توانای سەربازیی چین و رووسیا بەرانبەر ئەمریکا چۆنە؟ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سوپای هەردوو گەورە زلهێزی رووسیا و چین لە نۆی ئەم مانگەوە دەستیان بە مانۆرێکی سەربازیی هاوبەش کردووە لەژێر ناوی "کارلێککردن" و بڕیارە تاوەکوو ١٣ی ئەم مانگە بەردەوام بێت بە بەشداریی ١٠ هەزار سەرباز و چەندین یەکەی شەڕکەر لە هەردوو وڵاتەوە.

مانۆرەکە لەسەر خاکی چین و بە بەشداری 10 هەزار سەرباز و چەندین فڕۆکەی سەربازی و تۆپهاوێژ و زرێپۆش بەڕێوە دەچێت.

ئامانجی مەشقەکان چییە؟

ئامانجی مەشقەکان بریتیە لە پەرەپێدانی پەیوەندیی هاوبەشێتیی هەمەلایەن و کارلێککردنی ستراتیجی لەنێوان هەردوو وڵاتی رووسیا و چین، تێیدا پێکهێنانی دەستەی فەرماندەیی هاوبەشی سەربازی بەرجەستە دەکرێت بۆ سەرپەرشتیی پرۆسەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن و پرۆسەکانی وەرگرتنی زانیاری و پێکدادان لەگەڵ دوژمن، ئەوە جگە لە ئاساییشی زانیاری لەنێوان هەردوو سوپا.

ئایا هاوپەیمانێتییەکی بەرگریی لەنێوان رووسیا و چین هەیە؟

رووسیا و چین بە فەرمی باسیان لەوە نەکردووە کە هاوپەیمانێتییەکی بەرگرییان لەنێواندا هەبێت، بەڵام شرۆڤەکارانی سەربازی بڕوایان وایە هێزە سەربازییەکانی هەردوو وڵات دەتوانن سیستمی پەیوەندیی ئەلیکترۆنی لەنێوانیان پەرەپێبدەن، هەروەک دەتوانن چوارچێوەی فەرماندەیی هاوبەش لەنێوانیان پێکبهێنن.

هێزی سەربازیی سوپای رووسیا و چین چەندە؟

سوپای رووسیا و چین پلەی دووەم و سێهەمیان وەرگرتووە لە ریزبەندی ١٤٠ سوپای جیهان لەرووی هێزەوە. هەردوو سوپا حەوت هەزار و ٤٠٤ فڕۆکەی جەنگییان هەیە، لەگەڵ ١٦ هەزار و ٢٠٥ تانک، هەروەها ٦٠ هەزار و ٣٨ زرێپۆشیان هەیە.

هەردوو وڵات نۆ هەزار و ٨٨٣ تۆپهاوێژی ئۆتۆماتیکییان هەیە، لەگەڵ هەشت هەزار و ٦٥ تۆپهاوێژی مەیدانی. هەردوو سوپاکە هەروەها شەش هەزار و ٥١٠ مووشەکهاوێژیان هەیە، کە مۆدێلی جۆر بە جۆرن و دەتوانرێت وەها بەکاربهێنرێن زۆرترین زیان لە هێزی زەمینی و پێگەکانی دوژمن بدەن.

هەردوو سوپا هەروەها هێزێکی زەبەلاحی دەریاییان هەیە کە لە هەزار و ٣٨٠ یەکە پێکهاتوون، کە ٧٧٧ یان هی چینن، چین بەوە ناسراوە زەبەلاحترین گه‌له‌كه‌شتى دەریایی هەیە لەسەر ئاستی جیهان.

توانای سەربازیی ئەمریکا چەندە؟

سوپای ئەمریکا یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان لەڕووی هێزەوە و ئەگەر بە تاک بەراورد بکەین ئەوە لە سوپای هەریەکە لە چین و رووسیا بەهێزترە.

سوپای ئەمریکا ١٣ هەزار و ٢٣٣ فڕۆکەی سەربازیی هەیە کە لە جۆری هێرشبەر، مووشەکهاوێژ، کۆنترۆڵی ئاسمانی، بەرهەڵگری ئاسمانی، هێلیکۆپتەر، مەشقکەر و چەندین جۆری دیکەن.

ویلایەتە یەکگرتووەکان شەش هەزار و ١٠٠ تانک و هەروەها ٣٩ هەزار و ٢٥٣ زرێپۆشی هەیە. سوپای ئەمریکا هەروەها هەزار و ٤٦٥ تۆپهاوێژی ئۆتۆماتیکی و ٧٤٠ تۆپهاوێژی مەیدانیی هەیە، لەگەڵ هەزار و ٣٦٦ مووشەکهاوێژ.

ویلایەتە یەکگرتووەکان گه‌له‌كه‌شتییه‌كى دەریایی زەبەلاحیشی هەیە کە لە ٤٩٠ پێکهاتووە، لەناویاندا 10 کەشتی فڕۆکە هەڵگر و 10 ژێردەریایی ناووکی و کلاسیکی هەن، لەگەڵ چەندین کەشتی هێرشبەر و کەشتیی مووشەکهاویشتن.

سه‌رچاوه‌: سپۆتنیك

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین