ئەفگانستان... مەیدانێک پڕ لە کانزا و پردێک بۆ هەناردەکردنی وزەی ئاسیای ناوەڕاست شیکاری ئابوری

نوچەنێت

جەنگە بەردەوامەکانی ئەفگانستان لە نیوان سەدەی بیست و بیست و یەکەمدا، لە چوارچێوەی دووهۆکاری سەرەکی دەخوڵێنەوە، یەکەمیان دەوڵەمەندی ئەفگانستان بە کانزاییە گرانبەهایەکان و هەروەها گرنگی پێگەو جوگرافیای کابول بۆ تێپەربوونی شادەمارەکانی گواستنەوەی وزەی ئاسیای ناوەراست بۆ بازارەکانی ئەورووپا، بەڵام جودایی ڕووداوەکانی ئێستا بەراورد بە سەدەی رابردوو، خاوەنداریەتی وڵاتی چینە بۆ کۆمپانیای جێبەجێکاری یاسایی پرۆژەی تابی.

دوای رووداوەکانی ئەفگانستان و دووبارە گرتنەوەی کابول لە لایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە، دەزگای نوچە ڕاپۆرتێکی نیورک تایمز لە 2010 بڵاو کردەوە  و ناوەرۆکی راپۆرتەکە و گرنگی پێگە و جوگرافیای ئەفگانستان لە کانزا گرانبەهاکان خستەڕوو، هۆکاری گرنگیدانی ناوەندە توێژینەوەکانی جیهانی بۆ پێگەو جیۆپۆلەتیکی ئەفگانستان لەم کاتەدا دوو هۆکاری سەرەکیە، یەکەمیان: گرنگی و دەوڵەمەندی ئەفگانستان بە کانزاییە گرانبەهایەکان( یوارنیۆم، مس، لیسیۆم، کۆبالت…هتد)، هەرچی هۆکاری دووەمە خۆبەندە بە گرنگی پێگەی جوگرافیای ئەفگانستان بۆ گواستنەوەی وزەی دەوڵەمەندی  ئاسیای ناوەڕاست و دەریای قەزوین بۆ بازارەکانی جیهانی، دراوسێی ئەفگانستان لە هیندستان و چین و پاکستان وڕووسیا و تورکیا، پێگە جوگرافیایەکەی بۆ بازاری وزە و کانزاییەکان  بەهێزتر کردووە.

کانزا گرانبەهایەکانی ئەفگانستان

وڵاتی ئەفگانستان خاوەن 5 کانزای گرانبەهایە وکە لە ئێستادا ئەو کانزایانە بە کانزاییە سەرەکییەکانی سیاسەتی سفر کاربۆنی و پاراستنی ژینگە و گۆرانەکانی کەشوهەوا دادەنرێن، بە مانایەکی تر، وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا و ئەورووپا بە تایبەتی  لە پلانیاندایە تا ساڵی 2050 دەستەبرداری بەرهەمهێنانی وزەی کاربۆنی(نەوت وگاز) ببن و لە بەرامبەردا وزەی جێگرەوە بەکار ببەن، لە پێکهاتە کیمیاییەکانی وزەی جێگرەوە ئەو کانزایانەی کە لە ئەفگانستان بوونیان هەیە، ئاسانکاری بۆ ئەو وڵاتانە دروست دەکات کە کۆنترۆلی پێگەو ناوچە دەوڵەمەندەکانی ئەو کانزایانە دەکات و زووتر پێرەوی سیاسەتی سف کاربۆنی دەکات.

لە ڕووپێوێکی جیۆلۆجی ئەمریکی لە 2020ــدا، وڵاتی ئەفگانستان خاوەن 60 ملیۆن تۆن مس و 2.2 ملیار تۆن ئاسن و 1.4 ملیۆن تۆن کانزای گرانبەهایە، هاوکات لە 2010ــدا، پێگەی نیوروک تایمز  ڕاپۆرتێکی دەربارەی گرنگی ئەفگانستانی لە خاوەنداریەتی کانزای لیسیۆم بڵاو کردەوە و بە “سعوودیەی دووەم”ــی لە بەرهەمهێنانی کانزای لیسیۆمی  لە داهاتوودا ناوزەندی کرد.

 توخمی لیسیۆم بە مادەیەکی سەرەکی لە دروستکردن وبەکاربردنی پاتریە بەکارهێنراوەکانی ئوتومبێلی کارەبایی دادەنرێت، هەروەها وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی لە بەرهەمهێنانی وزەی جێگرەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام بەرهەمهێنانی ئەو توخمە لە ئەمریکا لە قۆناغەکانی سەرەتاییدایەوە، بڕیاردەرانی حکوومەتی واشنتۆنی لە نەبوونی ئەو مادە گرنگە هەراسان کردووە.

بەڵام لە بەرامبەردا، وڵاتی چین لە بەرهەمهێنانی ماددەکانی لیسیۆم و نیکل وکۆبالت و ئۆکسیدی مەنگەنیز، توانیویەتی کاریگەریەکی فرەڕەهەند لەسەر نرخی پاتریەکانی ئوتومبێلە کارەباییەکان دروست بکات، ئەمەیش بۆتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی ئەو جۆرە توخمانە لە 5 مانگی یەکەمی 2021ــدا..و گرنگی زیاتری پێگەی ئەفگانستان لە هاوکیشە ئابووریەکان بەهێز دەکات.

شادەمارەکانی وزەی ئاسیای ناوەڕاست و ئەفگانستان وەک پردێک بۆ گەیشتن بە ئەورووپا

شادەماری گواستنەوەی گازی تورکمانستان بۆ ئەفگانستان و پاکستان وهیندستان، کرۆک و چەقی ململانییەکانی ناوچەکەیە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو تا دووبارە گرتنەوەی دەستەڵاتی ئەفگانستان لە لایان هێزەکانی تاڵیبان لە 2021ــدا. لەسەرەتای واژووکردنی ئەو پڕۆژیە لە نیوان وڵاتاندا، دەستکرا بە دروستکردنی بەشطکی پرۆژەکە، بەڵام هۆکاری تەواو نەبوونی هەمیشە کێشەو جەنگەکانی ئەفگانستان بوون. هۆکاری گرنگی ئەو وڵاتە  پێویستی بە مێژووی جیۆسیاسەی ئابووری ناوجەکە هەیە لە نێوان زلهیزەکاندا.

گرنگی جیۆپۆلەتیکی ئەفگانستان

سەدەی بیستویەکەم، بە سەرەتایەکی نوێی ستراتیجیی وزە دادەنرێت. جیۆپۆلەتیکی وزە بە شێوەیەکی بنچینەیی، بریتی بوو لە جیۆپۆلەتیکی نەوت و وەک کاڵایەکی جیهانی، بازرگانی پێوەکرا، پاشان بەسەر مشتومڕی ئاسایشی وزەیشدا زاڵ بوو. هاوکات خواست لەسەر گازی سروشتی، بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەر ئاستی جیهان لە هەڵکشانی بەردەوامدایە و ئەم کاڵایە، لە ڕووی جۆرەوە زۆر باشە، لە ڕووی تێچووی بەرهەمهێنانیشەوە گونجاوە، بۆیە بووەتە سووتەمەنییەک، کە خواستی بەردەوامی لەسەر بێت، بەتایبەتی بۆ پاراستنی فاکتەرەکانی ژینگەپارێزی و لە ساڵی 2000ـیشدا، خواستی جیهانی، بۆ گازی سروشتی، بە ڕێژەی 10٪ بەرزبوونەوەی بە خۆیەوە بینی.

لە دەیەی 1990ـدا و دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست و دەریای قەزوین بە ئەلاسکای دووەم یان دەریای باکووری نەوت و گاز ناونان، بەڵام ئەمە تەنیا خواستە و ئەم خەونەی خۆرئاوایییەکان بەدی نایەت، تا دەریای قەزوین لە پەراوێزی یاسا ناودەوڵەتییەکانی سنوورە دەریایییەکاندا، لە دەریاچەوە نەبێت بە دەریا. هەر پێنج کۆمارەکەی سنووری ئەو دەریایە بە وڵاتی ژێر خاک ناسراون، ئەمەیش بە هۆی داخراویی سنووری ئەم وڵاتانەوەیە لە نێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ڕووسیادا، ئەم ئاڵۆزییە سنوورییەیش فاکتەری گەوهەرییە بۆ کێشە بەردەوامەکانی هەریەکە لە ئازەربایجان، ئێران، کازاخستان، ڕووسیا و تورکمانستان، بە هۆی مافی سنووری دەریاییی قەزوینەوە. ڕووسیا و ئێران ڕێگریی تەواویان لە بەکارهێنانی توانای وزەی ئەو دوو ناوچەیە و کۆمارەکانی تری ئاسیای ناوەڕاست کردوو.

ئەمریکا لە سەرەتای ساڵەکانی 1990ـدا، بە سوود وەرگرتن لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ڕۆڵی خۆی وەک تاکە زلهێز لەو ناوچانەدا بەهێز کرد. بە واتایەکی تر، توانی ڕووسیا لە باکوور گۆشەگیر بکات و لە باشووریش، هەڵوێستەکانی خۆیی لەبارەی پێوەندییەکانی لەگەڵ جیهانی ئیسلامیدا ئاسایی کردەوە و لە هەمان کاتدا، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە تەنگی بە چین هەڵچنی بوو، سەرەڕای پشتگیرییە بەردەوامەکانی، دەربارەی دابڕاندنی ڕووسیا لەو ناوچانەی کە لەژێر دەستیدا بوون.

ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ستراتیجی ئەمریکادا، پێگەی تایبەتیان پەیدا کرد و حوکوومەتی ئەمریکا لە ساڵی 1994ـدا، ستراتیجی نوێی خۆیی بە ئاسیای ناوەڕاستەوە لەژێر ناونیشانی (بەرژەوەندیی ستراتیجی) بۆ وڵاتە کەشتیگوزارەکانی سەر دەریای قەزوین ڕاگەیاند، کە بریتی بوو لە پشتیوانیی ڕاشکاوانەی لە وڵاتانی ناوچەکە، بۆ ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی زاڵ و باوی ڕووسیا، هەروەها ئامانجێکی تر بریتی بوو لە سوودوەرگرتن لە سەرچاوەکانی ناوچەکە و ڕێگەگرتن لە دەسەڵاتەکانی ئێرانی دوای ڕژێمی شا و ڕووسیای پاش یەکێتیی سۆڤیەت بەسەر تەواوی کۆمارەکانی ئەو هەرێمەدا.

لە ساڵی 1992ـدا، کۆڕبەندێکی پاراستنی ژینگە و زەوی لە گەرمبوون، لە ڕیۆ دێ جانیرۆی بەڕازیل بەسترا و لەو کۆنفرانسەدا، زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و گاز، بەتایبەتی ڕووسیا، ئێران و وڵاتانی ئاسیا بەشداربوون و سەرجەمیان، لەبارەی ئەوەوە کۆک بوون کە بۆ پاراستنی زەوی، پێویستە بەکارهێنانی وزە لە چوارچێوەیەکی جیهانیدا، بە شکڵە نایاسایییەکەی، کەمبکرێتەوە و جیهان لەبری ئەوە، زیاتر پشت بە گازی پاک (گازی سروشتی) ببەستێت، بۆ پاراستنی ژینگە. دوای ئەو کۆڕبەندە، کۆمپانیا ئەمریکایییەکان دەستیانکرد بەئامادەکردنی ڕێککەوتنێک، بۆ درێژکردنەوەی بۆرییەکی گازی سروشتی، لە تورکمانستانەوە، کە بەئەفگانستاندا تێدەپەڕی، بۆ پاکستان و هیندستان، هەروەها بۆ بڕینی ڕێڕەوی چین و ڕێگرتن لە قۆستنەوەی سامان و چنینەوەی بەرهەمەکانی ئاسیا.

هێڵی گواستنەوەی گازی تورکمانستان، پاکستان، ئەفگانستان و هیندستان (TAPI Pepline)

هێڵی گواستنەوەی گازی تورکمانستان بۆ هەریەکە لە پاکستان، ئەفگانستان و هیندستانی ناسراو بە (TAPI Pepline) لە ئازاری 1995ـدا، لە لایەن دوو کۆمپانیای بواری نەوتەوە، بە ناوەکانی (BRIDAS)ی ئەرژەنتینایی و (UNOCAL)ی ئەمریکایی، پرۆژەی لێکتێگەییشتنی بۆ واژۆکرا و ئەو پرۆژەیەی لە نێوان  تورکمانستان و پاکستاندا لێ بەرهەم هات. ئا لەو کاتەدا کە هێشتا هیچ مامەڵەیەک لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئەفگانستاندا واژۆنەکرابوو، لە تشرینی یەکەمی 1995ـدا، سەرۆک نیازۆڤ، سەرۆکی تورکمانستان، ڕێککەوتنێکی فەرمی لەگەڵ (UNOCAL)دا ئیمزا کرد، بەڵام لە شووباتی 1996ـدا، سەرۆک ڕەبان، سەرۆکی ئەفگانستان، ڕێککەوتنێکی جیاوازتری لەگەڵ (BRIDAS) بۆ بەشی سەرەکیی 875 میلی بە ناو ئەفگانستاندا، ئیمزا کرد.

سیاسەتی بن کلینتۆن، سەرۆکی ئەمریکای ئەوکاتە، خۆی لە پشتیوانیکردنی هێزە ئیسلامییەکانی ئەو ناوچانەدا دەبینییەوە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەفگانستان و لاوازیی سۆڤیەت لەو دەمەدا، دەرفەتێکی لەباریان بۆ ئەمریکا ڕەخساندبوو، تا کۆنترۆڵکردنی ناوچە دەوڵەمەندەکانی ئاسیای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕێگەی جەنگی بە وەکالەتەوە، بکات، ئەوەیش بە بەکارهێنانی گرووپە جیهادییەکانی هەرێمە موسڵمان-نشینەکان و تاوانبارکردنی بەشێک لەو وڵاتانە، بە هاوکاریکردنی گرووپە چەکدارەکان و دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی ناودەوڵەتی. هەموو ئەوانە بە فاکتەری سەرەکیی هێرشەکانی ئەمریکا، بۆسەر گرووپە توندڕۆکانی ئەفگانستان دادەنران، تا دەگاتە بیانووی چەکە کۆمەڵکوژەکانی عێراقی سەردەمی سەدام حوسێن.

پلانی ئەمریکا سەبارەت بە ئەفگانستان، لە ماوەی نێوان 1990 -2001، پشتیوانیکردنی دەسەڵاتی تاڵیبان و تێوەگلانی کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا و هاندانی ناڕاستەوخۆی پاکستان و سعودیە، وەک دووان لە کۆمەکبەخشانی تاڵیبان، لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە، جۆرە پلانێک بوو بە ئامانجی واژۆکردنی گرێبەستی هێڵە نەوتییەکەی لە نێوان سێ وڵاتەکەی باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا دادەڕێژرا. هاوکات سوود وەرگرتن لە هێزە سووننە مەزهەبە چەکدارەکانی وەک تاڵیبان، قازانجی زۆری بۆ ئەمریکا هەبوو، لەبارەی دژایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، لەناو وڵاتە دراوسێکانیدا، بەتایبەتی لە ئەفگانستان. 

لە لایەکی دیکەوە، ئێران لە ساڵی 1994ـدا، پێشنیازی بۆرییەکی گواستنەوەی گازی خستە بەردەم وڵاتی پاکستان، بۆ درێژکردنەوەی بۆرییەکی گازی ئێران بۆ پاکستان، بۆ ئەوەی پێویستییەکانی وزەی پاکستان دابین بکات و دواتر لە ڕێگەی ئەو بۆرییە گازەوە، وزە هەناردەی  هیندستان بکات. ئامانجی ئێران لەم کارە، جگە لە بابەتی وزە، خواستی گەییشتن بە چەکی ئەتۆمی، لەناو ئەو هەرێمە چڕانەی وزەی ئەتۆم بوو، هەروەها هێزی نەرمی ئێران چەکێکی تری ئایدۆلۆژیاییی ئەو وڵاتە شیعە-نشینە بوو، بۆ گەییشتن بە ئەو ناوچانەی کە وابەستەی بیروباوەڕی شیعەخوازیین. 

کێشان و تێپەڕبوونی بۆرییە هێڵەکە، ڕێگا بۆ چوونە ژوورەوەی ئێران وەک نێوانگیرێکی پاکستان و هیندستان خۆش دەکات، لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و سنوورییەکانی نێوانیان، بەڵام فشارەکانی ئەمریکا بۆ حوکوومەتی پاکستان، سەرۆک کۆماری پاکستانی ناچار کرد، کە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ حوکوومەتی تورکمانستان، لەبارەی پرۆژەی (TAPI)یەوە، قوبووڵ بکات.

ئەفگانستان لە نێوان دوو سەدەدا (1990 & 2021)

 تا کاتی نووسینی ئەم راپۆرتە ، دەزگای نوچە، هیچ بەلگەیەکەی فەرمی و بڵاوکراوەیی لە نێوان ئەمریکا و هێزەکانی تاڵیبان بۆ خاوەنداریەتی هێڵی تابی دەستنەکەوتووە، هەروەک چۆن هیچ بەلگەیکەیش بۆ کشانەوەی ئەمریکا  لەو هێلە نەکەوتونەتە بەر دەستی  دەستی هیچ میدیایەکی جیهانی و ناوخۆیی، بەڵام بە وردبوونەوە لە کێشەی کۆمپانیایەکان ئامانجە شاراوەکانی داهاتووی ئەو پرۆژەیەمان بۆ رووندەبیتەوە. 

لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا، کۆمپانیای (BRIDAS)ــی ئەرجەنتینی، لەگەڵ حکوومەتەکانی تورکمانستان و پاکساتن و هیندستان بۆ دەستپێکردنی ئەو هێڵە ڕێککەوتن، و بۆ ئەو حکوومەتانەش بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەمریکا ئاسان بوو، چونکە هیڵەکە ئێران و ڕووسیای لە وزەی بەشێکی ناوچەکە بێ بەش دەکرد، جگە لەوەی دەبووە ڕێگریکردنی ئێران لە ڕاکێشانی هەر هێڵی گواستنەوە بۆ پاکستان  وهیندستان، بەڵام مەرجی ئەمریکاییەکان کارکردنی کۆمپانیای (UNOCAL)ــی ئەمریکی بوو لەو پرۆژەیە.

وڵاتی تورکمانستان بە ئامانجی پاراستنی ئاسایشی ئەو هێڵە بە داواکارییەکەی ئەمریکا ڕازی بوو، ئەمەیش ناڕەزایی کۆمپانیایە ئەرجەنتینیەکەی لێکەوتەوە.بەڵام ئەوەی ئەمریکیەکان چاوەروانیان نەدەکرد، بەدەستهێنانی رەزامەندی حکوموەتی ئەفگانستان بوو لە لایان کۆمپانیای (BRIDAS)ــی ئەرجەنتینی، ئەمەیش خەونەکەی ئەمریکا و تورکمەنستانی پوچەڵکردەوە تا ئەو کاتەی تاڵیبان دەستەڵاتی کابولی گرتە دەست و ڕێککەوتنەکەی حکوومەتی ئەفگانستان و ئەرجەنتین سر کرا.

دوای ئەو رووداوە هێزەکانی تاڵیبان کە دەستەڵاداری ئەفگانستان بوون، سەردانی تەکساسیان کردوو  بڕیاریاندا بۆ دەستپێکردنەوەی هێڵی تابی، کار لەگەڵ کۆمپانیای (UNOCAL)ــی ئەمریکی بکەن و دووبارە کۆمپانیای (BRIDAS)ــی ئەرجەنتینی دوورخرایەوە.

بەڵام ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو، لە حوزەیرانی 2005ـدا، وڵاتی چین لە رێگەی کۆمپانیای سینۆپێکەوە، داوای کرینی پشکەکانی حەوتەم گەورەترین کۆمپانیای نەوت وگازی ئەمریکای  کرد، شرۆڤەکاران ئەو داواییەی چینیان بۆ بۆ وەرگرتنی مافی کارکردن لە پرۆژەی تابی لێکدایەوە بە تایبەت لە کارکردن لە ئەفگانستان.

دوای ئەو داواکارییەی چین، ناڕەزایەتیەکی توند لە گۆنگرێسی ئەمریکا و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بەرانبەر بەو بڕیارەی چین بڵاوبوویەوە و بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا ناوەزەند کرا، نارەزایەتیەکانی ئەمریکا بووە هۆی یەکگرتنەوەی کۆمپانییەکانی شیفرۆن و (UNOCAL)ــی ئەمریکی لە 10/6/2005. چین لە کرینی پشکەکانی ئەو پرۆژەی ئەفگانستان کشایەوەم بەلام ئەوەی ئەمریکای شۆک کرد، کرینی ٪50ــی پشکەکانی کۆمپانیای (BRIDAS)ــی ئەرجەنتینی لە 2010ــدا، ئێستا چین خاوەنی ئەو کۆمپانیاییە و لە هەمانکاتدا لە ساڵی 2007، چین ڕێککەوتنامەیەکەی ستراتیژی لەگەل ئەفگانستان بۆ دەرهێنانی کانزاییە گارانبەهایەکان واژووکردووە و دوای نزیکبوونەوەی چین و هێەکانی تاڵیبان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکتر هەروەها کۆبوونەوەی هێزەکانی تالیبان و رووسیا لە مانگی رابردوودا، ئەگەرەکانی دواین پێشهاتەکانی ئەو پڕۆژەیەیە ئەمریکا ئاڵزۆزتر کردووە. 

ئەوەی جێگەی سەرنجە، دوای دووبارە گرتنەوەی دەستەڵات لە لایان تاڵیبان و نزیک بوونەوەی چی و ڕووسیا و تاڵیبان و کشانەوەی ئەمریکا لەو ناوجەیە، هاوکیشەکان تەواو دەگۆڕێت، لەو بارەیەوە  پێگەی Jerusalem Post، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بە ولاتانی براوە لە ئەفگانستان دەکات و دەڵێت" هەریەکە لە وڵاتانی قەتەر و رووسیا، چین وپاکستان، تورکیا و ئێران براوەی یەکەمی رووداوەکانی کەوتنی کابولن".

بۆ شیکردنەوەی ئامنجی ئەو راپۆرتەی ولاتی ئیسرائیل، دەزگا نوچە لە رێکەوتی 9/3/2021 لە راپۆرتیکی شیکاریدا، یارییە شاراوەکی تورکیا و قەتەری لە پێناو هێڵە تازەکەی ئەمریکا لە ئاسیای ناوەراست شیکردەوە و میکانزم و ئەگەرەکانی بۆ هێڵی تابی بە وردی شرۆڤەکرد.

دوای خستنەرووی ئەو وردەکاریانە، پرسیاری سەرەکی دوای رووداوەکانی ئەفگانستان ئەوەیە، ئایا رووسیا ڕێگە بە فراوانبوونی هەژموونەکانی ئەمریکا لە ئاسیای ناوەراست دەدات؟ئایا کێ مافی خاوەنداریەتی یاسایی هێلی تابی هەیە؟ ئەمریکا یان چین؟

ئایا هاوشێوەی نەوت گاز، کانزایە گرانبەهایەکانی ئەفگانستان هۆکار دەبن لە بەردەوامی جەنگەکانی ناوچەکە؟

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین