کۆمەڵە چیرۆکی کولتوور

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

له‌ كاتێكدا له‌ بوارى ئه‌ده‌بى كوردى ده‌ركردنى كۆمه‌ڵه‌ چیرۆك زۆر كه‌مبووەته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ى حه‌فتاكان و هه‌شته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو، كه‌ چیرۆك خوێنه‌رێكى به‌ربڵاوى هه‌بوو. له‌م كاته‌دا كوردۆ شابان كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكێكى به‌ناوى "نه‌ ده‌ستى پێ كرد و نه‌ ته‌واو ده‌بێ" بڵاوكردووه‌ته‌وه‌. له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى نوچه‌نێت كوردۆ شابان باس له‌ كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكه‌كه‌ى ده‌كات و رۆشنایى ده‌خاته‌ سه‌ر ته‌كنیك و شێوازى چیرۆكه‌كانى.

كۆردۆ شابان: هه‌ندێك نووسه‌ر پێش ئەوەی بە پلیکانەی چیرۆکدا سەربکەون دەست بۆ نووسینی ڕۆمان دەبەن

 

وەک دەزانین لەو ساڵانەی دواییدا، لە ئەدەبی کوردی زۆر کەم بایەخ بە کورتە چیرۆک یان دەرکردنی کۆمەڵە چیرۆک دەدرێت، هۆکار چییە تۆ گه‌ڕایته‌وه‌ سه‌رى؟

ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، بایەخی زۆر بە ڕۆمان، وای کردووە بایەخی چیرۆک و کورتەچیرۆک کەم بکاتەوە. خۆی ژینگە دروستەکە ئەوەیە، هەموو شێوەکانی هونەری گێڕانەوە جێی بایەخ بن، چونکە هیچیان بایەخەکەی لەوی دی کەمتر نییە. لە چیرۆک و کورتە چیرۆکدا، ئەگەرچی فرەپەیامیش هەبێت، دەبێت لەڕێی یەک ئاڕاستەوە بگەیەنرێت، ئەمەش چەندە بۆ خوێنەر، خوێندنه‌وەی ئاسانە، بۆ نووسەر گرانە، چونکە دەبێت پابەندی کورتبڕی و ڕوونی بێت. بەکارهێنانی تەکنیکەکانی گێڕانەوە لە چیرۆکێکی 700 وشەییدا، گرانترە لە بەکارهێنانی ئەو تەکنیکانە لە ڕۆمانێکی 200 لاپەڕەیدا. ئەمە وای کردووە، نووسەرانی ئێستە، پێش ئەوەی بە پلیکانەی چیرۆکدا سەربکەون، یەكسەر دەست بۆ نووسینی ڕۆمان دەبەن.

بەرێزت چەند کتێبێکت بڵاوکردۆتەوە لە بواری ڕەخنەی ئاینی و ڕێنووس و خوێندنەوە، ئایا ئەمە یەکەم ئەزموونی ئەدەبیتە، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئەو ئەزموونە دووبارە ببێتەوە؟

كۆردۆ شابان: یاداشته‌ چیرۆك ئازاییه‌تى زۆرى ده‌وێ

 

کۆمەڵە چیرۆکی "نە دەستی پێ کرد نە تەواو دەبێت" یەکەم ئەزموونی چاپکراوی منە لە بواری گێڕانەوەدا، بەڵام ڕێک سەرەتای چەند بەرهەمێکی دیکەیە کە کاری زۆرم تێدا کردوون و لە داهاتوودا بڵاو دەبنەوە. ئەوان قووڵترن و فراوانترن. ویستم لەپێشدا بەم کۆمەڵەچیرۆکە بێمەوە ناو خوێنەر کە لەوانی دیکە زمانەکەی ئاسانتر و ڕەوانترە و خێرا خوێنەر تێی دەگات، تا ئەو پلەبەندییەی پێشتر باسم کرد، نەپەڕێنم و وردە وردە خوێنەرانم بۆ بابەتی قووڵ ڕابکێشم. من وەک خوێنەرێکی ڕژدی هونەری گێڕانەوە کە زیاتر لە پازدە ساڵە تێیدا قووڵ بوومەتەوە، پێم باش بوو ئیدی خۆیشم وەک نووسەر لەو بوارە ئەسپی خۆم تاو بدەم.

بابەتی کۆمەڵە چیرۆکەکان چییە؟ ئایا کۆمەڵایەتییە، یاخود تێڕامانە؟

ناوەڕۆکی چیرۆکەکان، کۆمەڵایەتی و نەتەوەیین، هەمووشیان هەر لەژێر تێڕاماندا جێیان دەبێتەوە، ئاخر لە ئەدەبدا خەیاڵ زاڵە، بەڵام لە زۆربەیاندا جۆرە تەکنیکێکم بەکار هێناوە کە ڕەنگە سەر لە خوێنەری سەرەتایی بشێوێنم و وا هەست بکات کە ئەمانە یاداشتن. یاداشتە چیرۆک کە گێڕەرەوە (وەگێڕ) کەسی یەکەمی تاک بێت، ئازایەتییەکی زۆری دەوێ، زۆربەی نووسەران ئەو ئازایەتییە بە هۆشیارییەوە بەکاردەهێنن، من بە ڕەهایی و بێ سڵەمینەوە بەکارم هێناوە.

کورد ئەزموونی زۆری هەیە لە نووسینى چیرۆک نموونە وەک شێرزاد حسن عەبدوڵا سەڕاج، مستەفا ساڵح کەریم، بەڕێزت چۆن هەوڵتداوە شێوازی نووسین و چیرۆکی تۆ جیاواز بێت؟

هەر لەبەر ئەوەی دەزانین ڕستە دروست بکەین و ڕێنووس و خاڵبەندیمان ڕاست بێت، نابینە نووسەر، ئەوەی دەمانکاتە نووسەر، شێوازە. هەر نووسەرێک ستایلێکی تایبەتیی خۆی نەبێت، بابەتەکانی دەبنە سواو و دووبارە. پێم وایە خەریکە ڕێچکەیەک بە خۆم دابنێم کە ئیدی خوێنەران بەبێ ئەوەی ناوم لەسەر بابەتێکم هەبێت، بیناسنەوە. ئەمە ئەزموونێکی درێژی نووسین دروستی دەکات. خۆم بە نووسەرێکی جواننووس دەزانم، بە بەڵگەی ئەوەی کتێبەکانم دەخوێنرێنەوە و لە پڕفرۆشترینەکانن، کەواتە توانیومە بە زمانێکی ڕەوان و شیرین بنووسم کە سەری خوێنەر نەیەشێنم. من بڕوام بە ستایلی کۆد و ئاڵۆز نییە. پێم وایە دەبێت هێندە ڕەوان بنووسین، وەک ئاوی ڕوون، خوێنەر لە یەکەم قومی وشەکانمان، تێراو نەبێت تا دەگاتە دوایین وشە.

ئێمە دەزانین نووسینی چیرۆک کۆمەڵێک ڕەگەزی تەقلیدی هەیە وەک شێوازەکانی گێڕانەوە و کات و شوێن و فلاش باک، ئایا هەوڵتداوە پابەند بیت بەم ڕەگەزە تەقلیدیانەوە؟

ڕاستە ئەدەب پشت بە خۆڕسکی و بەهرە دەبەستێت
بەڵام ناتوانین تەکنیکەکان فەرامۆش بکەین

ڕاستە ئەدەب پشت بە خۆڕسکی و بەهرە دەبەستێت، بەڵام ناتوانین تەکنیکەکان فەرامۆش بکەین. من بڕوام بە ڕیالیزمی کلاسیکە و چێژ لەو جۆرە بەرهەمانە دەکەم کە بەو شێوەیە نووسراون، هەر بۆیە هەوڵم داوە خۆیشم وا بینووسم، بەڵام ئەوەندەشی بگونجێ، لە بابەتی بایەخدان بە وێنە، شێوازی مۆدێرنم فەرامۆش نەکردووە.

کتێبەکەی بەڕێزت چەند لاپەڕەیە؟
کۆمەڵە چیرۆکی " نەدەستی پێ کرد، نەتەواو دەبێ"لە پێشەکییەک و هەژدە چیرۆک پێکهاتووە، ١٥٦ لاپەڕەی قەبارە مامناوەندە.

کێ بە چاپی گەیاندووە؟

ئەم کتێبەم لەسەر ئەرکی خۆم چاپ کردووە، بۆ من گرنگییەکەی لەوەدایە کە خوێنەری خۆم ڕابهێنم بۆ ئەوەی بزانن لەم ژانرەش دەتوانم بنووسم، پێش ئەوەی بەرهەمەکەی داهاتوومیان پێشکەش بکەم، کە زۆر قووڵترە و تەواوی تەکنیکییەکانی گێڕانەوەی تێدا بەکار هاتووە.

خاوەنی چەند کتێبی جگە لەم کتێبە؟

ئەمە شەشەم کتێبمە کە بڵاوم کردبێتەوە، ئێستا سێ بەرهەمی دیکەم هەیە کە ئامادەی چاپن، بەڵام بۆ دەرفەتێکی گونجاو دەگەڕێم بڵاوی بکەمەوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین