆمەڵایەتی چاودێریی ئەوە بکات، چونکە پەیوەستە بە منداڵانی سەرجادە ئەوانەی لە قوتابخانە دەردەچن لەبەر هەژاری ناچاردەکرێن ئیش بکەن. هەروەها سەبارەت بە یاسای کار، کە ئێمە پەیڕەوی دەکەین هیچ منداڵێک نابێت ئیشی پێ بکرێت لە خوار تەمەنی پازدە ساڵیەوە". 
بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی روونی دەكاتەوە، هەرچەندە رێگە بە كاركردنی هەرزەكارانی نێوان 15- 18 ساڵی دەدرێت، بەڵام ئەوەشیان مەرجدارە.  عارف حیتۆ بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە لێدوانەكەی بۆ نوچەنێت گوتی،  "کارکردنی منداڵان لە تەمەنی 15 ساڵ بۆ  18 ساڵ مەرجدارە بەوەی کە ئیشێک بکات بەگوێرەی توانای منداڵەکە بێت، نابێت هەموو جۆرە ئیشێک بکات لیژنەکانی ئێمە هەر کاتێک بچن ببینن منداڵێک لە خوار هەژدە ساڵی کارێكی قوڕسی پێدەکرێت لەو کاتەدا خاوەن کارەکە دەبێ بدرێتە دادگا، چونکە سەرپێچی یاساى کردووە، بەڵام چاودێرییکردن و پێشکەشکردنی هاوکاری ئەوە لیژنەکانی چاودێری گشتی کۆمەڵایەتی ئەو ئیشە دەکەن و لەهەر پارێزگایەکیش بەرێوەبەرایەتەکی گشتی هەیە".
لەكۆتایی لێدوانەكەی عارف حیتۆ باسی كاركردنی كچانی  تەمەن خوار 15 ساڵی كرد و گوتی،  "ئەگەر کچێک ئیش بکات تەمەنی لە پازدە ساڵ کەمتر بێت بێگومان رێگەی نادەین و قەدەغەیە ئێمە بەندێکی یاسایمان هەیە بۆ ئەو جۆرە منداڵانە کە نابێت منداڵ لە خوار تەمەنی پازدە ساڵ کار بکات".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین